ئەلبوومى "زەینەب خان ــ کچە کورد”

هاوبەشی پێبکە

ئەلبوومى "زەینەب خان ــ کچە کورد”

هیوا فاوندەیشن، لە دەستپێشخەرییەکی بێپێشینەدا ئەرکى بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەى ئەلبوومی “زەینەب خان ــ کچە کورد”ى گرتە ئەستۆ و ڕایپەڕاند. زەینەب خان ساڵانێکی درێژ لە نێوەندی ئەدەبیی و هونەریی و سیاسیی و بزووتنەوەی ژنانی کوردییدا فیگەرێکی نەناسراو و فەرامۆشکراو بوو.

زەینەب خان، خوشکی گەورە و بەخێوکەری “دڵدار”ی شاعیرە، کە سروودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب)ی بۆ بەجێهێشتووین. ئەم خانمە لە نەورۆزی ١٩٠٠ لە شاری کۆیە لەدایکدەبێت، یەکەم کچی کورد دەبێت کە خانەوادەکەی دەیباتە بەغداد، بۆئەوەی لە قوتابخانەی ڕۆشدییە بخرێتە بەر خوێندن، بەم چەشنە زەینەب خان یەکەم ژنی کورد بووە کە لە قوتابخانەیەکی حکومییدا خوێندوویەتی و یەکەم ئەندامی مێیینەی هەردوو ڕێکخراوی سیاسیی ( داركەر و حزبی هیوا) بووە، یەکەم ژنەشاعیریش بووە کە شیعری بۆ ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، مافی ژنان و منداڵان بنووسێت و بڵاوبکاتەوە.

زەینەب خان، جگە لە زمانی کوردی، فێری عەرەبی، فارسی، تورکمانی و عیبریش بووە. بەرهەمە ئەدەبییەکانی لە گۆڤاری گەلاوێژدا لەژێر ناوی خوازراوی ”کچە کورد”  بڵاوکردووەتەوە. زەینەب خان چەندە داکۆکیکەری مافە نیشتیمانییەکانی کورد بووە، وەک میللەتێکی چەوساوە، ئەوەندەش داکۆیکەری یەکسانیی جێندەریی بووە بۆ ژنانی کورد، وەک ڕەگەزێکی چەوساوە. پاش دەیان ساڵ  لە نادیاریی، بە هەوڵ و کۆششی بەڕێز “عەبدوڵڵا زەنگنە” و بنەماڵەی بەڕێزی ئەم شاعیرە گەورەیە، بەرهەمەکانی کۆکرانەوە و ڕێکخران، لە ساڵی ٢٠١٨ لە دووتوێی کتێبێکدا بەناوی (ديوانی زەینەب خان – کچە کورد) بڵاوکرایەوە.

بەرهەمهێنانی ئەلبوومی “زەینەب خان ــ کچە کورد” لەلایەن هیوا فاوندەیشنەوە، هەوڵێکی گرنگ بوو بۆ زیندووکردنەوە و بەرزڕاگرتنی یەکێک لە دەنگە هەرە تایبەت و ناوازەکانی ئەدەبیاتی ژنی کورد. ئەم ئەلبوومە هەوڵێکە بۆ بەرزنرخاندنی توانا و خەباتی ژنان بۆ پرسە نیشتیمانیی و جێندەریی و کۆمەڵایەتییەکان، پێزانینە بە ڕۆڵ و داهێنانی ژنە شاعیرێکی گەورەی کورد، کە ساڵانێکی درێژ وەک سەربازێکی ون، بەناوێکی  خوازراوەوە، بەرهەمەکانی بڵاوکردووەتەوە.

بەڕێوەبردنی هونەریی پڕۆژەی ئەلبوومی (زەینەب خان ــ کچە کورد)، لەلایەن هونەرمەند (عەدنان کەریم)ەوە ئەنجامدرا. ئەلبومەکە لە ٩ تراک پێکهاتووە، کە سەرجەمیان هۆنراوەی زەینەب خانی خوشکە گەورەی “دڵدار”ی شاعیرن. ئاوازی ٧ هۆنراوەیان لەلایەن عەدنان کەریمی هونەرمەند و دوو ئاوازیشیان لەلایەن هونەرمەند چیا محەمەدەوە، دانراون. گۆرانییەکانیش لەلایەن ڕێناس وریا، کڵپە محەمەد، کەویار هەورامی، لاڤە واحید و چیا محەمەدەوە وتراون.