چۆن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مێشکمان داگیر دەکەن
چۆن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مێشکمان داگیر دەکەن
چۆن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مێشکمان داگیر دەکەن
هیچ جێگەی سەرسوڕمان نییە کە لە ٢٠٢٥دا بڵێین تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون بە شتێکی سەرەکیی ناو ژیانی ئێمە. هەر لە گەڕان بەناو ڕیلەکانەوە، هەتا بەکارهێنانی فلتەرەکانی وێنە لە سناپچات؛ زۆربەی کات بێئاگاین لەو زیانانەی کە ئەم تۆڕانە پێمان دەگەیەنن، لەکاتێکدا کاریگەرییە خراپەکانیان زۆر لەوە زۆرترە کە بیری لێ دەکەینەوە. ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو لاوانەن کە تەمەنیان لەنێوان 13 بۆ 18 ساڵدایە، بەڵام گفتوگۆ دەربارەی ئەوە هەیە کە ئایا بەرکەوتن بە ناوەڕۆکی ئەو تۆڕانە کاریگەری خراپی لەسەر مێشکی گەنجان دەبێت یان نا، بۆیە لێرەدا ئەم پرسیارانە دێنە پێشێ: ئایا ڕێگە بە گەنجان بدەین تەماشای ئەو ڤیدیۆ کورتانە بکەن؟ ئایا ئەو بابەتانە کاریگەری باش یان خراپ لەسەر مێشکیان دادەنێت؟
هەرچەندە زۆر کەس لەسەر ئەوە هاوڕان کە میدیا لایەنی باشی هەیە، بەڵام ئەگەر ورد باسی بکەین، میدیا لەوە زیاتر لایەنی خراپی هەیە. زۆرێک لەو کەسانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونەتە کەسی کاریگەر، کۆمەڵێک ماسک و فلتەری ئۆنلاین بەکار دەهێنن تاوەکو وێنەیەکی خەیاڵی ‘کامڵ’ بۆ خۆیان دروست بکەن. ئەم کارە بەتایبەتی کاریگەری لەسەر ئەو مێینانە زۆرتر کە هەستیارن بەو کارە و زیانێکی زۆر بە ڕێزلەخۆگرتن و متمانەبەخۆکردنیان دەگەیەنێت و وایان لێ دەکات کە بگەنە ئەو باوەڕەی، میکیاژەکانیان بە جۆرێکی دیاریکراو بکەن و کێشی لەشیان وەک ئەوان بێت و قژیان بە جۆرێکی دیاریکراو ببڕن، یان بگەنە ئەو باوەڕەی: بۆ ئەوەی ژیانی باشتریان هەبێت و هەست بە بەهاداریی بکەن، دەبێت پارەیەکی زۆر بەدەست بهێنن. من دەمەوێت جەخت لەو ڕاستییە بکەمەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە لاوان، لایان وایە ئەگەر شێوەی جەستەیان وەک ئەو وێنە ناڕاست و دروستکراوانە بێت کە لە تۆڕەکاندا دەیبینن، ئەوە ئاگایان لە جەستەیان بووە و گرنگییان پێ داوە، بەڵام ئەوە وا دەکات تووشی کۆمەڵێک گرفتی جەستەیی و دەروونی وەک: نەخۆشیەکانی پەیوەست بە خواردن و گرفتی بەدڵنەبوونی شێوەی جەستە و خۆبەراوردکردنیان بە کەسانی ناو تۆڕەکان ببنەوە. لە توێژینەوەیەدا لە سعودییە، توێژەران ئەو ئەنجامەیان دەست کەوتووە کە %24.4ی بەشداربووان، نیشانەکانی گرفتی بەدڵنەبوونی جەستەیان هەبووە و لەناو ئەو بەشداربووانەدا ژمارەیەکی زۆریان (%29یان) ڕۆژانە ٤-٧ سەعات ئینستاگرام و سناپچاتیان بەکار هێناوە. لە یەکێک لە توێژینەوەکانی دیکەدا کە کۆلیژی شاهانەی بەریتانیا بڵاوی کردووەتەوە، %32ی کچانی لاو ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئینستاگرام وا دەکات گرفتیان لەگەڵ جەستەیاندا هەبێت، هەروەها %13یان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەهۆی ئینستاگرامەوە بیریی خۆکوژییان بەمێشکدا دێت (لینکی توێژینەوەکان لە خوارەوە هەن). ئەم ئامارانە ئەوەمان پێ دەڵێن کە بەهۆی ئەو دوو بەرنامەیەوە کە فلتەری جوانکارییان بەڕێژەیەکی زۆر تێدا بەکار دەهێنرێت، گرفت بۆ وێنەی جەستە لە مێشکی گەنجاندا دروست دەبێت و ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین گرفتی دیکەی وەک: بێزاریی و خەمۆکی و خۆدابڕین و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نەشتەرگەریی جوانکاری.
