یۆڤاڵ هەراری: کۆمەڵێک پەند لە ساڵی کۆرۆناوە

هاوبەشی پێبکە

یۆڤاڵ هەراری: کۆمەڵێک پەند لە ساڵی کۆرۆناوە

لەو سەردەمەدا کە زانست بەرەوپێش دەچێت و سیاسەت شکست دەهێنێت، دەتوانین چی بۆ داهاتوومان فێر ببین؟

چۆن دەتوانین ساڵی کۆرۆنا لە دیدێکی فراوانی مێژووییەوە هەڵبسەنگێنین؟ زۆرکەس باوەڕیان وایە کە ڤایرۆسی کۆرۆنای مەترسیدار، تەواو ئەوەی دەرخست کە مرۆڤایەتیی بەرامبەر سروشت دەستەوستانە. بەڵام لەڕاستیدا ساڵی ٢٠٢٠ ئەوەی دەرخست کە مرۆڤ بەرامبەر سروشت بێتوانا نییە، چیتر نەخۆشییە گوازراوەکان بێچارەسەر نین و زانست وای کردووە کە بتوانین ڕووبەڕوویان ببینەوە.

لە ساڵانی پێشوودا کاتێک درمێکی وەک تاعون بڵاو بووەوە، مرۆڤەکان نەیاندەزانی چییە و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، یان نەیاندەزانی چۆن ڕێگەی لێ بگرن. کاتێک ساڵی ١٩١٨ ئەنفلۆنزای ئیسپانی H1N1 بڵاو بووەوە، باشترین زاناکانی ئەو کاتە نەیاندەزانی ئەو ڤایرۆسە چییە و زۆربەی ئەو ڕێگەیانەی لە دژی ڤایرۆسەکە گرتیانەبەر هەڵە بوو، زۆربەی ئەو هەوڵانەشی کە بۆ دروستکردنی پێکوتەیەک[1] دایان بێئەنجام بوو. 

لە کۆرۆنادا شتەکان زۆر جیاواز بوون. یەکەم زەنگی ڤایرۆسەکە لە ساڵی ٢٠١٩ دا لێی دا، بەڵام زاناکان هەرزوو لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ دا، تەنها هەر ڤایرۆسەکەیان دەستنیشان نەکرد، بەڵکو توانیان کۆی ڕیزبەندیی بۆماوەماددەی ڤایرۆسکەش بزانن و بە هەموو جیهاندا بڵاوی بکەنەوە. لەماوەی چەند مانگێکدا توانرا بەربەست لەبەردەم بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا دابنرێت، هەروەها لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا چەند پێکوتەێکی کاریگەر دۆزرانەوە و بڕێکی زۆریان لێ دروست کرا. هەرگیز لە جەنگی نێوان مرۆڤ و ڤایرۆسەکاندا، مرۆڤ ئەوەندە بەهێز نەبووە.

ژیانێکی ئۆنلاین

شانبەشانی پێشکەوتنی بایۆتەکنەلۆجی[2] ، کۆرۆنا ئەوەی دەرخست کە هێزێکی گەورەشمان لە تەکنەلۆژیای زانیاریدا هەیە. لە ساڵانی پێشوودا، دەگمەن بوو مرۆڤەکان پەتایەک بووەستێنن، چونکە نەیاندەتوانی لەکاتی خۆیدا چاودێری قۆناغەکانی بڵاوبوونەوەی بکەن، هەروەها بەهۆی تێچووە ئابوورییەکەشییەوە نەیاندەتوانی کاروباری قەدەغەی هاتووچۆ ڕابگەیەنن. لە ساڵی ١٩١٨ دا تۆ دەتتوانی ئەو کەسانە کەرەنتین بکەیت کە تووشێ نەخۆشییەکە بووبوون بەڵام نەتدەتوانی جوڵەی ئەو کەسانە ڕابگریت کە بێنیشانە بوون یان نیشانەیەکی کەمیان هەبوو، ئەگەر بڕیاریشت بدایە خەڵکی لەماڵەوە بمێننەوە، ئەوە یان باری ئابووریان تێک دەچوو، یان تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی و برسێتی دەبوون. 

ڕەچاوی ئەوە بکە، لە سەردەمی پێشوودا، بەرهەمهێنانی خۆراک پشتی بە کاری مرۆڤەکان بەستبوو، هەروەها لەسەدا نەوەدی خەڵکی کشتوکاڵیان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ وڵاتە پێشکەوتووەکان بەو شێوەیە نین. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەنها لەسەدا 1.5ی خەڵکی لە کێڵگەکاندا کار دەکەن، ئەمەش نەک تەنها خۆراکی بەشی ئەمریکا دابین کردووە بەڵکو وای کردووە ئەمریکا یەکێک بێت لەو وڵاتانەی کە خۆراک هەناردە دەکات. ئێستا زۆربەی کاری ناو کێڵگەکان بە کۆمەڵێک ئامێر بەڕێوە دەبرێن کە بەرگەی نەخۆشی دەگرن، بۆیە وەستانی کار کاریگەرییەکی بچووکیشێ لەسەریان نابێت.

