‘هەموو منداڵێک چالاکە’: کۆمەڵێک بیرۆکەی کردەیی بۆ جوڵاندنی هەستی زانینخوازی لای خوێندکار

هاوبەشی پێبکە

‘هەموو منداڵێک چالاکە’: کۆمەڵێک بیرۆکەی کردەیی بۆ جوڵاندنی هەستی زانینخوازی لای خوێندکار

ئەگەر پەروەردەکاران لەم ماوەیەدا  کێشەیەکیان لە فێرکردنی ئۆنلایندا هەبووبێت، ئەوە کێشەی ئەوە بووە کە خوێندکاران زۆر بەزەحمەت چالاک دەبن. سەرەڕای خراپی بارودۆخەکە و کێشەی ئابووری و کێشەکانی بەردەم کۆنفرانسە ڤیدیۆییەکان، نەبوونی چالاکیی بابەتێکی ئاشکرا بوو. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە مامۆستایان ناتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو نەبوونی هەستی چالاکیی و زانینخوازییەدا بکەن کە پێش پەتاکەش کێشەیان لەگەڵیدا هەبووە. زۆر کات ئەوەش بەهۆی ئەوەوەیە کە قوتابخانەکان بۆ هاندانی خوێندکار پشت بە تاقیکردنەوە و نمرە دەبەستن. 

بەردەوام پەروەردەکاران کار لەسەر فێربوونی ئۆنلاین دەکەن و کۆمەڵێک ڕێگەی وەک ڕاپرسی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و دانانی لەزگە لەسەر دەموچاویان بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێندکارەکانیان بەکار دەهێنن. لەپاڵ ئەو ڕێگە جۆربەجۆرانەشدا، کۆمەڵێک ڕێگەی نوێیان بۆ وروژاندنی چالاکیی و زانینخوازی لە خوێندکارەکانیاندا دۆزیوەتەوە کە ناتوانین بڵێین تەواو ناکاران. 

هەستی زانینخوازی چۆن کار دەکات و ئێمە چۆن دەتوانین چالاکتری بکەین

زانینخوازی وەک برسیتیی و تینویەتی وایە، لەلای ئلیزابێس بۆنشویز کە پڕۆفیسۆری بواری پەروەردەیە لە زانکۆی هارڤارد. زانینخوازی وادەکات ئاگایی و سەرچاوە عەقڵییەکانمان بەرەو ئاڕاستەی زیادکردنی هەلی فێربوون ببەین.” ئەو و چەندین توێژەری دیکە  لە دواین چالاکییەکانیاندا لە تۆڕی (HGSE webinar)، ئەوەیان ڕوون کردووەتەوە کە چۆن زانینخوازی هاندەری ئەزمونێکی پەروەردەییی مانادار و چالاکە.

لە منداڵدا حەزی زانینخوازی شتێک نییە بتوانیت گەشەی پێ بدەیت، هەروەها کومەڵێک توانا و کارامەیی نییە کە بگوترێتەوە چونکە لە هەمووماندا هەیە. زانینخوازی تەنها پێویستی بەوەیە کە دۆخێکی لەبار و هاندەری بۆ بڕەخسێندرێت. بۆیە لەجیاتی ئەوەی پەروەردەکاران ئاگایان لەوە بێت چۆن وا دەکەیت منداڵێک هەستی زانینخوازی تێیدا بەرز بێت، پێویستە پەروەدەکاران هەلی زیاتر بۆ دروستبوونی هەستی زانینخوازی لە خوێندکارەکانیاندا بڕەخسێنن. بۆنمونە ڕەنگە خوێندکاران زۆرجار نیگەرانی دۆزینەوەی وەڵامی ڕاست بن بۆ تاقیکردنەوەکان، بەڵام بۆنشویزپێشنیاری ئەوە دەکات کە گرنگی بدرێت بە پرسیاری ئاڵۆز و فرەوەڵام و کراوە[1] کە خوێندکاران وا لێ بکات خۆیان بیر لەو جیهانە بکەنەوە کە لەدەوروبەریاندایە و پێشبینی خۆیان بخەنە ڕوو. 

