پڕۆژەى "پێشەنگەکەى ناخم"
پڕۆژەى "پێشەنگەکەى ناخم"
هیوا فاوندەیشن، لە ساڵى (٢٠١٧) و ساڵانى دواتردا، دەستى بە پڕۆژەى “پێشەنگەکەى ناخم ــ The Leader in Me” کرد، کە پشت بە بابەت و ناوەرۆکى کتێبەکانى “فڕانکلین کۆڤى” دەبەستێت، بەتایبەت کتێبى “حەوت خووەکەى کەسانى پێشەنگ”. ئەم بەرنامە پەروەردەییە بۆ یەکەمجار ساڵى (١٩٩٩)، لە خوێندنگەیەکى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پەیڕەوکرا. هەتا ئەو کاتەش کە کتێبى “پێشەنگەکەى ناخم” لە ساڵى (٢٠٠٨)دا بڵاوبووەوە، دەیان خوێندنگە و سەدان خوێندکار و مامۆستا سوودیان لە بنەما بەپیتەکانى وەرگرتووە.
ئامانج لەم چالاکییە گەشەپێدانى بەهرە سەردەمییەکانە لای خوێندکارانى لاو، وەک: بڕوابەخۆبوون، کارى بەکۆمەڵ، بەهرەى چارەسەرکردنى گرفتەکان، داهێنان، هونەرى پەیوەندی و هاوشێوەکانیان. ئەم پڕۆژەیە گشتگیرە و هەریەک لە خوێندکاران، مامۆستایان، بەڕێوەبەران و دایبابانى گرتەوە. گرنگترین خەسڵەتى پڕۆژەکە بریتییە لە گۆڕینى پۆزەتیڤانەی کولتوورى گشتیی نێو خوێندنگەکان و دامەزراندنى زمانێکى هاوبەشى ئەرێنى، کە خزمەت بە بنەماکانى پڕۆژەکە بکات.
پڕۆژەکە سوودى بە چەندین خوێندنگە گەیاند:
یەکەم: سەرەتا کۆلێجى ئەزمڕ بۆ بەهرەداران وەک نموونە و ئەزموونێک هەڵبژێردرا. پاشان (١٢) مامۆستای خوێندنگەکە ڕاهێنانێکى دوو ڕۆژییان بۆ ڕێکخرا. لەم ڕاهێنانە چڕوپڕەدا کە لەلایەن نێردراوێکى فەڕمیی دامەزراوەى “فڕانکلین کۆڤى”یەوە وترایەوە، مامۆستایان لە وردەکاریی پڕۆژەکە و ناوەرۆکەکەى ئاگاداربوون.
دووەم: مامۆستا ڕاهێنراوەکان، بە مەبەستى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە لەناو قوتابخانەکەدا و گواستنەوەى ئەزموونە وەرگیراوەکانیان، تیمێکیان پێکهێنا. ئەرکیان بریتیبوو لە پشتگیریکردنى مامۆستاکانى تر، ڕێکخستنى چالاکییەکانى پڕۆژەکە لەناو خوێندنگەکەدا، ڕازاندنەوەى ناوەندى خوێندن، پێداچوونەوەى بڕیارە گرنگەکان، ئاگادارکردنەوەى دایکان و باوکان لە گۆڕانکارییە تازەکان، ڕاهێنانى مامۆستایانى نوێ، هتد. بەدەر لەمانە، گرنگترین کارى ئەم لیژنەیە بریتیبوو لە دەستەبەرکردنى ماوەی یەک کاتژمێر بۆ وتنەوەى ناوەرۆکى پڕۆژەکە بە خوێندکاران و چاودێریکردنى بەدرێژایی بەردەوامیی پرۆگرامەکە.
سێیەم: جێبەجێکردنى پرۆگرامەکە لە خوێندنگەدا لە ڕێگەى:
- تێکەڵکردنى پڕەنسیپەکان لەگەڵ وانەکانى ناو پۆلدا.
- هەڵواسینى کۆمەڵێک پۆستەرى پەیوەندیدار و بیرخەرەوە لەناو ڕاڕەو و هۆڵەکاندا.
- بەرجەستەکردنیان لە سەرجەم سیستەم، کار و چالاکییەکانى ناو خوێندنگەکەدا.
- دەستەبەرکرنى سەرچاوەى کتێب و ڕێبەرى چالاکییەکان بۆ فێرخوازان.
بێگومان یەکێک لە ئامانجەکانى ئەم پڕۆژەیە، ڕەنگدانەوەی زانیارى و ئەزموونە بەدەستهاتووەکانە لە ژیانی ڕۆژانە و کۆمەڵایەتیی فێرخوازە تازەپێگەیشتووەکانەوە.
یەکێک لە باوکەکان لە نامەیەکدا کە بۆ خوێندنگەکەى نووسیوە، دەڵێت: “شەوێکیان دواى نانى ئێوارە، منداڵەکەم کە هێشتا بچووکە و لە پۆلى سێیە، وتى دەیەوێت دەستپێشخەر بێت و چالاکانە قاپەکان بشوات، تا بتوانێت بەزوویی بچێت یارییەکەى بکات. منیش پێم وت: ‘تۆ ئەسڵەن نازانیت وشەى دەستپێشخەر چ مانایەکی هەیە!’ دواى ئەمە منداڵەکەم لە تەنیشتمەوە دانیشت و وانەیەکى تەواوى دەربارەى بابەتەکە بۆ باسکردم؛ بەجۆرێک، هەرگیز لە شوێنى کارەکەى خۆیشم ئەوەندە شتم لەسەر دەستپێشخەریی نەبیستووە!”