وێنای کێڵگەیەکی گەنم بکە لە کاتی تاعوندا، ئەگەر بە جوتیارەکان بڵێیت لە وەرزی دروێنەدا لە ماڵەوە بمێننەوە، ئەوە برسێتیان توش دەکەیت، ئەگەر پێشیان بڵێیت وەرن و دروێنە بکەن، ئەوە لەوانەیە یەکتریی توشی نەخۆشیی بکەن. ئایا لەو کاتەدا چی بکرێت؟ 

وێنای هەمان کێڵگە لە ساڵی دا٢٠٢٠ بکە. ئێستا بە نارنی ئاماژەیەکی ئەلکترۆنی بۆ دەڕاسەیەک دەتوانیت هەموو کێڵگەکە بەشێوەیەکی زۆر باشتر بدوریتەوە و کەسیش توشی نەخۆشی نەبێت. لە ساڵی ١٣٤٩دا زۆربەی جوتیاران دەیانتوانی ڕۆژانە نزیکەی پێنج مەڵۆ گەنم بدورنەوە، بەڵام لە ٢٠١٤دا دەڕاسەیەک بە دورینەوەی ٣٠ هەزار مەڵۆ لە ڕۆژێکدا ڕیکۆردی شکاند. بۆیە کۆرۆنا کاریگەریەکی وای لەسەر بەرهەمهێنانی بەروبوومە گرنگەکانی وەک گەنم و گەنمەشامی و برنج نەبوو. 

بۆئەوەی خەڵکی تێر بکەیت، تەنها چاندنی گەنم بەس نییە، بەڵکو پێویستە هەندێکجار بە هەزاران کیلۆمەتردا بیگوازیتەوە. لە مێژوودا بازرگانی یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە درمەکان. نەخۆشییە زۆر کوشندەکان بەهۆی کەشتیی و کاروانە بازرگانییەکانەوە گوازراونەتەوە. بۆنمونە تاعون بە ڕێگەی ئاوریشمدا[3] لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیاوە گوازرایەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوێشەوە بازرگانەکانی جەنەوا گواستیانەوە بۆ ئەوروپا. بازرگانی مەترسییەکی گەورە بوو، چونکە لەسەر هەر کەشتییەک، کەشتیوانێک و چەندەها کرێکار هەبوون کە بۆ بچوکترین گەشت دەبوو هەموویان ئامادەبن و کەشتییە گەورەکانیش لانکەیەکی باش بوون بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەکان.

“ئەگەر تەنها لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش بێت، سیستەمە دیجیتاڵییەکان و ئینتەرنێت وای کرد بتوانین کارکردن ڕابگرین”

لە ٢٠٢٠ دا، چالاکیی بازرگانیی جیهانیی کەم تا زۆر بەردەوام بوو، هەرچەندە چالاکیی مرۆڤەکانیش لەو ماوەیەدا کەم بوو. کەشتییەکی ئۆتۆماتیکی ئەمڕۆ توانای بارکردنی لە کەشتیگەلە کۆنەکان زۆر زیاترە. لە ساڵی ١٥٨٢ دا کەشتیگەلە بەریتانییەکان توانای بارکردنیان ٦٨ هەزار تەن بوو، بۆ ئەوەش شانزە هەزار کەشتیوانیان پێویست بوو. ئەمرۆ کەشتی OOCLی هۆنکۆنگ کە ساڵی ٢٠١٧ دروست کرا، دەتوانێت ٢٠٠ هەزار تەن بگوازێتەوە و تەنها ٢٢ کەشتیوانیشی پێویستە.

ڕاستە گەشتیاریی ناو ئەو کەشتییانە و سەرنشینی فڕۆکەکان کاریگەری گەورەیان لەسەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هەبوو، بەڵام لەم کاتەدا گەشتوگوزار و گەشتی بازرگانی ئەوەندە پێویست نییە، گەشتیارەکان دەتوانن لە ماڵەوە بمێننەوە و بازرگانەکانیش دەتوانن زووم بەکار بهێنن، کەشتییە زەبەلاحەکان و شەمەندەفەرە بێشۆفێرەکانیش دەتوانن ئابووری جیهانیی لە جوڵاویدا بهێڵنەوە. کاتێک لە ٢٠٢٠دا گەشتکردن بەتەواوەتی لە هەموو جیهاندا کەم بووەوە، بازرگانیی دەریایی تەنها لەسەدا چوار کەمی کرد. 

