بۆچی ئێستا زانییارییە دیجیتاڵییەکان لە هەموو کاتێک گرنگترە

هاوبەشی پێبکە

بۆچی ئێستا زانییارییە دیجیتاڵییەکان لە هەموو کاتێک گرنگترە

 

ئێستا چەند هەفتەیەکە بەهۆی پەتای جیهانیی کۆرۆناوە لە دابڕانی کۆمەڵایەتیدان و لەپاڵ ئەوەشدا سەرقاڵی فێربوون و کارکردنین. ئێمە پێویستبوو بەخێرایی لەگەڵ جۆرێکی نوێ لە ژیان و پەیوەندیی نافیزیکیدا خۆمان بگونجێنین، لەهەمانکاتدا قوتابخانە و شوێنمی کارەکەشمان داوایان لێ دەکردین کە شارەزایی لە پەیوەندییە دیجیتاڵییەکاندا پەیدا بکەین، هەرگیز توانای بەکارهێنانی ئەو ڕێگەیانەشمان هێندەی ئێستا نەبووە. توانای بەکارهێنانی ئەو هۆکارانەش بە سەرکەوتوویی پێویستی بە هاوسەنگی لە نێوان زانیارییەکی دیجیتاڵی و تەکنەلۆجی باش و توانایەکی مرۆیی باش هەیە.

زانینی ڕاستییەکان 

مەترسییەکان زۆرن، ئێمە و گوزەران و تەندروستی و کەسە خۆشەویستەکانمان لەبەردەم ئەو مەترسییەداین. ئەگەر کۆرۆنا خاڵێکی باشی هەبووبێت ئەوە بوو، دەبێت بە زانیاری ورد و تەواوەوە بڕیار لە چۆنێتی هەڵسوکەتمان بەرامبەر بە قەیران و ڕووداوەکان بدەین. زەحمەت بوو بتوانیت تەلەفیزۆنێک بکەیتەوە یان بچیتە سەر پەڕەی میدیایەک و هەواڵێک لەسەر ئەو دۆزەی جیهان نەبینیت یان نەبیستیت. پەرەسەندنی خێرای رووداوەکانیش ئەگەری بڵاوبوونەوەی زانیاریی هەڵەی زۆر زیاتر کردبوو، هەروەها ئەو زانیارییانە بگاتە دەست هەموو کەسێک، پێش ئەوەی ڕۆژنامەنووسان و شارەزایان و پشکنەران پشتڕاستی بکەنەوە.

وەک لە وتارێکدا لە BBC ئاماژەی پێ کراوە، کۆمەڵێک کەس کاریان لەسەر ئەوە کردووە کە کۆمەڵێک زانیاریی هەڵە بڵاو بکەنەوە و بەشێوەیەکیش کاریان لەسەر کردووە کە وەک راست دەربکەوێت، بۆنمونە کۆمەڵێک دیزاینی سەرنجڕاکێش و ناسراویان بەکار هێناوە بۆئەوەی زانییارییەکانیان ئاسانتر وەربگیرێت، ئەو شێوازانەش وایان کردووە نەتوانین بیرکردنەوەی خۆمان بەرامبەر ئەو پەیامانە بەکار بهێنین و لە دروستیی سەرچاوەکانیان بکۆڵینەوە و بەراوردیان بکەین بەو شتانەی کە لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە دەستمان دەکەوێت.

کارکردن لەو کاتانەدا کە دوورین لەیەکتر 

فێربوونی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان لە ژینگەی ئێستای کارکردن و فێربووندا زۆر گرنگە. لەو کاتەوەی کە پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانمان لەڕێگەی ئینتەرنێت و هۆکارە دیجیتاڵییەکانی وەک ئیمێڵ، ڤیدیۆکۆنفرانس و پەیوەندییە خێراکانەوەیە، زۆربەمان لەگەڵ ڕێگەیەکی نوێی پەیوەندیی و ئاڵكوگۆڕکردنی زانیارییدا ڕاهاتووین. ئێستا ئێمە ئەگەر لە قوتابخانەدا کار لەسەر پڕۆژەیەک بکەین یان لە کۆبوونەوەیەکی بارزرگانیدا بین، زۆر گرنگە بتوانیین تێبگەین و ئەو زانیاریەی کە هەمانە بەکاری بهێنین، تاوەکو بازرگانیی و فێربوونەکەمان بەرەوپێشەوە بچێت. ئەو خوێندکار و کرێکارانەی کە شارەزاییان لە پەیوەندییە دیجیتاڵییەکاندا هەیە و دەتوانن ئامراز و تەکنەلۆژیای نوێ بەکار بهێنن، ئەو شارەزاییە یارمەتیان دەدات کە باشتر پێکەوە کار بکەن و کاتێکی راستەقینە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان مسۆگەر بکەن و بتوانن بەبێ پچڕان بەردەوامبن. ئەم گۆڕانکارییە جەخت دەکاتەوە لەسەر بوونی کۆمەڵێک بنەمای سەرەکیی لە پەیوەندییە مرۆییەکانمدا، هەروەها ئەوەی چۆ دەتوانین بەخێرایی تواناکانمان بەکار بهێنین بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی نوێی پەیوەندیی .

