گەلەری ئێستا
گەلەری ئێستا
(گەلەری ئێستا)، لە ساڵی (2018) دا دامەزراوە، بۆئەوەی ببێت بە شوێنێک بۆ چالاکیی و نمایشی هونەری شێوەکارییی لە هەرێمی کوردستان.
(گەلەری ئێستا)، بەشێکە لە کارگەی کولتوور – کارگەی جگەرەی کۆنی سلێمانی، کە خۆی لە بەرنامەیەکی بەرفراوانی هەمەڕەنگ و فرەجۆری کولتووریی، هونەریی، پەروەردەیی و ژینگەیی دەبینێتەوە.
(گەلەری ئێستا)، خوازیارە بە ستانداردێکی جیهانیی کار لەسەر هونەری شێوەکاریی هونەرمەندانی هاوچەرخی کورد بکات. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی گەلەرییەکە بریتییە لە هێنانە پێشەوەی گەنجانی بەتوانا و ڕێزگرتن لە هونەرمەندانی پسپۆڕ و بەئەزموون.
ستراتیژی (گەلەری ئێستا) بریتییە لە دروستکردنی ماڵێکی هونەریی بۆ نماییشکردنی بەرهەمەکانی هونەرمەندانی کورد و لەو ڕێگایەشەوە ناساندنیان بە جیهان.
(گەلەری ئێستا) دەیەوێت لەڕێگای پێشانگە تایبەت و هاوبەشەکانییەوە ببێت بە ڕوبەرێک بۆ بەرهەمهێنانی گوتارێکی زانستیی لە کایەی هونەر و هاندەرێک بۆ لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی و مێژوویی لە هەرێمی کوردستان.
هیوا فاوندەیشن، لە سەرەتاى دامەزراندنى گەلەرییەکەوە سپۆنسەری سەرەکیی پڕۆژەکانی (گەلەری ئێستا)یە. پاڵنەر و ئامانجە سەرەکییەکانی هیوا فاوندەیشن لە پشتیوانیکردنی ئەم پڕۆژە هونەرییە، بریتین لە:
- کۆمەڵگەى کوردیی، هاوشێوەى کۆمەڵگەکانی تری جیهان، پێویستە ئەزموونی هونەری هاوچەرخ بکات. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بە گەلەرییەکی تایبەتە کە بە ستانداردێکی هونەریی و ئەکادیمیی کاربکات. (گەلەری ئێستا)، ناوازەیە لە ناوچەکەدا، چونکە تێیدا چەندین کاری هونەریی جۆراوجۆر، بە ستانداردی نێودەوڵەتی، نماییشدەکرێت. هەموو پێشانگەیەکی گەلەرییەکەش چەمک و تەوەرێکی تایبەتی هەیە، کە زیاتر فۆکەس لەسەر ناوەڕۆک دەکات، نەک تەنها جوانناسیی و فۆرمی هونەریی.
- (گەلەری ئێستا)، سەکۆیەک دابیندەکات کە تێیدا هونەرمەندان و کۆمەڵگە بتوانن پرسە هاوچەرخەکان تاووتوێ و ئەزموونبکەن.
- هیوا فاوندەیشن پێیوایە کە هونەر دەروازەیەکە بۆ گفتوگۆی منداڵان و گەنجان لەسەر پرسە هەنووکەیی و کۆمەڵایەتییەکان. لەم گۆشەنیگایەوە بۆ هەر پێشانگەیەکی (گەلەری ئێستا) گەشتێکی تایبەت بۆ خوێندکارانی هەموو تەمەنەکان دابیندەکات، بۆئەوەی بە کۆنسێپت و تەکنیکی بەرهەمە هونەرییەکان ئاشنابکرێن.
- (گەلەری ئێستا)، هاندەر و ئیلهامبەخشە بۆ هونەرمەندانی گەنج. لەناوچەیەکدا کە هونەر لە کۆمەڵگەدا ڕەگوڕیشەی دانەکوتاوە، ئەستەمە هونەرمەندان بتوانن چالاک و بەبەرهەم و دەستپێشخەر بمێننەوە. هیوا فاوندەیشن، وایدەبینێت کە (گەلەری ئێستا)، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ و ئۆرگانیی لە بەهێزکردنی پێگە و تێگەیشتن بۆ هونەر لە کۆمەڵگەدا بگێڕێت.
(گەلەری ئێستا)، لە پێنج ساڵی تەمەنی کارکردنی خۆیدا، هەشت پێشانگەی تایبەت و هاوبەشی نماییشکردووە. رێکخستنی کۆی ئەم بەرهەمانەش لەلایەن بەرێوبەر و کوراتۆری گەلەرییەکە، هونەرمەند دارا ڕەسوڵ (دارۆ)وە ئەنجامدراوە.