سیستەمە خۆکاریی و دیجیتاڵییەکان کاریگەری گەورەیان لەسەر بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییەکان هەبوو. ساڵی ١٩١٨ شتێکی باوەڕپێنەکراو بوو کە ئۆفیس و قوتابخانە و دادگا و کەنیسەکان لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆدا بەردەوامبن لە کارکردن. ئەوسا ئەوە پرسیار بوو، ئەگەر خوێندکاران و مامۆستایان لە ماڵەوە بهێڵیتەوە، چۆن لە وانەکانیان بەردەوامبن؟ ئەمڕۆ ئێمە وەڵامەکەی دەزانین. بەڵام لە هەمان کاتدا گۆڕینی شتەکان بۆ ئۆنلاین چەندین کاریگەری خراپی هەبوو، ئەو کێشانەی دروستی کرد تەنها عەقڵیی نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێک کێشەی چاوەڕواننەکراوی دیکەشی دروست کرد، وەک ئەوەی پارێزەرێک لەکاتی دادگاییکردندا لە بەرنامەی زووم، فلتەری پشیلەی بەکار هێنا. بەڵام لێرەدا ڕاستییەکە ئەوەیە دەتوانین بەوەشەوە بەردەوام بین. 

لە ساڵی ١٩١٨ دا مرۆڤەکان تەنها یەک جیهانیان هەبوو کە ئەویش جیهانێکی بەرجەستە و فیزیکی بوو، بۆیە کە پەتا گەورەکەیان تێدا بڵاو بووەوە هیچ جێیەک نەبوو بۆی ڕابکەن. بەڵام ئەمڕۆ زۆربەمان دوو جیهانمان هەیە، جیهانێکی بەرجەستە و جیهانێکی ئۆنلاین. کاتێک کۆرۆنا بە جیهانە بەرجەستەکەدا بڵاو بووەوە، زۆرێک لە خەڵکی بەشێكی زۆری ژیانیان بردە ناو جیهانە ئۆنلاینەکەوە و ڤایرۆسەکەش نەیدەتوانی بێتە ئەوێ.

بەدڵنیاییەوە مرۆڤ بوونەوەرێکە کە شتی بەرجەستەی دەوێت و ناتوانین هەموو شتەکان بگۆڕین بۆ دیجیتاڵی. ساڵی کۆرۆنا بەتەواوەتی ئەوەی نیشان داین کە ڕۆڵی ئەو کرێکانەی کە موچەیەکی کەم وەردەگرن (سستەرەکان، پاکژکەرەکان، شۆفێری بارهەڵگرەکان، کاشێرەکان و ئەوانەی کە کاری گەیاندن دەکەن) چەند گرنگە لە هێشتنەوەی کۆمەڵگەدا. زۆرجار دەگوترێت شارستانییەت سێ میل لە بەربەریەتەوە دوورە. لە ٢٠٢٠دا ئەو کەسانەی کە کاری گەیاندن دەکەن، هێڵێکی گرنگ بوون بۆ بەستنەوەی کۆمەڵگە بەیەکەوە. ئەوان تاکە ڕێگەی بەستنەوەمان بوون بە جیهانی بەرجەستەوە. 

ئینتەرنێت کۆمان دەکاتەوە 

کاتێک جیهان دەبێت بە سیستەمێکی خودکار و دیجیتاڵیی و چالاکییەکان دەبن بە ئۆنلاین، ئەمە دەمانخاتە بەردەم مەترسییەک. یەکێک لە دیارترین شتەکانی سەردەمی کۆرۆنا ئەوە بوو ئینتەرنێت مەودای هەناسەدانی نەدەهێشتەوە. ئەگەر لەپڕ لەسەر هاتوچۆی پردێک زۆر زیاد بکات ئەوە قەرەباڵغی دروست دەبێت و ڕەنگە پردەکەش دابڕمێت، لە ٢٠٢٠دا قوتابخانەکان و ئۆفیسەکان و کەنیسەکان هەتا شەوانێکی درەنگ کاریان دەکرد و ئینتەرنێتیش بەردەوامی پێ دەدا.

زەحمەتە بتوانین بیر لەمە نەکەینەوە، بەڵام پێویستە بیری لێ بکەینەوە. دوای ساڵی ٢٠٢٠ەوە ئیتر ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە ئەگەر قەدەغەی هاتووچۆش ڕابگەیەنین، ژیان هەر بەردەوام دەبێت. ئێستا بیر لەوە بکەرەوە ئەو سیستەمە دیجیتاڵییەی بنیاتمان ناوە چی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. 