بۆچی لە قسەکردن دەربارەی زانینخوازیدا، هاندان گرنگە

جەنەڤا دیبۆسی پەروەردەکار لە لۆسئەنجلس دەڵێت، “هەموو منداڵێک چالاکە.” ئەی چی وا دەکات ئەو هەستە لە منداڵاندا جیاواز بێت و بۆچی؟ ئەو پێشنیازی دانانی کۆمەڵێک پلان و ڕێگە و هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستایانی زمانی ئینگلیزی و خوێندکارانیان لە ناوەندییەکاندا دەکات. ئەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دایکوباوکان و پەروەردەکاران دەتوانن سوود لە کۆمەڵێک هەل ببینن کە منداڵان دەخاتە گفتوگۆوە، وەک زیادبوونی پەیوەندییان لەگەڵ هاوپۆلەکانیان و گفتوگۆکردنی ئەو بابەتانەی لایان گرنگە. فێربوونی کۆمەڵایەتیی و سۆزداریی بۆ پەروەردەکردنی خوێندکاران گرنگە، تاوەکو پەیوەندییەکی بەهێزیان هەبێت. دیبرۆست دەڵێت، دەتوانیت لەسەرەتای یەکترناسینی خوێندکاراندا بە کۆمەڵێک پرسیارە دەست پێ بکەیت کە بەربەستەکان تیک بشکێنێت، وەک “نامۆترین دوو خواردن چییە کە پێت وایە پێکەوە تامیان زۆر خۆشە؟” هەروەها مامۆستایان دەتوانن دڵنیا ببنەوە لەوەی کە گفتوگۆکردن و دروستکردنی گروپی بچکۆلە لەناو پۆلەکاندا، یارمەتی بەهێزبوونی پەیوەندی خوێندکاران دەدات. دەتوانن لە کۆتایی وانەکەشدا بەهۆی کۆمەڵێک پرسیار لەسەر چالاکییەکان و جێبەجێکردنی کۆمەڵێک کردارەوە، هەڵسەنگاندن بۆ چالاکییەکان بکرێت. یەکێک لەو شتانەی کە بەردەوام لە یادیاندا دەمێنێتەوە ئەوەیە کە داوایان لی بکەیت بە یەک دێڕ یەکێک لەو شتانە بنووسن کە زۆر شانازی پێوە دەکەن و پاشان لە سندووقێکدا دای بنێن تاوەکو لە خەیاڵیاندا بمێنێتەوە.

پەیوەنی نێوان مامۆستا و قوتابیی، هەستی دڵنیایی و سەلامەتی بە خوێندکار دەدات و ڕێگە خۆش دەکات بۆئەوەی بەبێ شەرم وترس پرسیار بکەن و ڕای خۆیان دەرببڕن. لە دۆخە نمونەییەکاندا، بەسەربردنی کاتێکی زیاتر لەگەڵ مامۆستادا، بۆ فێربوونی خوێندکاران سوودی دەبێت، چونکە خوێنکاران پێیان وایە کە مامۆستاکەیان وانە و زانییارییەکیان پێ دەڵێت کە لەگەڵ توانا و لێهاتووییەکانی ئەواندا گونجاوە. ئەو خوێندکارانەی کە بەرکەوتەی کەمیان لەگەڵ مامۆستادا هەیە، هەوڵێکی زۆرتریان دەوێت تاوەکو متمانە بە مامۆستاکان بکەن و لێیانەوە فێر ببن.

لەکاتێکدا خوێندنی ئۆنلاین ڕێگەیەکی نوێی بۆ فێرکردنی خوێندکاران کردەوە، بۆنشویتز ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دروستکردنی پەیوەندییەکی باشی فێربوون لەنێوان مامۆستا و خوێندکاردا بە ڕێگەی ئۆنلاین، زەحمەتترە لە فێربوون لەناو پۆلدا، سەرباری ئەوەش دی بۆس تێبینی ئەوەی کردووە کە مامۆستاکان بۆ ڕێکخستنی کاتەکانیان دەکەونە ژێر پەستانی زیاترەوە.

هەروەها دی بۆس گوتی، “زۆربەی ئەو هەوڵانەی دەیدەین بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکە لەنێوان ئێمە و خوێندکارەکانماندا، تاوەکو وەک مرۆڤێک بیانناسین. دواتر ئەوە یارمەتیمان دەدات بۆئەوەی بزانین چ شتێک چالاکتریان دەکات، چونکە ئەگەر باشتر بیانناسین و لە حەزەکانیان تێ بگەین و چیرۆکەکانیان بزانین، ئەوە کاتێک وانەکان دادەڕێژین، باشتر سەیری شتەکان دەکەین و ئەو شتانە ڕەچاو دەکەین.”

لەکاتێکدا دروستکردنی ئەو پەیوەندییە لە فێربوونی ئۆنلایندا قورسترە، دی بۆس هانمان دەدات بۆ ئەو وانانەی کە کە کولتوورین و خوێندکار تێیاندا سەنتەرە[2] و لە کاتێکی گونجاودایە.

