خولى چارەسەرى زەبری دەروونیی بۆ ژنان (Trauma Releasing Therapy)

هاوبەشی پێبکە

خولى چارەسەرى زەبری دەروونیی بۆ ژنان (Trauma Releasing Therapy)

ژنانی کوردستان بەهۆی جەنگ و سەرکوتکارییە جۆراوجۆرەکان، ڕووبەڕووى چەندین گرفتى جەستەیی و دەروونیی بوونەتەوە و دەبنەوە؛ وەک: ئازاری درێژخایەنى ماسولکەکان، خەمۆکیی، کێشەی تەرکیز، دڵەڕاوکێ، ئەزموون و یادەوەریی تۆقێنەر. ئەم گرفتە کەڵەکەبووانە زیانێکى زۆر لە ژنان بە گشتیی و لە دایکان بەتایبەت دەدات، بەجۆرێک کە دواجار ناتوانن وەکو پێویست چاودێریی منداڵەکانیان بکەن.

بۆ ئەم مەبەستە، هیوا فاوندەیشن بە هاوبەشی “یەکێتیی ژنانی کوردستان”، ۆرکشۆپێکى بۆ کۆمەڵێک ژن ڕێکخست، کە بابەتەکانی لەلایەن دوو خانمی بەتوانای دانیمارکییەوە وترانەوە. بەرنامەى خولەکە لەسەر ئەو ڕاستییە زانستی و سەلماوە دامەزرابوو کە دەڵێت، کاتێک مامەڵە لەگەڵ ڕووداوە ناخۆش و نەخوازراوەکاندا دەکەین، بەتەنها “قسە لەبارەوە کردن” بەس نییە و کاریگەرییەکی زۆر کەمی دەبێت، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا کاریگەرییەکی پێچەوانەشی دەبێت. بۆیە پێویستە جەستەش لەم پڕۆسەی چاکبوونەوەیەدا بەشدار بێت.

چارەسەرى زەبری دەروونیی “تراوما” (Trauma Releasing Therapy) بریتییە لە ڕاهێنانێکى جەستەیی تایبەت بە ئامانجى کەمکردنەوەى خەمۆکیی و دڵەڕاوکێ و تەنانەت ئازارە جەستەییەکانیش. لەم ۆرکشۆپەدا بەشداران فێری چەند ستراتیژێک کران، کە چۆن شێوازێکی تەندروستی ژیان بەدەستبهێنن و بەردەوامیی پێبدەن. هەروەها چەندین شێوازی ڕاهێنانی جەستەیی سادەیان فێرکرا، کە لە بابەتى خۆیارمەتیدان و چاکبوونەوە لە ڕووداوە شۆکهێنەرەکاندا کاریگەریی بەرجەستەکراویان هەیە. بۆ نموونە، ڕووداوەکانی وەک توندوتیژیی، نەخۆشیی قورس، یاخود ئاڵنگارییە سەختەکانی ژیان.

ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ بۆچوونى هەندێک لەو خانمانەن، کە لە خولەکەدا بەشداربوون:

  • هەست بە ئارامیی دەکەم، ئاسوودەم لە ڕووی دەروونیی و جەستەییەوە. هەروەها شێوازی خەوم باشتر بووە و تووڕەیی و گرژیم کەم بووەتەوە.
  • زۆر بەسوود بوو بۆ ئارامبوونەوە و دوورکەوتنەوە لە دڵەڕاوکێ.
  • ڕاهێنانەکان سوودێکى زۆریان هەبوو، هەوڵدەدەم ڕۆژانە دووبارەیان بکەمەوە. ڕاهێنانەکان ئەوەی وەبیرهێنامەوە، کە من وەکو ئافرەتێک سەرەڕای سەرقاڵییەکانی ژیان، پێویستە هەندێک کات بۆ خۆم تەرخانبکەم، بۆئەوەی پەرە بە لایەنی دەروونیی، هەروەها جەستەییشم بدەم.