‘دواهەمین کچ’ تەنها گێڕانەوەى تراژیدیا و ئەزموونکردنى کۆمەڵکوژیی نییە لەلایەن تاکەکەسێکەوە، بەڵکو گێڕانەوەى مێژووى کۆمەڵەی ئێزیدییەکانە لە عێڕاقدا. مێژووی چەوساندنەوە و کوشتنی دەستەجەمعیی ئەم گروپە لەلایەن هێزە ئایینییە توندڕەوەکانەوە هێندەی مێژووی ناوچەکە دێرینە. (دواهەمین کچ) حیکایەتی کچە کوردێکی ئێزدیی خەڵکی (گوندی کۆجۆ)یە لە سنووری شاری شنگال. نادیا موراد یەکێک دەبێت لەو ٦٠٠٠ کچ و ژنە ئێزیدییانەی کە لە دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراقەوە، لە کۆتایی ٢٠١٤دا، ڕفێنران و زیندانییکران.
لە مڕۆشدا تراژیدیای نادیا موراد، وەک شایەتحاڵێک بۆ دڕندەیی داعش، وەک ڕزگاربوویەک لە دەستدرێژیی، وەک پەنابەر و وەک ئێزیدییەک، جیهانی ناچار کردووە گرنگی بە ئەزموونی کەمینەیەکی ئایینی لەگەڵ پرۆسەی کۆمەڵکوژییەکی بەردەوامدا بدات. دەنگى نادیا موراد بانگەوازێکە بۆ ڕێگرییکردن لە دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژیی، بەڵگەیەکە لەسەر ئیرادەی مرۆڤ بۆ مانەوە، نامەیەکی خۆشەویستییە بۆ وڵاتێکی ونبوو. سەدای نادیا وێناکردنی کۆمەڵگەیەکی هەڵوەشاو و خێزانێکە کە بەهۆی جەنگ و کۆمەڵکوژییەوە لەیەکتر ترازان و دابڕان.
نادیا موراد دامەزرێنەری ڕێکخراوی (ئینیسیاتیڤی نادیا)یە، کە ڕێکخراوێکی تایبەتە بە یارمەتیدانی ژنان و منداڵانی قوربانیی جینۆساید و توندوتیژیی و بازرگانییکردنە بە مرۆڤ. نادیا موراد، لە ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێدەبەخشرێت.
هیوا فاوندەیشن بە پێویستی زانی بەشەوەیەکی رەسمی موڵەتی وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبەی نادیا وەربگرێت و کتێبخانەی کوردیی بە یەکێک لە سەرچاوە و کتێبە زۆر گرنگەکانی ئەزموونی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی دەوڵەمەندبکات.