بۆچی لەسەردەمی گەڕان بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەدەب هێشتا مانادار و گرنگە
بۆچی لەسەردەمی گەڕان بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەدەب هێشتا مانادار و گرنگە
بۆچی لەسەردەمی گەڕان بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەدەب هێشتا مانادار و گرنگە
ئێمە ئەمڕۆ لە سەردەمێکداین کە هەموو کاتە بەتاڵەکانمان دەدەین بە کلیککردن و گەڕان لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خوێدنەوەی ڕاستەقینە و قووڵ، وەک پیشە و هونەرێکی ونبوو و دەگمەنی لێ هاتووە. لەو کاتەوەی بەرنامەکانی وەک تیکتۆک و سناپچات و ئینستاگرام دروست بوون، ئێمە ڕاهاتووین لەسەر ئەوەی کە کارلێک لەگەڵ کۆمەڵێک ناوەڕۆکی زۆر کورت بکەین کە بە مەبەستی چێژبینین و کاتبەسەربردنمان بەو شێوەیە داڕێژراوە؛ بەڵام لێرەدا گرنگە بپرسین ئەمە لەسەر حسابی چی؟ ئەمە لەسەر حسابی جێگرتنەوەی ئەو قوڵبوونەوانەی کە پێشتر لە چالاکییەکانی وەک خوێندنەوەی ئەدەبدا هەمانبوو؛ چالاکییەک کە یارمەتیدەری گەشەکردنمان بوو. بەڵام ئەمڕۆ لە ڤیدیۆیەکی پازدە چرکەییدا هەرگیز ئەوەمان دەست ناکەوێت.
خوێندنەوە زۆر گرنگە، چونکە ڕاهێنانمان لەسەر ماوەی سەرنجدان لە شتێک پێ دەکات، ئەمەش پێچەوانەی گەڕان بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە. کاتێک ئێمە بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگەڕێین، بە پلەی یەکەم مێشکمان لەسەر ئەوە ڕادەهێنین کە لە ماوەی چرکەیەک و پەنجە جوڵاندنێکدا، لە بابەتێکەوە باز بدات بۆ بابەتێکی دیکە، ئەمەش وا دەکات کە کەمتر بتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ سەرنج لەسەر کاروبارەکانی ڕۆژانەی وەک ئەرکەکانی قوتابخانە و خوێندنەوە، چڕ بکاتەوە، بەڵام خوێندنەوە وا دەکات بۆ ماوەیەک لەسەر چیرۆکێک یان ئایدیایەک بمێنینەوە و یارمەتیمان دەدات بۆ چڕکردنەوەی سەرنج و دروستبوونی ئارامی.
سەرباری ئەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوە دروست کراون کە کاردانەوەی خێرای وەک ڕیئاکتەکان و لایک و کۆمێنت و تەماشاکردنی ڤیومان هەبێت؛ ئەمانەش کاردانەوەی خێرا و بەردەوام و بێکۆتان، بەڵام خوێندنەوە پڕۆسەیەکی هێواشتر و قوڵترە و تەنها چەند کلیکێک نییە، خوێندنەوە وا دەکات شتەکان لەڕێگەی بیرکردنەوەی خۆمانەوە هەڵبسەنگێنین؛ ناچارمان ناکات پارچەیەک نووسین وەک وێنەیەکی ئینستاگرام تەماشا بکەین و تەنها یەک ئایدیای لێوە وەربگرین، لە خوێندنەوەدا چەندین ڕێگە هەن کە دەتوانین لەسەر بنەمای زمان و شێوازی نووسین و ناوەڕۆک، دەقی لێوە بخوێنینەوە، هەروەها خوێندنەوە وا دەکات کاردانەوەمان هەبێت و فێر ببین و تێبگەین، وەک گەڕان بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە کە تەنها زانیاری ڕووکەشی تێدا بێت. کتێب یارمەتیان دەدات زمانی خۆمانمان هەبێت و کۆمەڵێک بنەمای زۆر جیاواز فێربین و هاوسۆزی لەگەڵ دەقەکەدا دروست بکەین؛ بەتایبەتیش دەقە ئەدەبییەکان؛ چوونە ناو عەقڵیەتی کەسایەتییەکی ناو دەقی ئەدەبییەوە، وا دەکات بیرکردنەوەکانی شرۆڤە بکەین و یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی جیهانبینییەکی جیاوازمان هەبێت و باشتر لەوە تێبگەین کە ئەوانی دیکەی پێدا تێپەڕ دەبن.