تەکنەلۆژیای زانیاری وای کرد ئێمە باشتر ڕووبەڕووی ڤایرۆس ببینەوە، بەڵام هەر بەهۆی ئەویشەوە بوو کێشەی هێرشی ئەلکترۆنیش زیادی کرد. خەڵکی زۆرجار دەپرسن: “کۆرۆنای داهاتوو چی دەبێت؟” هێرش بۆ سەر بناغە تەکنەلۆژیەکانمان دەبێتە کۆرۆنای داهاتوو. چەند مانگێکی پێچوو هەتا کۆرۆنا بە هەموو جیهاندا بڵاو بووە و ملیۆنان کەسی توش کرد، بەڵام بناغەی زانیارییە دیجیتاڵییەکانمان دەکرێت لە چەند چرکەیەکدا بڕوخێت. لەوکاتەدا ئەگەر قوتابخانە و ئۆفیسەکانێش لە ئۆنلاینەوە بگۆڕیتەوە بۆ ئاسایی، ئەی چەندێک کاتت پێویستە بۆئەوەی لە ئیمێڵەوە بگەڕێیتەوە بۆ نامەبەریی؟

کامیان بەرپرسیارە؟

لە گۆشەیەکی دیکەوە کۆرۆنا زیاتر سنوورداری هێزە تەکنەلۆژیی و زانستییەکەمانی نیشان داین و پێی گوتین زانست ناتوانێت جێگەی سیاسەت بگرێتەوە. کاتێک بڕیار لەبارەی بابەتێکەوە دەدەین کە لەبارەی ئاسایشەوەیە، دەبێت کۆمەڵێک بەها و ویست ڕەچاو بکەین، لەکاتێکدا هیچ ڕێگەیەکمان نییە بۆئەوەی ئەوە دیاری بکات کە کام ویست و بەهایە گرنگترە، هەروەها ڕێگەیەکی زانستیشمان نییە بۆئەوەی بۆمان یەکلایی بکاتەوە چی بکەین. 

بۆنمونە کاتێک بڕیار لەسەر قەدەغەی هاتووچۆ دەدەین، تەنها ئەوە بەس نییە کە بپرسین، “چەند کەس توشی کۆرۆنا دەبن ئەگەر قەدەغەی هاتووچۆ ڕانەگەیەنین؟” دەبێت ئەوەش بپرسین: “چەند کەس توشی خەمۆکیی دەبن ئەگەر ڕایبگەیەنین؟ چەند کەس خۆراکیان نامێنێت؟ چەند کەس کاریان نامێنێت و چەند کەسیش بێبەش دەبن لە خوێندن؟ چەند کەسیش لەلایەن هاوسەرەکەیانەوە لێیان دەدرێت و دەکوژرێن؟”

ئەگەر هەموو ئەو زانیاریانەی لەسەر ئەو باسانە کۆیان دەکەینەوە، ورد و گونجاویش بن، دەبێت بپرسین: “ئێمە زیاتر چی ڕەچاو بکەین؟ کێ بڕیاری لەسەر بدات؟ چۆن ئەو ژمارانە بەرامبەر یەکتر دابنێین و هەڵیان بسەنگێنین؟” ئەمەش زیاتر کێشەیەکی سیاسییە نەک زانستی. ئەوە سیاسییەکانن کە دەبێت هاوسەنگیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی کۆمەڵگە ڕەچاو بکەن و ئاسایشێکی نەتەوەیی گونجاو دابڕێژین.

ئەندازیارەکان کۆمەڵێک بەرنامەی دیجیتاڵییان دروست کردووە کە وا دەکات لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆدا بەردەوام بین، هەروەها کۆمەڵێک ئامرازیشیان بۆ چاودێریکردن و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دروست کرد، بەڵام بەدیجیتاڵبوون و چاودێریکردن مەترسییان خستووەتە سەر ژیانی تایبەتیمان و ڕێگەیان بۆ دروستبوونی کۆمەڵێک سیستەمی دیکتاتۆری کردووەتەوە کە وێنەی نەبووە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا چاودێرییکردنی کۆمەڵگە زیاتر بووە و ڕەوایەتی زیاتری پێ دراوە. ڕووبەڕووبوونەوەی پەتا گرنگە، بەڵام دەکرێت بە زەوتکردنی ئازادیمان باجەکەی بدەین؟ لەجیاتی ئەندازیاران، سیاسییەکان دەبێت هاوسەنگییەک ڕابگرن لەنێوان چاودێریکردنی بەسوود و بوون بە دێوەزمە بەسەرمانەوە.

سێ بنەمای سەرەکی هەن کە دەتوانن لە دیکتاتۆریی دیجیتاڵیی بمانپارێزن، بەتایبەت لە کاتی پەتاکاندا. یەکەم کاتێک زانیاری کۆ دەکەیتەوە-بەتایبەت زانیارییە کەسییەکانیان-دەبێت ئەو زانیارییە بۆ یارمەتیدانیان بێت نەک کۆنترۆڵکردن و زیانپێگەیاندن و بەکارهێنانیان. پزیشکەکەم شتی زۆر زۆر تایبەت دەربارەی من دەزانێت، منیش بەوە ڕازیم، چونکە متمانەم پێی هەیە و دەزانم لە بەرژەوەندی من بەکاری دەهێنێت. پزیشکەکەم نابێت ئەو زانیارییانە بفرۆشێت بە هیچ دامەزراوە و لایەنێکی سیاسی، ئەمە بۆ هەموو ئەو دەزگا چاودێرییانەش ڕاستە کە لەکاتی پەتاکاندا دروستیان دەکەین.