سەرباری لایەنە خراپەکانی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی درێژ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنن، وایان لێ دێت کە زیاتر بەدوای پەسەندکردنیان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بگەڕێن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین گرێی دەروونی و وا دەکات بەردەوام کاتێک کە شتێک دەخەیتە ناو ئەو تۆڕانەوە، بتەوێت کەسانی دەوروبەرت پەسەندی بکەن، یان ئەو هەستەت بۆ دروست ببێت کە ئەگەر لایک و کۆمێنت و فۆڵۆوەری زۆرت نەبێت و شتەکانت کاردانەوە دروست نەکەن، ئەوە کەسێکی بەهادار نیت. بۆ نمونە ئەگەر لاوێک وێنەیەکی خۆی کە زۆر بەدڵیەتی، بڵاوی بکاتەوە و بەردەوام بەو هیوایەی کە ژمارەیەک لایکی بە دڵی خۆی بۆ بێت، مۆبایلەکەی ڕیفرێش بکاتەوە، بەڵام لایکەکان نەگەنە ئەو ژمارەیەی کە مەبەستییەتی، ڕەنگە بەهۆی شەرمکردنیەوە پۆستەکە بسڕێتەوە. لێرەدا ئەمە دۆخێک دروست دەکات کە بەهای خۆی دەبەستێتەوە بە ژمارەی ئەو لایک و فۆڵۆوەرانەی کە هەیەتی و بەتێپەڕبوونی کات ئەو خۆبەراوردکردن و گەڕانە بەدوای پەسەندکردنیدا لە جیهانی دیجیتاڵی، سەر دەکێشێت بۆ نائارامییەکی قوڵ و بێزاریی و تەنانەت خەمۆکیش، بەتایبەت لەو کاتانەدا کە هەژمارەکەی خۆی بەراورد دەکات بە هەژماری ئەو کەسانەی کە کاریگەرییان هەیە، یان ئەو کاتەی کە خۆی بەراورد دەکات بەو هاوپۆلەی کە لە هەژمارەکەیدا وا دەردەکەوێت کە کەسێکی زۆر کامڵە. سەرەڕای ئەوەی لەو تۆڕانەدا زۆربەی ئەو وێنانەی کە دادەنرێن فلتەریان بۆ بەکار هێنراوە و بە شێوازێک لە شێوازەکان دەستکاری کراون، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە لاوان، وا دەرناکەوێت ڕەچاوی ئەوە بکەن و ئەو هەستەیان تێدا دروست دەبێت کە هەرگیز ناگەنە ئەو ئاستە. ئەمەش دەبێتە هۆی گوشارێکی ناوەکی بێدەنگ و کاریگەری لەسەر ئەوە دەبێت کە چۆن لە خۆیان و دەوروبەریان دەڕوانن.
لە کۆتاییدا باسی خاڵێکی دیکە دەکەین کە بەکارهێنانی بەردەوامی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەناو لاواندا دروستی دەکات، ئەویش ڕاهاتن و خووگرتنە بە گەڕانی خێرا بەسەر شتانێک کە ناوەڕۆکێکی کورتیان هەیە؛ ئەم کارە دەبێتە هۆی ئەوەی لەو تەمەنەدا کە کاتی گەشەکردنی مێشکیانە، توانای سەرنجدان و وردبوونەوەیان کەم ببێتەوە. گەڕانی بەردەوام بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، وا دەکات توانای سەرنجدانی لاوان کەم ببێتەوە و بەئەستەم بتوانن لەسەر بابەتێک بمێننەوە و تێدا قووڵ ببنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر چالاکییەکانی وەک خوێندنەوە و کۆششکردن و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکان و تەنانەت لەسەر ئەوەش دەبێت کە بتوانن گفتوگۆی قووڵ و درێژ لەنێوان خۆیاندا بکەن و خەیاڵیان بۆ شاشەکان نەڕوات. تۆڕەکان وا دەکەن لاوان مێشکیان لەسەر ناوەڕۆکی خێرا و بابەتی ڕووکەش و بێناوەڕۆک ڕابێت و ئەو کارانەی کە کاتی زۆریان دەوێت، بە بێزارکەر و ناوخۆشی بزانن. ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستیان لە قوتابخانە و چالاکییە جۆربەجۆرەکانی ڕۆژانەیان دادەنێت، بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن. بەتێپەڕبوونی کات، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنها نابنە هۆی سەرقاڵیی و کاتبەفیڕۆدانێکی ئاسایی، بەڵکو وردەوردە و دزە دەکەنە ناو شێوازی کارکردنی مێشک و شێوازی سەرنجدان و ڕوانینمان لە جیهانی دەوروبەرمان دەگۆڕن.
لەبەرئەوە زۆر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاریگەری خراپی زۆر لەوە زیاترە کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە و دەبێت زۆر بەئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوەڕۆکانەدا بکەین کە دەرخواردی مێشکمانی دەدەین، تاوەکو کەمتر کاریگەری خراپمان لەسەر دابنێت. پێویستە لاوانیش ئاگاداری ئەوە بن کە زیان بە ڕوانینیان بۆ وێنەی خۆیان دەگەیەنێت و کۆمەڵێک خوو و خەیاڵی ناتەندروست و ناڕاستەقینەیان بۆ دروست دەکات و ماوەی سەرنجدانیشیان کەم دەکاتەوە. پێویستە هەموومان ئەوەندە بەئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بکەین کە تەندروستی دەروونیمان پارێزراو بێت.
سەرچاوەکان:
https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC10957761/?utm_source=chatgpt.com
https://www.bbc.com/news/technology-58570353?utm_source=chatgpt.com
https://www.bbc.com/news/technology-58570353?utm_source=chatgpt.com