پڕۆژەى ٧ خووى منداڵى شادمان

هاوبەشی پێبکە

پڕۆژەى ٧ خووى منداڵى شادمان

هیوا فاوندەیشن، هەڵسا بە وەرگێڕان و چاپکردنى کتێبى بەناوبانگى “حەوت خووەکەى منداڵى شادمان”، کە لە نووسینی “شین کۆڤى”یە، کتێبەکە بریتییە لە کۆمەڵێک چیرۆکى سەرنجڕاکێش کە بەهاکانى وەک ڕێزگرتن، کارى بەکۆمەڵ، هاوسەنگیی، نەخشەدانان، هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی و متمانەبەخۆبوون، فێرى منداڵان دەکەن.

لە ساڵى (٢٠١٤)ەوە، هیوا فاوندەیشن، لەسەر بنەماى ناوەرۆکى ئەم کتێبە، دەستى بە ئەنجامدانى زنجیرە چالاکییەکى درێژخایەن کرد. بۆ ئەم مەبەستەش، باخچەى ساوایانى “شاد”ی نموونەیی بۆ ئەزموونکردن هەڵبژێردرا. سەرەتا ئەم کتێبە بەسەر منداڵانى باخچەکەدا دابەشکرا. پاشان چیرۆکەکان لەلایەن مامۆستایان (سۆزان خان و جوان خان)ەوە، هاوڕێ لەگەڵ وێنە و پۆستەرى ڕەنگاوڕەنگدا، بۆ منداڵان خوێنرانەوە و ڕوونکرانەوە.

دواتر چالاکییەکە بۆ خوێندکارانى پۆلەکانى بنەڕەتیش لە قوتابخانەکانى “سیوەیل” و “هەوارەبەرزە”ى شارى سلێمانى، وەک ئەزموونێکى نوێ دەستیانپێکرد.

بە ئامانجى فراوانترکردنى سوودەکانى ئەم پڕۆژەیە، فیلم کارتۆنێک بە زمانى کوردى، کە پەیامەکەی لە ناوەرۆکى ئەم کتێبەوە وەرگیراوە، بەرهەمهێنرا و لەسەر شاشەى کەناڵى کوردساتەوە بوو بە میوانى ماڵى هەموو منداڵانى کوردستان.