پڕۆژەى “توورەکە”

هاوبەشی پێبکە

یەکێکە لە هەڕەشە گەورە و هەنووکەییەکان بۆ سەر ژینگە بریتییە لە پاشەڕۆ پلاستیکییەکان. پلاستیک، ماوەى نزیکەی سەدەیەکە بەشێکە لە ژیانى ڕۆژانەمان. کێشەى سەرەکیی پلاستیک ئەوەیە هەم کۆمەڵێک ماددەى زیانبەخشى تێدایە بۆ خاک، ئاو و هەواى چواردەور و هەم کاتێکى زۆر دوورودرێژى دەوێت بۆ شیبوونەوە.

کوردستانیش وەک هەرێمێک کە لە سەروبەندى پێشکەوتندایە، بەداخەوە، ژینگەکەى لە ئێستادا ڕووبەڕووى ئەم مەترسییە بووەتەوە. خەباتکردن بۆ پاراستنى ژینگە و ڕێگریکردن لە شێواندنى، ئەرکى هاوبەشى تاک، خێزان، حکومەت و ڕێکخراوە مەدەنییەکانە.

هیوا فاوندەیشن لە ساڵى (٢٠١٧)دا پڕۆژەى “توورەکە”ى ڕاگەیاند و جێبەجێکرد. پڕۆژەکە بریتیبوو لە دروستکردن و دابەشکردنى توورەکەى خام بەسەر هاوڵاتییانى شارەکانى سلێمانى، هەولێر و دهۆک بە هاوکاریی ڕێکخراوى پاک و لە ڕێگەى چەند مارکێتێکەوە لەم شارانەدا دابەشکران.

ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە چالاکییە فرەڕەهەندەکانى ڕێکخراوەکەمان. چونکە لە یەکەم، وروژاندنى هۆشیاریی کۆمەڵگا بوو لەمەڕ مەترسییە ژینگەییەکانى پلاستیک. دووەم، دەستەبەرکردنى توورەکەی خام بوو وەک جێگرەوەیەک بۆ کیسى پلاستیکى بەکارهێنراو لە کاتى بازاڕکردن، سێیەم، خستنەگەڕى لاوانى خۆبەخش بوو لە چالاکییەکى ژینگەییدا و چوارەمیش دابینکردنى هەلى کار و دەرفەتى ساغکردنەوە بوو بۆ کۆمەڵێک خاتوون کە بەرهەمهێنى توورەکەکان بوون.