خاڵی کۆتایی کە دەمەوێت جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە کە کەمبوونەوەی خوێندنەوە چەند کاریگەری لەسەر توانای داهێنان و تەندروستیمان هەیە. ئەوە شتێکی ڕوونە کە ئەم نەوەیەی ئێستا کەم دەخوێنێتەوە، ئێمە زۆر بەئاسانی دەپچڕێین و لەلامان قورسە کە سەرنجمان چڕ بکەینەوە و توانای داهێنانمان کەمترە، زۆربەی کات لە ئەرکەکانماندا زۆرتر دەشڵەژێین و شتەکان ئاسانتر کارمان تێدەکەن و کاتێکی زۆرترمان بۆ تەواوکردنیان پێویستە. توێژینەوە نوێیەکان لە ئوسترالیا ئاماژە بەوە دەکەن کە %29ی خوێندکارانی قوتابخانە ئامادەییەکان، هیچ کتێبێکی چاپکراویان نەخوێندووەتەوە؛ بەهەمان شێوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ڕێژەکە لە %60ی ساڵانی 1970ەوە دابەزیوە بۆ %16 لە ساڵی 2016، کاریگەری ئەمەش لە توێژینەوەکانی دیکەدا دەردەکەوێت. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی زۆر تەماشای ڤیدیۆ کورتەکان دەکەن (ڕۆژانە نزیکەی سێ سەعات)، ئەم کارەیان کاریگەری تەواوی لەسەر کەمبوونەوەی ماوەی سەرنجدان و دواکەتنی کاردانەوەیان لەکاتی پێویست و زیادبوونی هەڵەی ئەکادیمییان هەبووە (سەرچاوەکان لە خوارەوە دانراون).
بۆیە دەکرێت بپرسیت: چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین؟ لێرەدا من دێمە ناوەوە و دەمەوێت پێشنیاری کۆمەڵێک خاڵ و چەند کتێبێک بکەم، تاوەکو بانگهێشتت بکەم بۆ ناو دنیای خوێندنەوە. لە خوارەوە دەتوانیت هەندێک لەم پێشنیارانەم ببینیت و لەبەرچاویان بگریت:
- دەتوانیت سەرەتا ڕۆژانە تەنها 10 لاپەڕە بخوێنیتەوە، تاوەکو وردەوردە لەگەڵ خوێندنەوە خۆت ڕابهێنیتەوە؛ ئەگەر خوێنەرێکی سەرەتاییت، پێویست ناکات زۆر لە خۆت بکەیت و لە ماوەی یەک ڕۆژدا ڕۆمانێک بخوێنیتەوە.
- ئەو ژانەرانە هەڵبژێرە کە لەلات چێژبەخشە، نەک ئەوانەی وا دەکەن بە زۆرلەخۆکردن بیانخوێنیتەوە.
- هەوڵ بدە سەرەتا لە کاتی پیاسەکردن و کردنی کاری دیکەدا گوێ لە کتێبیی دەنگی بگریت، چونکە سەرەتای دەستکردن بە خوێندنەوە کەمێک قورسە.
ئەگەر دڵنیا نێت لە کوێوە بچیتە ناو جیهانی خوێندنەوەوە، ئەمانە کۆمەڵێک کتێبن کە بەرەو ئەو جیهانەت کەمەندکێش دەکەن و زەحمەتە لەبیریان بکەیت:
کتێبە ئەدەبییەکان
- هەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان، جۆن گرین.
- زنجیرە کتێبی پێرسی جاکسن و خوداوەندەکانی ئۆڵۆمپ، ڕیک ڕیئۆردان.
- ئێمە درۆزن بووین، ئی. لۆکهارت.
- زنجیرە کتێبی هاریپۆتەر، جەی کەی ڕۆوڵینگ.
- یارییەکانی برسییەتی، سوزان کۆڵینگ.
بابەتەکانی دیکە
- من مەلالەم، کریستینا لامب و مەلالە یوسفزای.
- هێزی خوو، کیس دویگ.
- خووە وردەکان، جەیمس کییەر.
- یاداشتەکانی کچێک لاو، ئانا فرانک.
زیادەڕەویکردن لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەوە کاریگەریی خراپی زیاترە کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە و پێویستە زۆر وریای ئەو ناوەڕۆکانە بین کە دەرخواردی مێشکمانی دەدەین. کتێبیش لەوە زیاترمان دەداتێ کە بیری لێ دەکەینەوە، کتێب هێزی گەشەکردن و فێربوونمان دەداتێ و وا دەکات لە کاتی خۆیدا برینەکانمان ساڕێژ ببێتەوە. من داواکارم ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرن و کاتی ئەوە هاتووە کە گەڕانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەم بکەنەوە و زۆرتر بخوێننەوە.
سەرچاوەکان