ئو گوتی، “ئەگەر منداڵان نەتوانن وابەستەی ئەو بابەتانە ببن کە فێری دەبن و نەتوانن پەیوەندی لەگەڵ چواردەوریاندا دروست بکەن، ئەوە ئەگەری چالاکبوون و وابەستەبوونیان بۆ فێربوونی بابەتەکان کەمترە. لە کاتی قەیرانەکاندا، زۆر گرنگە بابەتەکان پەیوەست بکەین بەو شتانەوە کە لە ژیانی ڕۆژانەی خوێندکاراندا ڕوو دەدات. جاڵ میتای پڕۆفیسۆر لە HGSE ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کردنەوەی بابەتی جیاواز و ڕێنماییکەر وا دەکات خوێندکاران بە کۆمەڵێک ڕێگە و شێوەی جیاواز بێنە ناو بابەتەکانەوە.”

لە بواری کردەییدا دی بۆس پێشنیازی ئەوە دەکات کە ئەو چالاکییەکیانە بۆ خوێندکار پێشنیاز بکرێت کە بەرپرسیارێتی بخاتە ئەستۆی هەریەک لە ئەندامانی گروپەکە، وەک ئەوەی یەکێکیان شاشەکە کۆنترۆڵ بکات و ئەوی دییان کاتەکە ڕێک بخات و یەکێکی دیکەشیان بارودۆخەکە بپشکنێت. “بەو شێوەیە هەریەکەیان بەشدارییەکی دەبێت کە کاریگەری لەسەر سەرکەوتوویی کۆمەڵەکە دەبێت.”

گەشەپێدانی هەستی زانینخوازیی و چالاککردنی خوێندکار

 بە شێوەیەک لە شێوەکان، خوێندنی ئۆنلاین ڕێگەی بۆ چالاکبوونی خوێندکار کردەوە و تێڕوانینێکی باشی بەرامبەر قوتابخانەش لای هەندێک خوێندکار دروست کرد. گۆڕینی خشتەی کاتەکان وای کرد هەندێک خوێندکار باشتر بخەون و هەندێک خوێندکاریشی لە دڵەڕاوکێی ئەو ئەرکانە ڕزگار کرد کە دەبوو لە پۆلدا بیانکات. باشترین شتیشی ئەوە بوو کە قوتابیان ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە دەتوانن لە دۆخە جیاوازەکاندا هەوڵ بدەن و بخوێنن.

دی بۆس گوتی، “ئەو کارە زۆر سەختە، لە بارودۆخێکی وەک ئێستاشدا، سەختترە.” ئەمڕۆ پەروەردەکاران دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەو خوێندکارانەدا بکەن کە لەم دۆخەدا ڕووبەڕووی نادڵنیاییەک بوونەتەوە کە پێشتر وێنەی نەبووە، بۆیە هەوڵدان بۆ نوێکردنەوە و بنیاتنانەوەی قوتابخانەکان زۆر گرنگە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەستانە، دی بۆس پێشنیازی ئەوە دەکات، پەروەردەکاران پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا ببەستن و کاتەکانیان بۆ دانانی پلانێک بە ئاراستەی نەهێشتنی بەربەستەکان و دەستکردنەوە بە وانەکان تەرخان بکەن. 

سەرباری هەوڵی پەروەردەکاران، سێ خاڵی دیکە هەیە کە گۆڕانکاری بەسوود بۆ زیاندکردنی پەیوەندی لە پۆلەکاندا دەهێنێتە ئاراوە. 