دووەم، چاودێری دەبێت بە هەردوو ئاڕاستەکەدا بێت. ئەگەر چاودێریی تەنها لەسەرەوە بۆ خوارەوە بێت، ئەوە ڕێگەیەکی باشە بۆ دروستبوونی دیکتاتۆر. بۆیە هەرکاتێک بتەوێت چاودێری زیاتر بخەیتە سەر تاکەکان، دەبێت لەگەڵیدا چاودێری زیاتریش بخەیتە سەر حکومەت و دامەزراوەکان. بۆ نمونە، لەم قەیرانەدا حکومەت پارەیەکی زۆری دابەش کرد، لێرەدا دەبێت پڕۆسەی دابەشکردنی ئەو پارەیە زۆر ڕوون بێت. من وەک هاونیشتیمانییەک، دەمەوێت زۆرباش بزانم کێ چی وەرگرتووە و کێش بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە کێ چی وەربگرێت. دەمەوێت لەوە دڵنیا ببمەوە، ئایا ئەو پارەیە دەچێت بۆ ئەو بازرگانیی و خزمەتگوزارییانەی کە من پێویستمە یان دەچێت بۆ ئەو دامەزراوە گەورانەی کە هاوڕێی سەرۆکوەزیرانن. ئەگەر حکومەت گوتی لەم کاتەدا ئەستەمە بتوانین دەزگایەکی لەو جۆرە دروست بکەین، ئەوە بڕوای پێ مەکەن. ئەگەر چاودێریکردن بەسەر هەموو شتێکەوە ئەستەم نەبێت-ئەوە چاودێریکردنی حکومەتیش ئەستەم نییە. 

سێیەم، نە لەکاتی پەتا و نە لەدوای ئەوەش، مەهێڵن لە یەک شوێندا داتایەکی زۆر کۆببێتەوە. قۆرخکردنی زانیارییەکی زۆر هەنگاوێکە بەرەو دیکتاتۆری، بۆیە ئەگەر بمانەوێت ڕووپێوییەک لەسەر هاوڵاتیان بکەین بۆ ڕێگرتن لە پەتاکە، ئەوە دەبێت دامەزراوەیەکی تەندروستی سەربەخۆ ئەوە بکات نەک پۆلیس، هەروەها دەبێت ئەو زانیارییانە لە شوێنێکی جیاوازدا بپارێزرێن و جیا بکرێنەوە لەو زانیارییانەی کە وەزارەتەکان و دامەزراوە گەورەکان کۆیان کردووەتەوە. ڕاستە ئەوە لەوانەیە دووبارەبوونەوە و کەموکورتی تێ بکەوێت، بەڵام کەموکورتی دەبێتە تایبەتمەندییەکی کارەکە نەک دروستکردنی کەلێنێکی گەورە لە کارەکەدا. دەتەوێت دیکتاتۆری دیجیتاڵی بووەستێنێت؟ لێگەڕی با شتەکان کەمێک کەموکورتییان تێدا بێت. 

با بچینە سەر سیاسییەکان 

سەرکەوتنە زانستیی و تەکنەلۆژییە بێوێنەکان نەبووە هۆی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی کۆرۆنا. سیاسییەکان پەتاکەیان لە کارەساتێکی سروشتییەوە گۆڕی بۆ کێشەیەکی سیاسی. کاتێک تاعون ملیۆنان کەسی کوشت، هیچ کەس چاوەڕوانییەکی زۆری لە پاشا و ئیمپراتۆرییەتەکان نەبوو. لە یەکەم شەپۆلی تاعوندا لە بەریتانیا نزیکەی سێیەکی هاوڵاتیان مردن، بەڵام ئەمە وای نەکرد کە ئیدواردی سێ تاجەکەی لەدەست بدات. ئەوە تەواو ڕوون و ئاشکرا بوو کە لە دەسەڵاتی پاشادا نەبوو ئەو پەتایە بوەستێنێت، بۆیە کەس لەو کارەساتەدا لۆمەی نەدەکرد.

ئەمڕۆ ئامڕازی زانستیمان لەبەردەستدایە بۆ وەستاندنی کۆرۆنا، وڵاتان لە ڤێتنامەوە بۆ ئوسترالیا ئەوەیان سەلماندووە کە بەبێ پێکوتە و ئامرازەکانی دیکەش دەتوانین ئەو پەتایە تێپەڕێنین، بەڵام ئەو ئامرازانە باجی کۆمەڵایەتی و سیاسییان هەیە. ئێمە دەتوانین ئەو باجە بدەین و بەسەر ڤایرۆسەکەدا سەر بکەوین، بەڵام لەوە دڵنیا نین کە ئایا دەبێت ئەو هەموو باجە بۆ سەرکەوتنمان بەسەریدا بدەین. بۆیە لێرەدا دەستکەوتە زانستییەکان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان خستووەتە ئەستۆی سیاسییەکان. 

