شەش بنەمای گرنگ بۆ ئەو کەسانەی لەدوورەوە کار ڕایی دەکەن

هاوبەشی پێبکە

شەش بنەمای گرنگ بۆ ئەو کەسانەی لەدوورەوە کار ڕایی دەکەن

دەکرێت کارکردن لە دوورەوە دەرفەتێک بیت بۆ ڕێکخستنەوەی خۆت و ئەو گروپ و هاوکارانەی کە لەگەڵیاندا کار دەکەیت. مرۆڤ بەسروشتی خۆی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بۆیە گۆڕینی پەیوەندییە ڕووبەڕووەکان بۆ پەیوەندییەکی دیکە، دەکرێت کۆمەڵێک ئاڵنگاڕی نوێ بهێنێتە ئاراوە کە داخوازی ئەوە بێت کۆمەڵێک کارمەیی و ڕێکاری نوێ فێر ببین کە پێشتر نەمازانیوە. بۆئەوەی لەمڕۆدا بەبەرهەمداری و پەیوەستیی و سەرکەوتوویی بمێنیتەوە، دەبێت بزانیت دەتوانیت چی بکەیت تاوەکو لەم جیهانە بەردەوام گۆڕاوەدا هاوسەنگییەک دروست بکەیت.

لە ژینگەی ئەمڕۆماندا کارکردن لەدوورەوە جێگەی کردووەتەوە. بەگوێرەی پیاچوونەوەیک بۆ ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ی سەندیکای کرێکاران، گەشەکردنی ئابووری دیجیتاڵیی وای کردووە ژمارەی ئەو کرێکارانەی لە دوورەوە کار دەکەن زیاتر ببێت و نزیکەی سەدا سی کرێکارە ئەمریکییەکان کە دەگەنە ٤١ ملیۆن کەس، ئێستا بەو شێوەیە کار دەکەن. 

لە توێژینەوە نوێیەکانی ETSدا گەیشتوونەتە ئەوەی “پەیوەندی و پێکەوەکارکردن بەشێوەی دەنگیی و نووسین و توانای چارەسەرکردنی کێشەکان، داخوازیی سەرەکیی خاوەنکارەکانە، خاوەنکارەکان بەتایبەتیی جەخت لە یەکخستنی پەیوەندییە دەنگیی و نووسینەکییەکان دەکەنەوە.” بۆیە زانینی ئەو جۆرە جیاوازانەی پەیوەندیی بۆ سەرکەوتوویت لە دنیای ئەمڕۆی ئابووریدا زۆر گرنگە.

ئەمەی ئێرە ئەو شەش بنەما گرنگەیە کە دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆئەوەی لە ڕاییکردنی کارەکان لە دوورەوە، سەرکەوتووبیت.

هاوسۆزیی

دووریت لە هاوکارەکانت، بەتایبەتیی ئەگەر تۆ بەڕێوبەریان بیت، پێویستی بە هاوسۆزیی و تێگەیشتنێکی باش هەیە. دەبێت بەردەوام لەگەڵ هەموو هاوکارەکانتدا لە شتەکان بکۆڵیتەوە، تاوەکو بزانیت لەکاتی کارکردندا چ ئاڵنگاڕییەک ڕووبەڕووی هاوکارەکانت دەبێتەوە و چییان پێویستە، هەروەها دەبێت ئاگاداری ئەوەبیت پێدانی چارسەر بۆ ئاڵنگاڕییەکان و ڕاگرتنی هاوسەنگییەکی گونجاو لەنێوان کار و ژیانی ڕۆژانەیاندا، بۆ باشترکردنی کارەکانیان لەم شێوازە لە کارکردن، گرنگە.

 پێکەوە چارەسکردنی کێشەکان 

پێکەوەکارکرن بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگاڕییانەی لە کاردا دێتە پێشەوە زۆر گرنگە. بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو بەشەی کە کاری تێدا دەکەیت، پێکەوەکارکردن بە یەکێک لە بنەما گرنگەکانی سەرکەوتن دادەنرێت. هەریەک لە هاوکارەکانت کارامەییەکی تایبەتییان هەیە و دەتوانیت شتیان لێوە فێر ببیت. بەڵام ئەمە لەدوورەوە چۆن دەکرێت؟ ئەمە بە تەرخانکردنی کاتێک بۆ بیرکردنەوە و قسەکردن لەسەر چارەسەرەکان، دانانی کۆمەڵێک بەهای دروست لە تیمەکەدا و هەڵبژاردنی کردەییترین و بەهێزترین ڕێگە دەکرێت کە لەگەڵ ئەندامانی تیمەکەتدا دەیاننووسیتەوە و بڕیاریان لەسەر دەدەیت. 

گونجان

لە کارکردندا و بەتایبەتیش لە کارکردن لە دوورەوە، گونجان و ئامادەبوون بۆ وەرگرتنی شێوازی نوێ و بیرکردنەوە لەو شێوازانە زۆر گرنگە. کارکردن لە دوورەوە کۆمەڵێک هەلی زیاترتان دەداتێ بۆ هاوکاریکردنی یەکتر. ئاگاداربوون لەوەی چۆن ئەو کارانە وا دەگونجێنیت کە لەگەڵ کاری ئەوانی دیکەشدا گونجاو بێت، وا دەکات پەیوەندیەکی تەندروست لەگەڵ هاوکارەکاندا دروست بکەیت.

