پڕۆژەى خێزانەکەم
پڕۆژەى خێزانەکەم
وەک بەشێک لە پڕۆژەی بەردەوامی خێزانەکەم، دامەزراوەی هیوا بەبەردەوامی پرۆگرامێکی ڕاهێنانی چوار ڕۆژەى بەڕێوەبرد بۆ پێشخستنی پەیوەندی سۆزداریی و سێکسیی تەندروست لەنێوان هاوسەراندا. هەروەها ڕاهێنانەکە بەدواداچوونى بۆ پرسەکانی پاراستنی منداڵان دەکرد بە هەماهەنگیی لەگەڵ دایک و باوکاندا بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانی پاراستنی منداڵەکانیان لە دەستدرێژیی، چ لەناو ماڵی خێزان و چ لە جیهانی دەرەوە. کۆرسەکانى تایبەت بە ڕێنماییەکانى مامەڵەى تەندروست لەنێوان هاوسەراندا، تا ڕادەیەک شتێکى نوێ بوو بۆ کۆمەڵگاى کوردى. پەروەردەى منداڵانیش بابەتێکى هێندە بەرینە کە پێویستى بە ڕێنمایی و ڕاهێنانى بەردەوام هەیە.
بە ئامانجى پڕکردنەوەى ئەم بۆشاییە گرنگەى ژیانى هاوسەریی و پەروەردەى منداڵان، هیوا فاوندەیشن پڕۆژەى درێژخایەنى تایبەت بە پەرەپێدانی ژیانی هاوسەریی و پەروەردەی منداڵ ڕاگەیاند و جێبەجێىکرد. پڕۆژەی “خێزانەکەم” لە شێوەی دوو کۆرسدا پێشکەش بە هاوسەران و دایکان و باوکان کرا: کۆرسی “لەنێوان من و هاوسەرەکەم” و کۆرسی “لەنێوان من و منداڵەکەم“.
ئەم پڕۆژەیە لەلایەن هەردوو ڕاوێژکاری خێزانی و خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە وڵاتی تورکیا “شیاو نەوڕۆڵی و ئەحمەد خالیدی“یەوە ئامادەکرا و لە کەشێکی هاوڕێیانەی پڕ متمانەدا لەسەر شێوەی ڕاهێنان بەڕێوەچوو. ناوەرۆکی کۆرسەکان پشتیان بەستبوو بە نوێترین سەرچاوە زانستییەکان و ئەزموونی پراکتیکی لە ژینگەی کوردەواریدا.
پڕۆژەکە ماوەى ٢ ساڵ بەردەوام بوو و لە شەش خولی پڕۆژەکە پێشکەشکرا. ماوەى هەر خولێک ٥ ڕۆژ بوو کە ٤ ڕۆژیان تایبەت بوو بە پەیوەندیی نێوان ژن و مێرد و ڕۆژێکیش بۆ پەروەردەى منداڵ. هاوسەران پێکەوە بەشدارییان لە کۆرسەکەدا دەکرد. یەکێک لە خولەکانیش لە شارى هەڵەبجە و بە هاوکاریی زانکۆى هەڵەبجە بەڕێوەچوو. لە ماوەى ئەم دوو ساڵەدا بە دەیان ژن و مێرد و دایباب بەشداریان کردووە، کەرەستە و بیرۆکەکانی پڕۆژەکەیان کردووەتە هەوێنی گۆڕانکاریی گەورە لە ژیانیاندا.
پڕۆژەکە سەرەتا وەک تاقیکردنەوەیەک ئەزموون کرا، بەڵام خۆشحاڵانە بەهۆى ئەو سەرکەوتنەى کە لەگەڵ هیوا فاوندەیشندا بەدەستیهێنا بوو بەهۆى بەردەوامى و دامەزرانى “فام ئەکادیمى” لەلایەن هەردوو تریەنەرەکەوە.