 ” سیاسییەکان دەبێت هاوسەنگییەک ڕابگرن لەنێوان چاودێریکردنی بەسوود و بوون بە دێوەزمە بەسەرمانەوە”

بەداخەوە زۆربەی سیاسییەکان نەیانتوانی ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرن. بۆ نمونە سەرۆکە پۆپۆلیستەکانی[4] ئەمریکا و بەرازیل لە گەورەیی مەترسییەکانیان کەم دەکردەوە و هۆشداریی شارەزایانیان ڕەت کردەوە و کاریان بە بیردۆزی پیلانگێڕیی کرد. ئەوان ڕەتیان کردەوە کە کار بە پلانەکانی حکومەت و شارەوانییەکان بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە. گوێنەدان و نابەرپرسیارێتیی ترەمپ و بۆلسۆنارۆ بووە هۆی مردنی سەدان و هەزاران کەس، مردنێک کە ڕێگەی لێ نەدەگیرا.

هەروەها ئەوەشمان بینی، حکومەتی بەریتانیا گرنگییەکی زیاتری بە جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا دا وەک لە کۆرۆنا. بەو هەموو گرنگیدانە بە جیابوونەوە، شکستی هێنا لە جیاکردنەوەی بەریتانییەکان لە گرنگترین شت کە ئەویش کۆرۆنا بوو. ئیسرائیلیش کە نیشتیمانی دایکمە، بەدەست باش مامەڵەنەکردنی سیاسییەوە ئازارێکی باشی چەشت. ئیسرائیل وەک تایوان و نیوزلەندا و قوبرس دورگەیە و سنوورەکانی داخراوە، تەنها یەک دەروازەی هەیە ئەویش فڕۆکەخانەی Ben Gurionە. بەڵام لە گەرمەی ڤایرۆسەکەدا حکومەتەکەی ناتانیاهۆ ڕێگەی دەدا بەوەی خەڵک بە فڕۆکەخانەکەدا هاتووچۆ بکەن بەبێ ئەوەی کەرەنتین بکرێن یان پشکنینێکی گونجاویان بۆ بکرێت، هەروەها ڕەتی کردەوە قەدەغەی هاتووچۆش پیادە بکات.

بەریتانیا و ئیسرائیل لە پێشەوەی ئەو وڵاتانە بوون کە سەرقاڵی دروستکردنی پێکوتە بوون، بەڵام بڕیارە پێشوەختە هەڵەکانیان زیانێکی گەورەی لێدان. لە بەریتانیا، پەتاکە ژیانی لە ١٢٠ هەزار کەس سەندەوە و بەریتانیای خستە پلەی شەشەم لە زۆریی ڕێژەی قوربانیان. تا ئێستاش ئیسرائیل لە پلەی حەوتەمی زۆرترین توشبوودایە و ئێستا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان پەنای بردووەتە بەر ڕێککەوتنی کڕینی پێکوتە لە کۆمپانیای ڤایزەر. ڤایزەریش لەبەرامبەر وەرگرتنی کۆمەڵێک زانیاری زۆردا، پەیمانی ئەوەی داوە کە پێکوتە بۆ هەموو ئیسرائیل دابین بکات. ئەمڕۆ نیگەرانییەکان دەربارەی بەکارهێنانی زانیارییە کەسییەکان و قۆرخکردنی داتاکان زیادی کردووە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە زانیاریی لەبارەی خەڵک یەکێکە لە سامانە گرنگەکانی حکومەت.

لەکاتێکدا هەندێک وڵات کارێکی باشیان کرد، بەڵام مرۆڤایەتی هێشتا شکستی هێنا لەبەرامبەر ڤایرۆسەکەدا و نەیتوانی پلانێکی جیهانی دابنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی. سەرەتاکانی ٢٠٢٠ ئێمە بە هێواشی دروستبوونی کارەساتەکەمان دەبینی. تەکنەلۆژیا نوێیەکان وایان کرد هەموومان قۆناغەکانی سەرەتای ڤایرۆسەکە لە وهان و ئیتاڵیا و پاشان وڵاتەکانی دیکە ببینین، بەڵام کەس نەبوو لە جیهاندا سەرکردایەتی وەستاندنی ئەو دێوەزمەیە بکات. لەو کاتەدا هەموو پێداویستییەک هەبوو، بەڵام ژیرییەکی سیاسیی بوونی نەبوو.

