ۆرکشۆپی جێندەر و میدیا

هاوبەشی پێبکە

ۆرکشۆپی جێندەر و میدیا

سەرەتای لەدایکبوونی دیاردەی نایەکسانیی جێندەریی و ستەمی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، لە زمان و گوتاردا دەردەکەون. ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەردەوام ڕووبەڕووی ئاخاوتنی پیاوسالارانە دەبینەوە، کە بەرهەمی نایەکسانیی و جیاکاریی جێندەرییە. لەم ڕووەوە ئەرکێکى گرنگ دەکەوێتە سەر دەزگا میدیاییەکان و میدیاکاران، کە هەم خۆیان شارەزاى ئەم بابەتە بن و هەم هاوڵاتییانى پێ وشیاربکەنەوە.

بە بۆنەی شانزە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و لەپێناو ڕاگرتنی باڵانسی جێندەریی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا، هیوا فاوندەیشن     بە هاوکاریی ڕێکخراوی جێندەر میدیا، خولێکى ٤ ڕۆژیى سەبارەت بە جێندەر لە میدیادا بۆ ژنانی میدیاکار لە ڕۆژانی ٢٥-٢٨/١١/٢٠١٧ کردەوە. به‌شداربووه‌كان سه‌ر به‌ دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌ جیاوازەکان بوون له‌وانه:‌ (KNN TV, NRT TV, BMC TV, ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتیی ژنان، ڕۆژنامه‌ی ژیانه‌وه‌، سایتی ڕێوان، ئینستیتیوتی ۆڕك، ئاژانسی ڕۆژ نیوز، نوێنه‌ری ڕۆژئاوا).

 

پوختەی پرۆگرامە چوارڕۆژییەکە بریتیی بوو لە:

  • ڕۆژی یەکەمى خولەکە بەڕێز “د. چۆمان هەردی” پێناسەیەکى گشتیی پرسی نایەکسانیی جێندەریی، نیشانە و شێوازەکانى بۆ ئامادەبوان کرد.
  • دووەم ڕۆژی خولەکە لەلایەن بەڕێز “به‌رهه‌م خالید”ەوە بەڕێوەچوو، کە تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی ئەو وێنه‌ نه‌شیاوانەی‌ له‌ میدیادا بۆ ژنان دروستده‌كرێن، چۆنێتی دروستكردنی باڵانسی جێنده‌ریی و ڕێگەگرتن لە به‌كار‌هێنانی ژنان وه‌ك کەرەسەیەکی ورووژێنەر و ئامڕازێكی سه‌رنجڕاكێش. هاوکات باس له‌ چاوپێكه‌وتنی ته‌ندروست له‌ ڕوانگه‌ی جێنده‌رییه‌وه‌ كرا. لەم بەشەدا جەخت لەم بابەتانە کرایەوە: شێوازى کارى وردبینیى بۆ چاوپێكه‌وتنەکان، شێوازی مامه‌ڵه‌ى شیاو له‌گه‌ڵ ناو و وێنه‌ی كه‌سەکان به‌تایبه‌ت ژنان و منداڵان، ڕاگرتنی باڵانسی جێنده‌ریی له‌ ئاماده‌كردنی چاوپێكه‌وتندا.
  • له‌ سێیه‌م ڕۆژدا ڕاهێنەر “شیراز ڕەئوف”، باسێکی له‌سه‌ر چۆنێیتی نووسینی هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌هه‌واڵ له‌ ڕوانگه‌ی جێنده‌رییه‌وه‌ پێشکەشکرد. بابەتەکە به‌ چه‌ندین چالاكی تیۆریی و پراكتیكیی لەگەڵ به‌شداربوواندا به‌ڕێوه‌چوو.
  • به‌ بۆنه‌ی  ١٦ ڕۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژ بە ژنان و له‌ پێناو ڕاگرتنی باڵانسی جێنده‌ریی له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندندا، رێكخراوی جێنده‌ر-میدیا (Gender-Media)، به هاوكارى هيوا فاوندەيشن خولێكی چوار ڕۆژه‌یان بۆ 13 ميدياكار رێکخست. كۆتا ڕۆژی خوله‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز (د. سامان فەوزی) بەڕێوەچوو. تەوەرە سەرەکییەکانی خولەکەش بریتییبوون لە ڕووماڵی پرسه‌كانی ژنان لە ميدياى كوردیی، ئيتيك و بنه ما ياساييەکان، به‌رپرسیارێتی و سنووره‌ یاساییه‌كان.