پرۆژەی ستۆدیۆی کۆمیکس

هاوبەشی پێبکە

هونەرى کۆمیک مێژوویه‌کی کۆنی له‌ هەموو کولتووره مرۆییە‌کاندا هەیە. سەرەتا ئەم هونەرە له‌ناو لقەکانى شێوه‌کاریی و ئه‌ده‌بدا دروستبووە و هەوڵى داوە لە ڕێگای وێنەوە چیرۆک بگێڕێتەوە. کۆمیک وەک هونەرێکی سەربەخۆ لەناو کایەی کولتووردا، نزیکەی سه‌د ساڵێکە له‌ ئه‌مر‌یکا و ئه‌وروپادا جێی خۆی کردووەتەوە. لەم سەردەمەشماندا چەندین لقی لێ بووەتەوە؛ بۆ نموونە، هونەری کاریکاتێری ناو رۆژنامه‌کان، یان گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی فه‌نتازی وەک میکیماوس، سوپه‌رمان و هاوشێوەکانیان. لەلایه‌کی ترەوە کۆمیک‌ ڕۆڵی‌ چاودێرێک بەسەر پرس ‌و گرفته‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییەکاندا دەگێڕێت، که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ڕەخنە‌ئامێز ئه‌و کێشانه‌ دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

بە مەبەستى ناساندنى هونەرى کۆمیک بۆ یەکەم جار لە شارەکانى هەرێمی کوردستان و وڵاتى عێڕاقدا، هیوا فاونده‌یشن و ‘پایا ئه‌یجنسی‘ لە پڕۆژەیەکى هاوبەشدا، زنجیرەیەک ۆركشۆپیان بۆ گه‌نجان و منداڵان ڕێکخست و ماوەى ۆرکشۆپەکانیش لە هەفتەیەک کەمتر نەبوون.

ئامانجەکانى ۆرکشۆپەکە بریتى بوون لە په‌رەپێدانی کلتووری کۆمیک وەک به‌شێک‌ له‌ کلتووری گه‌نجان و بۆ ده‌ربڕینی ڕه‌خنه‌ سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان به‌ زمان و فۆرمێکی ناتوندوتیژ.

ئامانجێکی تری پڕۆەکە بریتیی بوو لە پەرەپێدانی کلتووری کۆمیک لەناو منداڵاندا وەک بابەتێکى پەروەردەیی بۆ یارمەتیدانی توانای گوزارشتکردن لە خود و توانای ئاڕاستەوەرگرتن بە ئامانجى پەروەردەبوونى تاکى ئازاد. لە ڕووى کردارییەوە ئامانجى ۆرکشۆپەکە پێگەیاندنى کادێر بوو له‌ بوارى کۆمیکدا بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و دەزگا میدیاییەکان.

کەسانى پسپۆڕ و شارەزاى ناوخۆیی و بیانى وەک مامۆستا و ڕێنماییکەر بەشدارییان لە فێرکارییەکانى ۆرکشۆپەکاندا کرد. فێرکارەکانیش بریتیبوون لە بەڕێزان (هۆرێن غریب، محەمەد فوئاد، سەنگەر ئەبوبەکر، كڵاودیۆ كالیا، پاتو پێرستو).

سەرەتای ۆرکشۆپەکە تەرخان کرا بۆ ناساندن و تێگەشتن لە هونەری کۆمیک، مێژووی هونەری کۆمیک، گرنگیی ئەم ڕاهێنانە فراوانکردنی وێناکردن و سەرنجدانی فێرخواز بوو لە ڕووداو و بابەتەکانی رۆژانە. هه‌ریه‌ك له‌ به‌شداربووانیش بەشێوەیەکى چالاکانە بەشدارییانکرد له‌ دروستكردن و چوونه‌ پێشی كورته‌ چیرۆكێكی كۆمیك، به‌ ده‌ستپێكردن به ‌تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی بچووكی  وێنەکێشان و چیرۆك گێڕانه‌وه‌.

 دوای تەواوبوونى ئەم زنجیره‌ ۆركشۆپانە له‌ شاره‌كانی سلێمانی، هه‌ولێر و به‌غداد، به‌ پێشانگه‌یه‌ك كۆتایی به‌ پڕۆژەکە هێنرا له‌ شاری بەغداد. ئینستیتوتی فه‌ڕه‌نسی بۆ کلتوور به‌ هاوكاریی باڵوێزی ئه‌ڵمانی پێشانگه‌یه‌كیان ڕێكخست بۆ نماییشكردنی هه‌ندێك له‌ كارەکانى به‌شداربووانی ۆركشۆپەکان كه‌ له‌ شاره‌ جیاجیاكانی عێڕاقه‌وه‌ به‌شدارییان كردبوو.