بەم شێوەیە ڕزگارمان نابێت

یەکێک لەو هۆکارانەی کە وادەکات دابڕانێک لەنێوان سەرکەوتنە زانستییەکان و شکستە سیاسییەکاندا هەبێت ئەوەیە زاناکان لەهەموو جیهاندا پێکەوە هاوکاری یەکتر دەکەن بەڵام سیاسییەکان حەزیان بە ململانێیە. سەرەڕای ئەوەی زاناکان لەژێر پەستان و نادڵنیاییدان، بەڵام ئازادانە زانیاریی ئاڵوگۆڕ دەکەن و پشت بە زانیاریی و دۆزینەوەکانی یەکتریی دەبەستن. زۆرێک لە توێژینەوە گرنگەکان لەلایەن تیمێکی نێودەوڵەتیەوە کراوە. بۆ نمونە یەکێک لەو توێژینەوە گرنگانەی کە دەربارەی کاریگەری قەدەغەی هاتووچۆ کرا، توێژەرانی نۆ دامەزراوە بەشدارییان تێدا کرد کە یەکێیان لە بەریتانیا و سیانیان لە چین و پێنجیان لە ئەمریکا بوون.

بەپێچەوانەوە سیاسییەکان شکستیان هێنا لەوەی گرۆیەکی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە دروست بکەن و پلانێکی نێودەوڵەتی دابنێن. دوو دەوڵەتە زلهێزەکەی جیهان، چین و ئەمریکا، یەکترییان بە شاردنەوەی زانیایی و پێدانی زانیاریی هەڵە و پیلانگێڕان و تەنانەت بە بڵاوکردنەوەی بەمەبەستی ڤایرۆسەکە تاوانبار دەکرد. زۆرێک لە وڵاتانی دیکەش یان زانیارییان دەشاردەوە، یان زانیاری ساختەیان دەربارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بڵاو دەکردەوە. 

لەوەی بینیمان، پێکەوە کارنەکردن تەنها لە جەنگی پێدانی زانیارییدا نەبوو، بەڵکو لەسەر پێداویستییە پزیشکییەکانیش بوو. لەکاتێکدا نمونەیەکی زۆری هاوکاریی پێکەوەیی و بەخشینمان هەبوو، بەڵام هیچ هەوڵێکی جدی بۆ کۆکردنەوەی سەرچاوە پێویستەکان و ڕێکخستنەوەی بەرهەمهێنان و دابەشکردنیان نەدرا. بەتایبەتیی دیاردەیەکی نوێ دروست بوو کە پێی دەگوترا “ڕەگەزپەرستیی لەسەر پێکوتە” و جۆرێکی دیکەی لە نایەکسانیی لەنێوان وڵاتاندا هێنایە ئاراوە، هەندێک وڵات ڕێکەوتنیان لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان دەکرد، ڤاکسینیان بۆ خۆیان دەکڕی و هەندێکیش نەیاندەتوانی ئەوە بکەن.

شتێکی ناخۆشە کە دەبینیت زۆر کەس نەیانتوانیوە ڕاستییەک لەسەر ئەم پەتایە تێبگەن کە ئەویش ئەوەیە: ڤایرۆسەکە لە هەر شوێنێک تەشەنە بکات و بڵاو ببێتەوە، مەترسیییە بۆ سەر هەمووان و هیچکەس سەلامەت نییە. وای دابنێ ئیسرائیل و بەریتانیا سەربکەوتوون بەسەر ڤایرۆسەکەدا و ناهێڵن بێتە وڵاتەکەیانەوە، بەڵام ڤایرۆسەکە لە خەڵکی وڵاتانی دیکەدا بڵاو دەبێتەوە و ملیۆنان کەس تووش دەبن، لەو کاتەدا بازدانێکی بچوکی ڤایرۆسەکە لە شارۆچکەیەکی دوورەدەستی بەڕازیل ڕەنگە بتوانێت وا بکات پێکوتەکان ناچالاک ببن و دووبارە شەپۆلێکی نوێی نەخۆشییەکە بڵاو ببێتەوە.

لەم دۆخە ناهەموارەدا تەنها بانگەشەکردن بۆ خۆنەویستی، ڕەنگە نەتوانێت وا بکات لە نەتەوەپەرستیی و خۆویستی ڕزگارمان ببێت، هەرچەندە لەم دۆخەدا پێکەوەکارکردن خۆنەویستی نییە، بەڵکو گرنگە بۆ هێشتنەوەی هەموومان. 

دژەڤایرۆسێک بۆ جیهان

قسەکردن دەرابرەی ئەوەی لە ٢٠٢٠ دا ڕوویدا، بۆ چەند ساڵێک بەردەوام دەبێت، بەڵام دەبێت هەموومان بە هەموو جیاوازییەکانەوە وانەی لێ وەربگرین و لە سێ شتدا هاوڕابین و کاری لەسەر بکەین. 

یەکەم، دەبێت بناغەی سیستەمە دیجیتاڵییەکان قایمتر بکەین. ڕاستە سیستەمە دیجیتاڵییەکان ڕزگارکەرمان بوون، بەڵام ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا کارەساتی گەورەتر بخوڵقێنن. 

