کام لەم خووانە ناهێڵێت ببیت بە گەیەنەرێکی مەزن؟
کام لەم خووانە ناهێڵێت ببیت بە گەیەنەرێکی مەزن؟
بەدرێژایی ساڵەکان، جولیان ترێژەر چەند پاڵنەرێکی هەستی هاوبەشی دیاریکردووە کە هێزی پەیوەندیکردن هەڵدەمژێت. بەمانە دەڵێت چوار زەرووەکە. ترێژەر دەڵێت، “زۆربەی خەڵک – بە خۆشمەوە!—زۆربەیان هەیە ئەگەر هەموویان نەبێت”. “هەروەها دەشڵێت “من ناڵێم خراپ یان هەڵەن، یان دەبێت یەکسەر بەنەفرەت بکرێت؛ گرنگترین شت ئەوەیە ئاگاداریان بن و نەهێڵن ئەوان گفتوگۆ و گەیاندنەکە بگرنە دەست.” لە خوارەوە، ئەو چوار زەرووە ڕووندەکاتەوە.
زەرووی ژمارە ١: ڕووخساری جوان
هەموومان حەز دەکەین ڕووخسارمان جوانبێت. بەڵام، ئەم خواستە بنچینەییەی مرۆڤ دەکرێت زۆرجار بکەوێتە سەر ڕێگەی توانای گوێگرتن و توانای قسەکردنمان. ئەم مەیلە زۆرجار لە دوو وشەی زۆر سادەدا دەردەکەوێت: “من ئەزانم.” بەڵام ئەگەر هەموو شتێک بزانم، دەتوانم چی فێرببم؟ بێگومان هیچ شتێک. وتەیەکی زێنی بوزی هەیە زۆر بە جوانی ئەمە دەخاتە ڕوو: “زانین ئەوەیە هەموو ڕۆژێک فێری شتێک ببیت. ژیری ئەوەیە هەموو ڕۆژێک دەستبەرداری شتێک ببیت.
ورەڕووخێنەریشە لەنزیک کەسێکەوە بیت کە سەرنجڕاکێشانی مەحاڵبێت. پسپۆڕی گەیاندن تریشا باومان چیرۆکێکی بۆ گێڕامەوە کە زۆر باش ئەمە نیشان ئەیات. لە پاریس نیشتەجێبوو و وایزانی زۆر خراپ بووە لە نیشاندانی دڵخۆشبوونی خۆی بەو دیمەنانەی کە بەرچاوی دەکەوت. هەرجارێک سەرسامی خۆی بە شوێنێکی جوان دەردەبڕی، هاوڕێ نوێکانی گوێپێنەدانیان پێوەدیار بوو. هەندێک کاتی پێچوو هەتا بۆی دەرکەوت کێشە لەخۆیدا نییە، لەو کۆمەڵە کەسانەدا، لە پاریسدا، بە شتێکی هەڵە دادەنرێت ئەگەر ببینرێت بە شتێک سەرسام بوویت. ئەوە خۆی لەخۆیدا کێشەیەکی ئەوتۆ نییە، بەڵام ڕەفتارێکە شادی ئەکوژێت. شادیش شتێکی بەنرخە لەم جیهانەدا و کوشتنی بەو شێوە بەربڵاوە کارێکی کارەساتبارە.
ڕێگایەکی بچووکتری دەرکەوتن بە جوانی کە پەیوەندیکردن تێکدەدات ئەو شتەیە کە من پێیدەڵێم “وتار نوسین”. وەک ئەو دەنگە بێزارکەرە ناگرنگە – کاتێک قسەدەکەیت – بەردەوام بەگوێمدا دێت، منیش تیشک دەخەمە سەر پێکهێنانی وتارە یەک کەسییە ژیرانەکەی دواترم. ئەم کردەوەیە زۆرجار وەڵامدانەوەی “بەهەرحاڵ…” بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئەو شتە فەرامۆش دەکات کە وتراوە و تەوەرەکە بەرەو شوێنێکی تەواو جیاواز ئەبات. خەسڵەتێکە زۆرجار لەو کەسانەدایە کە خاوەنی دەسەڵاتن، هەرچەندە شێوازێکی باشی سەرکردایەتیکردن نییە.
یەک هەنگاو دوای نوسینی وتار قسەکردنی ڕکابەرانەیە. ئەم شێوازە بەهێزەی کوشتنی شادی هەر دەربارەی ئەوەیە جوان دەرکەویت. بۆ نموونە، من بە پەرۆشەوە دەڵێم، “زۆر دڵخۆشین کە ئەمساڵ بۆ بەسەربردنی پشوو ئەچین بۆ یۆنان.” ئەو کەسەی ڕکابەرانە قسە دەکات یەکسەر دەڵێت “ئاه بەڵێ، من شەش جار چووم بۆ یۆنان و زۆرم حەز لێیە!” هەستی من دامرکانەوە دەبێت. شادییەکەی من هیچ نەبووە لەچاو کەسی بەرامبەردا.
