زنجیرە دۆکیومێنتاری هۆشیاریی ژینگە
زنجیرە دۆکیومێنتاری هۆشیاریی ژینگە
لە هەوڵێکى نوێ و ڕەچەشکێندا، هیوا فاوندەیشن ٩ ڤیدیۆی دۆکیومێنتاریی سەبارەت بە کێشەکانی ژینگە و چارەسەرە پێویستەکان، بەرهەمهێنا و بڵاوکردەوە. ئامانجی سەرەکیی لەم کارەدا بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی گشتیی بوو دەربارەى کێشە ژینگەییەکانی کوردستان بەتایبەت و ئەو مەترسییانەش کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا. ئامانجێکی ترمان بریتییە لە ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی تاک و لایەنە بەرپرسەکان سەبارەت بەو هەڕەشە و مەترسییانەی کە ڕووبەڕووی ژینگەی کوردستان دەبێتەوە. هەر ڤیدیۆیەک تایبەت کراوە بە کێشەیەکی ژینگەیی کە لە ئێستادا جیهان پێوەی دەناڵێنێت، وە لە کۆتایی ڤیدیۆکاندا چارەسەری پێویست ئاماژەی پێدراوە کە چ وەک تاک و لایەنی بەرپرس پێویستە چیبکرێت.
ڤیدیۆکان بەتایبەت گرنگیی بە ژینگەی کوردستان و لە هەندێک بەشدا ژینگەی عیراقیش بەگشتیی، دەدەن. هیوا فاوندەیشن مافی پەخشکردنی ئەم ڤیدیۆ دۆکیومێنتەرییانە دەداتە کەناڵە تەلەفزیۆنە ناوخۆیی و سەتەلایتەکان، بە ئامانجی گەیشتنی ناوەڕۆک و ئاگادارکردنەوەی تاک و لایەنی بەرپرس لەسەر ئەم بابەتە. لە هەریەک لە ڤیدیۆکاندا، چەند کەسێکى جیاواز قسەدەکەن، لەوانە کەسی ئەکادیمی و پیشاندانی داتا سەبارەت بە بابەتەکان، لایەنی بەرپرسی حکومیی، دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، جوتیار، کرێکار و هاوڵاتیانی تر. کۆی گشتی ئەو کەسانەی کە وەکو قسەکەر بەشدارییان لەم پڕۆژەیەدا کردووە ٣٥ کەسن.
ناونیشان و ناوەرۆکى دۆکیومێنتەرییەکان
١. بەکارهێنانی ئاو لەلایەن سێكتەرە جیاوازەکانەوە
لە کوردستاندا ئاو لە چەندین بوار و پێداویستییدا بەکاردەهێنرێت. گرنگترینیان سێکتەری کشتوکاڵ و ماڵان و بازاڕە، بەشێکیشی لە کەرتی پیشەسازییدا بەکاردێت. گەورەترین ڕێژەی ئاو لە کەرتی کشوکاڵییدا بەکاردەهێنرێت. بەهۆی بەکارنەهێنانی تەکنیک و میتۆدی نوێ وەک دڵۆپاندن و پرژاندن، ڕێژەیەکی زۆری ئاو لە وەرزی هاویندا بەفیڕۆ دەڕوات. لە بواری پیشەسازییشدا ڕێژەیەکی زۆر دەردراوی کارگەکان هەیە، کە بە بەهۆی نەبونی یاسای تایبەتەوە، بەفیڕۆدەڕوات و ڕیسایکل ناکرێتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی ڕوباری دەوروبەری کارگەکان و دروستبوونی کارەسارتی ژینگەیی.
٢. پیسبوونی هەوا لە هەرێمی کوردستان
هۆکاری یەکەمى پیسبوونی هەوا لە هەرێمی کوردستاندا، کار و چالاکییەکانی مرۆڤە. هۆکاری دووەمیش گۆڕانی کەشوهەوایە و هەندێک جاریش ڕوودانی ڕووداوە سروشتییەکان کاریگەرییان دەبێت لەسەر پیسبوونی هەوا، وەک خۆڵبارین و سووتانی دارستانەکان کە بەشێکیان سروشتیین و هەندێکیان دەستکردی مرۆڤن. ئەو هۆکارە سەرەکییانەی بوونەتە پیسبوونی هەوا لە شارەکاندا بریتین، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل، کەمیی ڕێژەی سەوزایی، نەبوونی پشتێنەی سەوزایی، ووشکەساڵیی، تێكچونی سترەکچەری خاک و بەکارنەهێنانی فلتەر لەلایەن کارگەکانەوە و مۆلیدەکان، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ پیسکردنی ژینگەی کوردستان.
هەندێک ٣. پیسبوونی ئاو لە هەرێمی کوردستان
ئاوی هەرێمی کوردستان لە چەندین سەرچاوەوە پیس دەبێت، یەکێک لەو سەرچاوانە ئاوە قورسەکانە کە لە ماڵەکانەوە دەڕژێنە ناو ڕوبارەکانەوە بەبێ بوونی هیچ سیستەمێک و چارەسەرێک. ئەو ئاوە پیسەی کە لە ماڵانەوە دەردەچێت پێویستی بە چارەسەری کیمیاییە. واتە پێویستە وێستگەی پاککردنەوەی ئاو لە شارەکاندا دابمەزرێنرێت تا بتوانرێت چارەسەری فیزیایی و کیمیایی و بایۆلۆجی بۆ بکرێت و بگەیەنرێت بە ڕێژەی ستاندارد و بتوانرێت دواتر بۆ کشتوکاڵ و کەرتی پیشەسازی بەکاربهێنرێتەوە.