سەرەڕای ئەوەی تەکنەلۆژیا دیجیتاڵییەکان وا دەکات پێکەوەکارکردنمان زیاد بکەین، بەڵام ئێمە بە پەیوەندی ڕووبەڕوو راهاتووین و دانیشتنی ڕاستەوخۆ بەشێوەیەکی دیجیتاڵی، بەتەنها ناتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی هەبێت. بۆیە پێویستمان بەوەیە کۆمەڵێک ڕێکار و بەها و شێوازی نوێ بۆ بەشداربووانی ئەو شێوازە لە پەیوەندیی بدۆزینەوە، تاوەکو دڵنیاییمان بداتێ لەوەی هەموو بەشداربووان هەلی ئەوەیان هەیە کە سوودمەندبن لەو گفتوگۆیانە. بۆنمونە دروستکردنی نەریتێک کە پەیوەندیی ڤیدیۆیی لەجیاتی پەیوەندی دەنگیی بەکار بهێنرێت،  پەیوەندیی بەهێزتری تاکەکان و هەستی ئامادەبوونی زیاتریان مسۆگەر دەکات. 

گوێگرتن لە بەرامبەرەکانمان 

کاتێک شێوازە جیاوازەکانی پەیوەنیی لە کارەکانماندا بەکار دەهێنین، دانانی بەها بۆ بیروڕا جیاوازەکان و تێگەیشتنیان، زۆر گرنگە. ڕەنگە ئەندامانی گروپەکە هەریەکەیان تێڕوانینێکی جیاوازیان لەسەر ئایدیا و کێشەکان هەبێت، هەندێکجار ئەوە سەردەکێشێت بۆ ناکۆکی و ململانێ. بۆئەوەی بەشێوەیەکی بەرهەمدار ئەم کێشانە چارەسەر بکەین، دەبێت ڕێز لە بەرامبەرەکانمان بگرین و بۆچوونە جیاوازەکانیان بنرخێنین و کار بۆ دروستکردنی بنەمایەکی هاوبەش و گفتوگۆیەکی لۆژیکی و تەندروست بکەین، تاوەکو لەسەر ئەو کارانە ڕێبکەوین کە دەبێت سەرەڕای بوونی جیاوازییشمان، لەسەریان بەردەوام بین.

بەتایبەت ئێستا زۆر گرنگە پێکەوە کار لەسەر لێکۆڵینەوە لە شتەکان بکەین، تاوەکو مەودا بە ئەوانی دیکە بدەین کە باسی ئەو شتانە بکەن کە پێیدا تێپەڕیوون و ئەوانەش پێیدا دەڕۆن، تاوەکو هەستی ئەوەیان پێ ببەخشین کە گوێیان لێ دەگیرێت.

لەوانەیە کارکردن و پەیوەندیکردن و فێربوونی دیجیتاڵی بۆ زۆربەمان قورس بێت، بەتایبەت کاتێک هەوڵی پێشکەوتنی پەیوەندییەکان دەدەین. ئەگەر هەستوسۆز و نرخاندنی بەرامبەر و ئاستیی مرۆڤبوونمان لە بابەتەکە نەهێنینە دەرەوە ئەوا بوونی توانا لە پەیوەندییە دیجیتاڵییەکاندا بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، گرنگە.

 

جێسی سپارک توێژەرە لە بەشی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدانی ETS.

ئیروین کاتز بەرپرسی لێکۆڵینەوەکانە لە بەشی لێکۆڵینەوە و گەشەپێدانی ETS.