زەرووی ژمارەی ٢: ڕاست بوون
ئەگەر شتێک هەبێت لە جوان دەرکەوتن زیاتر حەزمان لێیبێت، ڕاست بوونە. کاتێک من ڕاست دەبم و تۆ هەڵە دەبیت، وا دەکات هەست بکەم لەتۆ باشترم. خواستی ڕاستبوون دەکرێت تێکشکێنەر بێت لە پەیوەندییەکاندا. وەک چارەسەرکەر و ڕۆشنبیرکەر هارڤیڵ هێندریکس وتوێتی، “دەتەوێت ڕاست بیت، یان دەتەوێت لە پەیوەندیدا بیت؟ چونکە ناتوانی هەمووکات هەردووکیان بەدەست بهێنیت. دوای ڕۆژێکی دوورودرێژ ناتوانی لەگەڵ خۆشەویستەکەتدا بیت و هەر خۆشت بەلاوە ڕاست بووبێت.
پێویستی ڕاست بوون دەکرێت لە ترسی بێڕێزی بەرامبەر کردنەوە سەر هەڵبدات. یان لە ترسی ئەوەی لە شێوەی ڕاستەقینەی خۆماندا ببینرێین، وەک مرۆڤێکی خاوەن کەم و کوڕی کە بەشێوەکی زۆر بێهاوتا کەم و کوڕیمان هەیە و پڕین لە سەرلێشێوان و خەسڵەتی دژبەیەک. هەست بە پێویستییەکی زۆر دەکەین بۆ ئەوەی ڕەواییمان پێبدرێت و ڕێزمان لێبگیرێت و خۆمان ڕاست بین – یان کەسانی تر هەڵە بن – ڕێگایەکە هەڵیدەبژێرین بۆ گەشتن بەم خواستانە چونکە دەمانخاتە سەروو خەڵکی ترەوە.
قسەپێبڕین لە خواستی ڕاستبوونەوە هەڵدەقووڵێت. لەوانەیە ئەمە دەرئەنجامی نوسینی وتاربێت، بەڵام زۆرجار بێ هیچ پلانێک پەیدا دەبێت – تەنیا لە خواستی هاوڕانەبوون، پێداگری بۆ وەڵام، یان خستنە ڕووی مەبەستێک، بێ ئەوەی چاوەڕێ بکەیت کەسەکەی تر قسەکانی تەواو بکات. پێبڕین هەتا دێت زیاتر دەبێت لەم جیهانە بێ ئۆقرەیەی خۆماندا، تەنانەت لە مەسەلەکانی ژیان و مردنیشدا. سەرژمێرییەکی پزیشکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەدا بۆی دەرکەوتووە کە نەخۆشەکان بە تێکڕا ١٨ چرکە دوای یەکەم قسەیان، قسەیان پێبڕدراوە؛ کەمتر لە چارەکێکیان ڕێگەیان پێدراوە ئەوە تەواو بکەن کە ویستویانە بیڵێن.
پێبڕین دوو لێکەوتەی نەخوازراوی هەیە. گوێ لەوە ناگرین کە کەسەکەی تر دەیڵێت، کە لەوانەیە سوودبەخش بێت، ڕۆشنبیرکەربێت یان ئەوەبێت کە چاوەڕێمان دەکرد. و ئەگەری زۆرە زیان بە بەشەکەی دواتری گفتوگۆکە بگەیەنێت بە گۆڕینی جموجۆڵی گفتوگۆکە – ئەو کەسەی قسەدەبڕێت زاڵبوونی خۆیان دەسەپێنن – هەروەها هەستی خۆشیان دەسەپێنن. ئەو کەسەی قسەی پێبڕدراوە لەوانەیە هەست بکات لە بەهای کەمکراوەتەوە یان هەڵەی بەرامبەر کراوە و دەبێتە هۆی توڕەیی، و ڕق، و ویستی خۆنەکردنەوە بۆ کەسی بەرامبەر. لەکاتێکدا قسەپێبڕین هەمووکات شتێکی هەڵە نییە، قەت نابێت ببێت بە خوێک.
زەرووی ژمارە ٣: ڕاگرتنی دڵی خەڵک
ئەگەر پاڵنەری کەسێک ڕاگرتنی دڵی خەڵک بێت — یان وا دابنرێت کە وایە، هێزی وتاردانیان نامێنێت. ڕاستگۆیی و ڕەسەنی نامێنن، و ئەمانە بنەمای بەهێزن بۆ گەیاندن. ڕازیکەری دڵی خەڵک لەوانەیە بڵێن بەڵێ لەکاتێکدا خۆیان نەخێر بن، یان ڕازی بن بە چوونە دەرەوە لەکاتێکدا حەز بە مانەوە لە ماڵەوە دەکەن. لەوانەیە هاوڕایی دەربڕن بە هەندێک بۆچوون کە خۆیان لە بنەڕەتدا هاوڕا نین لەگەڵی بۆ ئەوەی ڕەزامەندی دڵی خەڵکانی تر بەدەست بهێنن. لەکاتێکدا هەموو خواستی ئەوەمان هەیە جێی ڕەزامەندی خەڵکانی تر بین، هەر یەکە و لە ئاستێکدایە.