٤. چارەسەری کەمئاوی و بەفیڕۆدانی ئاو لە هەرێمی کوردستان
عێراق و هەرێمی کوردستان یەکێکن لەو وڵاتانەی کە زۆر لاوازن لە بابەتى چارەسەر بۆ کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا و بەتایبەت کەمبوونەوەی ئاو. بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بووەتە هۆی بەفیڕۆچوونى بڕێکی زۆر لە ئاو، نەبوونی بەڕێوەبردنێکی گونجاویش بۆ سەرچاوە ئاوییەکان بووە بەهۆی بەفیرۆچوونى ڕێژەیەکی زۆرى ئاو. بۆیە لە ئێستادا پێویستمان بە کۆمەڵێک چارەسەر هەیە؛ بۆ نموونە، بونیاتنانى بەنداوی گەورە، مام ناوەند و بچوک بە پێی شوێنە جیاوازەکان.
٥. گۆڕانی کەشوهەوا
گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی کار و چالاکییەکانی مرۆڤەوە بووە بە دیاردەیەکی گەردوونی. زاناکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژەی گازە قەتیس بووەکان لە ئێستدا زۆر زیادی کردووە و ناچێتەوە باری سروشتی خۆی. ئەمەش بەهۆی کۆی چالاکییەکانی مرۆڤ، پیشەسازییە جۆراوجۆرەکان، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، وشکەساڵیی، زۆربوونی دیاردەی لافاو، گەردەلول، یاخود توانەوەی بەستەڵەکەکان. بەهۆی ئەم گۆڕانکارییانەوە، چەندین جۆری زیندەوەر لە ڕووەک و ئاژەڵان مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.
٦. یاسای ژینگە
یاسای ژینگەی کوردستان بریتییە لە یاسای ژمارە (٨)ی ٢٠٠٨، کە لە پەرلەمان دەرکراوە، لە بواری پاراستنی هەوا، پاراستنى ئاو و ڕێکخستنی خۆڵ و خاشاک. لە ساڵى (٢٠١٥)دا یاسایەک سەبارەت بە هەڵکەندنی ئاوی ژێر زەوی دەرچووە. یاسای ٢٠١١ سەبارەت بە پیسبوونی هەوایە، هەروەها یاسای تایبەتیش بە ژاوەژاو هەیە. یاسای ساڵی ٢٠٢٢ سەبارەت بە پاراستنی ئاوە لە هەرێمی کوردستان. بێگومان ئەم یاسایانە زۆر باشن ئەگەر جێبەجێ بکرێن، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم یاسایانە ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەر نا دەتوانن کێشە ژینگەییەکان هەم لە هەرێم هەم لە عێراق تا ڕادەیەکی باش چارەسەربکەن.
٧. یاسای کار و سەلامەتی لە کۆمپانیاکانی ناوخۆ لە کوردستاندا
لە ئێستادا یاسایەکى تایبەتمان نییە بۆ کار. پەیڕەویکردنی سەلامەتی کرێکار لە زۆربەی شوێنەکاندا جێبەجێناکرێت، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسیی فیزیایی، کیمیایی و بایۆلۆجی. بەهۆی ئەم مەترسییانەوە ژیانی کرێکار لە مەترسیدایە. هۆکارى هەموو ئەمانە نەبوونی کولتووری سەلامەتییە لە شوێنی کاردا بەگشتیی، هەروەها نەبوونی یاسا و پابەندیی کۆمپانیاکان بە پەیڕەوەکان کە زۆر گرنگن بۆ پاراستنی ژیانی کرێکارەکان.
٨. پیسبوونی ژینگە بە ژاوەژاو
پیسبوون بە ژاوەژاو یەکێکە لەو هۆکارانەی پیسبوونی ژینگە کە لە جیهاندا بووە بە دیاردەیەکی مەترسییدار. چالاکییە جیاوازەکانی ڕۆژانەى مرۆڤ و بەکارهێنانى ئامێر وچالاکییەکان پێویستە بەپێی یاسا ڕێکبخرێن. مرۆڤ دەتوانێت بۆ ماوەی ٨ کاتژمێر کار بکات لە لێڤڵی ٨٥ دیسیبڵ، ئەگەر ئەم دەنگە لە ٨٥ زیاتر بوو پێویستە کاتەکە کەمبکرێتەوە. بۆ ڕێگرتن لە پیسبوونی ژینگە بە ژاوەژاو پێویستە هەم ڕێژەی دەنگ لە شوێنی کار و هەم کاتی کار دیارىبکرێت.
٩. کۆکردنەوە و لەناوبردنی خۆڵ و خاشاک لە کوردستان
خۆڵ و خاشاک یەکێکی ترە لە کێشە ژینگەییە گەورەکانى کوردستان. خۆڵ و خاشاکی ماڵ، کارگە، کشتوکاڵ، خەستەخانە، کۆمپانیا پیشەسازییەکان کە بەشێکیان پاشەڕۆی مەترسیدارن، فڕێدەدرێن لە جێگەیەکدا و دەبن بەهۆی دروستبوونی هەڕەشە بۆ سەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە. بۆیە پێویستمان بە تەکنیک و شێوازی نوێ و تەندروست هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسەدا. ئەو ماددانەی شینابنەوە پێویستە دوبارە ڕیساکڵ بکرێنەوە و بخرێنەوە سووڕى بەکارهێنانەوە. کوردستان پاشەڕۆی ئۆرگانی و خۆراکى زۆرە کە دەکرێت بکرێن بە پەیین بۆ باخ و سەوزاییەکان.