دووەم، هەموو وڵاتێک پێویستە گرنگی زیاتر بە سیستەمی تەندروستی بدات. هەرچەندە ئەم خاڵە خۆی ئاشکرایە و پێویستی بە گوتن نییە، بەڵام زۆرکات سیاسییەکان و دەنگدەران سەرکەوتوون لە پشتگوێخستنی شتە زۆر دیارەکان.

سێیەم، دەبێت سیستەمێکی جیهانی بەهێز بۆ چاودێریکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی پەتا جیهانییەکان دروست بکەین. بەدرێژایی مێژووی جەنگی نێوان مرۆڤ و نەخۆشخەرەکان، هەموو مرۆڤەکان لە هێڵی پێشەوەی ئەو جەنگەدا بوون، ئەگەر ئەو هێڵە تێک بشکێت هەموومان دەکەوینە مەترسییەوە. تەنانەت لە بەرژەوەندی دەوڵەمەندترین کەسی وڵاتێکی پێشکەوتوودایە کە هەژارترین کەسی وڵاتێکی دواکەوتوو بپارێزێت. ئەگەر ڤایرۆسێکی نوێ لە شەمشەمەکوێرەیەکەوە بۆ مرۆڤێکی هەژاری ناو کوێرەدێیەک بگوازرێتەوە، ڕەنگە لەماوەی چەند ڕۆژێکدا بڕوات بەرەو ۆڵستریت.

بناغە و پەیکەری ئەو سیستەمە تەندروستییە لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییی و چەند دامەزراوەیەکی دیکەدا هەیە، بەڵام ئەو بودجەیەی بۆیان دابین دەکرێت زۆر کەمە و ململانێشیان لەگەڵ سیاسییەکاندا بۆ ناکرێت. دەبێت هەندێک دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری زیاتر بدرێت بەم ڕێکخراوە، تاوەکو بەتەواوەتی ملکەچ نەبێت بۆ سیاسییە خۆپەرستەکان. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ناتوانیت باوەڕ بکەیت بەوەی چۆن دەکرێت بڕیارە چارەنوسسازەکان دەربارەی ئاسایشی هاوڵاتیان بدرێتە دەست کەسانێک کە هەڵبژێردراوی خەڵک نین. ڕەنگە ئەمە لە بەرژەوەندی سیاسییەکانیش بێت، بەڵام دەزگایەکی سەربەخۆی تەندروستیی دەبێتە شوێنێکی باش بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی زانیارییەکان، چاودێریکردنی مەترسییەکان، ئاگادارکردنەوەی خەڵک، دیاریکردنی ئاراستەی توێژینەوەکان و گەشەکردنیان.

زۆربەی خەڵک لەوە دەترسان کە کۆرۆنا سەرەتای سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی پەتا بێت، بەڵام ئەگەر ئەم وانانەی سەرەوە ڕەچاو بکەین، ئەوا ئەو شۆکەی کە کۆرۆنا توشی کردین کەمتر دەبێتەوە. مرۆڤایەتیی ناتوانێت ڕێگریی لە پەیدابوونی ڤایرۆسی نوێ بکات و ئەوە پرۆسەیەکی سروشتیی پەرەسەندنە کە ملیۆنان ساڵە بەردەوامە و هەر بەردەوامیش دەبێت. بەڵام ئەمڕۆ مرۆڤ کۆمەڵێک زانیاریی و ئامرازی هەیە کە بتوانێت ڕووبەڕووی نەخۆشخەرە نوێیەکان ببێتەوە و ڕێگریی بکات لەوەی کە ببن بە پەتایەکی جیهانی.

ئەگەر کۆرۆنا لە ٢٠٢١یشدا هەر بەردەوامبێت لە بڵاوبوونەوە و ملیۆنان کەسیش بکوژێت، یان ئەگەر نەخۆشی زۆر کوشندەتریش بڵاو ببێتەوە لە ٢٠٣٠ دا، ئەوە نە دەبنە دیاردەیەکی سروشتیی ڕێلێنەگیراو و نە سزایەکی خوداییشن. ئەوە تەنها شکستی مرۆڤەکانە و بەتایبەتیش شکستی سیاسییەکان. 

یۆڤاڵ نوح  حەراری نووسەری کتێبی ‘Sapiens’, ‘Homo Deus’, ‘21 Lessons for the 21st Century’ و ‘ ‘Sapiens: A Graphic Historyە. 

 سەرچاوە

https://on.ft.com/3u9DG9F

 

[1] – پێکوتە: ڤاکسین

[2] زانستی بەکارهێنانی زیندەوەرانە لە تاقیگەدا بەمەبەستی بەرهەمهێنان.

[3] – ڕێگەیەکی بازرگانییە کە بازرگانان لە چینەوە پێدا هاتوون بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەویشەوە چوونەتە ئەوروپا. 

[4] – ئەو کەسانەن کە دەیانەوێت جەماوەر لێیان ڕازیبێت و بۆ ڕاکێشانی ئەوان کار دەکەن.