زیرەکییەکانی خۆتت لەبیر بێت

لە کتێبەکەی دکتۆر گۆدلی محەمەدەوە بەناوی گەشەپێدانی ژیریی، دی بۆس داوا لە مامۆستایان دەکات باوەڕیان بە بەتوانا و لێهاتوویی خۆیان هەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پەتایەدا، هەروەها کار بکەن بۆ دۆزینەوەی کاریگەرییە نەرێنیەکانیشی لەسەر وانەگوتنەوە و پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی. ئەو خۆی وەک پەروەردەکارێک، بە باوەڕبەخۆبوونەوە دەڵێت، “ئەوەی کردمان زۆر قورس بوو، بەڵام ئێمەش مامەڵەیەکی باشمان لەگەڵدا کرد.” لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتەکانی وەک کوژاندنەوەی کامێرە و ئەو شتانەی دیکەی کە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا نییە-وەک گوتنەوەی وانەی ئۆنلاین و  ناو پۆل، یان لەپڕ گۆڕینی خوێندن بۆ ئۆنلاین- ئەو مامۆستایانەی کە دەیانەوێت کاردانەوەی قوتابییەکانیان بزانن، دەتوانن سوود لە ئەزموونی خۆیان وەربگرن و توانا و زیرەکیی خۆیان بەکار بهێنن. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەوە، دی بۆس ئەزموونی خۆی و ئەو شتانە دەگێڕێتەوە کە لەگەڵ خوێندکارەکانیدا فێری بووە، وەک بوون بە قوتابیی سەمای کارپۆیرا. من کۆمەڵێک چیرۆک بۆ منداڵەکانم دەگێڕمەوە وەک ئەوەی دەڵێم، ‘دوێنێ لێدانم خوارد!’ ئەوە هەبوونی زانینخوازییە کە باش نەبیت لە شتێکدا، بەڵام هەر بیکەیت و هەوڵی لەگەڵدا بدەیت. بۆیە پێم وایە ئەوە شتێکی نمونەیی و باشە کە ئێوە بەدوای هەلی زیاتری فێربوون و گەشەکردندا بگەڕێن.”

هەرچی بکەیت هەر زۆرە

مێتا داوا لە دەزگا پەروەردەییەکان دەکات کە ڕێگەی [3]Marie Kondo لەکۆوانەکانیاندا بەکار بهینن و بەدوای ئەو شتانەدا بگەڕێن کە خۆشیی بە خوێندکاران دەبەخشێت. ئەو دەڵێت زۆر گرنگە کە ئەو ڕێگەیانە بەکار بهێنیت کە وا دەکات خوێندکاران زیاتر وابەستە بن بە وانەکانەوە، هەروەها ماوەیەکیان دەداتێ بیر لە بابەتەکان بکەنەوە و بەشێوەیەکی کردەییش کاری تێدا بکەن. لەکاتێکدا کە هەموو مامۆستایان لەژێر پەستانی بابەتی ناو کۆوانەکان و ئەو پێوەرانەن کە دانراوە، ئەو لەبارەی ڕێگەی نوێوە و دەڵێت، “ئەوە زۆر گرنگە کە هەلێکی دیکە بۆ فێربوون دروست بکەیت. ئەگەر شتێکت لەلا باشە، لەسەری بڕۆ.”

یارمەتیدانی خوێندکاران بۆ زاڵبوونیان بەسەر کۆوانەکاندا

یارمەتیدانی خوێندکاران بەو ڕادەیەی کە هەست بکەن بەسەر کۆوانەکاندا زاڵن، هێندە ئاسانە کە وەک ئەوەیە کۆمەڵێک هەڵبژاردنیان لە ئەرک و چالاکییەکانی ڕۆژانەیاندا هەبێت، یان وەک ئەوە ئاسانە کە داوای سەرنجیان لێ بکەیت لەسەر ئەو شتانەی کە روودەدەن. لای بۆنتویز ئەو کارە بچوکانە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئەوەی کە خوێنکاران هەست بەوە بکەن کە خۆیان فێر دەبن. 

ئەم پەتا جیهانییە کاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر سنووردارکردنی چالاکیی و  پەیوەندییەکانی گەنجان. بۆیە پێدانی هەڵبژاردنی زیاتر کاریگەریی باشی دەبێت. بۆنشویز دەڵێت، “خوێندکاران زیاتر بەشداریی و چالاکییان دەبێت ئەگەر هەست بکەن کە کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردووە.” هەرچەندە ئەوە شتیکی زۆر نەکردە نییە، بەڵام لە پەروەردەیی ئێستاماندا ئەمە کارێکی باشە. 

سەرچاوە 

https://www.kqed.org/mindshift/57152/every-kid-is-motivated-action-oriented-ideas-to-revive-students-curiosity

[1] – پرسیاری کراوە: ئەو پرسیارەیە کە وەڵامی زۆرهەڵدەگرێت و بیرکردنەوەی پێویستە. 

[2] – واتە خوێندکاران گفتوگۆ دەکەن و خۆیان شتەکان بۆیەکتر شتی دەکەنەوە.

[3] –  ڕێگەیەکە کە ژنێێکی یابانی باسی دەکات و جەخت دەکاتەوە لەوەی، هەموو شتەکانت کۆبکەیتەوە و ڕێکیان بخەیت، دواتریش تەنها ئەو شتانە بهێڵیتەوە کە خۆشی دەبەخشنەوە.