ڕێکخستنی کاتەکان

ڕەچاوی ئەوە بکە کە لە ٢٤ کاتژمێردا چەندێک کار دەکەیت و چەندیش دادەنێیت بۆ پێداویستییەکانی دیکەی ڕۆژانەت. لەکاتێکدا زۆربەمان لەسەر ئەو هەشت سەعاتە دەڕۆین کە دانراوە، ڕەنگە کارکردن لە دوورەوە وا بکات کاری زیاتر بکەین و بەوەش لە مەودایەکی درێژدا توانامان نامێنێت. لەبەرئەوە هەموو ڕۆژێک خشتەیەک بۆ کات و کار و ئامانجەکانت دابنێ و تێیدا گرنگی زیاتر بەو کارانە بدە کە دەبێت تەواویان بکەیت و ئەوانی دیکەش بۆ کاتێکی دیکە دابنێ. کار لەسەر ئەوە بکە خشتەیەک دروست بکەیت وەک چۆن پێشتر هەتبووە، هەروەها لیستێک دروست بکە بۆ ئەو کارانەی کە دەبێت بیانکەیت، دەتوانیت جاربەجار هەندێک کاریشی لێ بسڕیتەوە بۆئەوەی پارێزگاریی لە چوستیت بکەیت و خشەتەکەش ڕێکخراوی پێوە دیار بێت. 

بوونی زانیاریی لە بەرنامە دیجیتاڵییەکاندا

لەبەرئەوەی کارکردنی دوور پشت بە بەرنامە دیجیتاڵییەکان دەبەستێت، دەبێت ئەو کەسانەی لە دوورەوە کار دەکەن توانای دۆزینەوە و هەڵسەنگاندن و دروستکردنی زانیارییە دیجیتاڵییەکانیان هەبێت. نوێکردنەوەی زانیارییەکانت بەهۆی ڕێگە و ئامرازە دیجیتاڵییەکانەوە، یارمەتیت دەدات لە گێڕانەوەی کات و زیادکردنی وردیی زانیارییەکانتدا. بوونی زانیارییەکی باش لە بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکاندا، یارمەتیت دەدات لە دابینکردنی کۆمەڵێک نێوەندی جیاواز و وا دەکات هاوکارەکانت بەدوای تەکنەلۆژیای نوێدا بگەڕێن و لەگەڵ هاوبەش و هاوکارەکانیاندا بەردەوام لە پەیوەندیدا بن. 

پەیوەندی دەنگیی

ڕەنگە کارکردن لە دوورەوە وا بکات بۆ ناردن و وەرگرتنی پەیامەکان، زیاتر پشت بە زانیارییە نوسینەکییەکان ببەستیت. بەڵام هێشتا پەیوەندییە دەنگییەکان لە کارکردن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا گرنگە. پەیوەندیی و کۆبوونەوە ڤیدۆییەکان وا دەکات بۆ ڕێکخستنی کاروباری ڕۆژانەی شوێنی کارەکەمان، کەمتر پشت بە کیبۆرد ببەستین و زیاتر لەگەڵ هاوکارەکانماندا لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆدا بین، هەروەها یارمەتیمان دەدات لە گفتوگۆکردن دەربارەی کێشە و چارەسەر و بیرۆکەکان و وا دەکات بڕیاری باشتر بدەین بۆ بەرەوپێشچوونی کارەکانمان، هەروەها زیاتر ڕۆحی پێکەوەکارکردن دەپارێزێت. پەیوەندی دەنگی وا دەکات مەودایەکی زیاترمان هەبێت بۆ تێگەیشتن لە هەستوسۆزی هاوکارەکانمان و پەیوەندییەکانیشمان بەهێزتر دەکات. 

کارکردنی زیاتر لەسەر ئەم بنەمایانە وا دەکات زیاتر لە پەیوەندیدا بین و بەرهەممان زیاتر بێت و لەگەڵ دنیای دیجیتاڵیدا خۆمان ڕا بهێنین. لەگەڵ ئەوەدا کە کارکردن لە دوورەوە جێگەی خۆی کردووەتەوە لە پەیوەنیی و کارەکانماندا، زۆر گرنگە لە ماڵەوە بێت یان ئەو شوێنەی کە کەرەکەمان داخوازییەتی،خۆمان لەگەڵ ئەم کەشە نوێیەدا ڕا بهێنین. 

لیدیا لیۆ بەڕێوبەری پێشکەوتووە لە بەشی توێژینەوەکان و لەبەشی توێژینەوە و گەشەپێدانی پەیمانگای ETS ، لەوێ سەرپەرشتی کۆمەڵێک توێژەر دەکات کە کار لەسەر دانانی ڕێگەیەکی ئەکادیمی بۆ کارکردن دەکەنەوە.

سەرچاوە: 

https://news.ets.org/stories/6-key-skills-for-remote-work