ئەگەر بۆت دەرکەوت کە زۆر هەوڵی ڕاگرتنی دڵی خەڵک ئەیەیت، هەندێک کات وەرگرە بۆ ئەوەی بیر لە بەهاکانی خۆشت بکەیتەوە. لەخۆت بپرسە: بنەماکانی من چین؟ بەلای منەوە چی گرنگە لە ژیاندا؟ چی جێی سازشکردن نییە؟ هەموو ئەوە بنووسە کە بە مێشکتدا دێت. هەرکاتێک بەهاکانی ژیانت ڕوون بوون لەلات، پێداگیریکردن لەسەریان ئاسانتر ئەبێت و چیتر بەپێی بۆچوونەکان یان خواستەکانی کەسانی تر ناجوڵێیتەوە.
زەرووی ژمارە ٤: چاککردنەوە
چاککردنەوە هەوڵدانە بۆ ئەوەی شتەکان بخەیتەوە سەر ڕێی ڕاست. “مەگری” یان “بێتاقەت مەبە” یەکەمین وەڵامی چاککەرەوەکەیە بۆ ئازار. بۆچی ئەمە بە زەروو دادەنرێت؟ چونکە هەندێک جار خەڵک بێویستە بێتاقەت بن و بێتاقەتی و دڵتەنگی، توڕەیی یان هەستە نەرێنییە بەهێزەکانی خۆیان دەربڕن.
چاککەرەوەکان پێیان وایە کە قبوڵکراو نییە بۆ خەڵکی تر بێتاقەت ببن. لەوانەیە سەرچاوەی ئەمە هەوڵی ڕاگرتنی دڵی خەڵک بێت، یان لەوانەیە هەستی نەرێنی بەهێز وەک شتێک سەیر بکرێت کە پێویستە ترس هەبێت بۆی – یان لەبەر ئەوەی زۆریان هەبووە لە خێزانی بنەڕەتی خۆیاندا یان لەبەر نەبوونی تەواوەتی ئەزموونی، بەهۆی خێزانێکەوە کە دەربڕینی هەستی قبوڵنەکراو بووە.
پورم چیرۆکێکی بۆ گێڕامەوە کە نیشانی ئەیات هەوڵی چاککردنەوە بە نیازی چاکیشەوە دەکرێت زیان بگەیەنێت. ئەوکاتەی کچێکی بچوک بوو، دایک و باوکی پێیان وت کە برایەک یان خوشکێکی بچووکتری ئەبێت. زۆر بە پەرۆش بوو، و ژوورە زیایەکەی ماڵەکە ڕازێنرایەوە بۆی. دەرئەنجام، ئەو ڕۆژە هات و دایک و باوکەکە چوون بۆ نەخۆشخانە. ئەویش لە ماڵی دراوسێکە چاوەڕێی کرد، بەڵام کە دایک و باوکی گەڕانەوە بەتەنیا بوون. هیچ نەوترا. دەرئەنجام هەر دوو برای بچووکی بوو، بەڵام ماوەیەکی زۆر زۆر دوای ئەوە ئینجا زانی منداڵەکەی ئەوکاتە لەبارچووە – بەڵام قەت ئەو سەرلێشێوان و تەنیاییەی لەبیر نەکرد کە ئەو ڕۆژە هەستی پێکرد. بێگومان، نەنکم و باپیرم بڕیاریان یابوو باسی نەکەن بۆ ئەوەی بێتاقەت نەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، کاریگەرییەکەی لەسەری ئەوەبوو کە پەیوەندییەک پچڕا و وایلێهات قورستر بێت بۆی متمانە بە خەڵک بکات.
هەوڵی چاککردنەوە، ئەگەر بە قسەنەکردن بێت بەو شێوەیە یان بە هەوڵی لەبیربردنەوە، خەڵک دەگرێتەوە لەو هەستەی کە پێویستە هەیانبێت. نەک هەر ئەوە، بەڵکو زۆرێک لەوانەی دەیانەوێ شتەکان چاکەنەوە وەک خوێک خۆشیان دەبڕنەوە لەو هەستە بەهێزانە. کاتێک گفتوگۆ و گەیاندن پاڵنەرەکەی ویستی چاککردنەوە دەبێت، زۆرجار واتای ئەوە ئەبێت کە ئەجێندایەکی شاردراوە لە ئارادایە – ئەجێندایەک کە دەربارەی پێویستی چاککەرەوەکەیە، هەرچەندە لەوانەیە وەک خۆشەویستی شاردرابێتەوە.
هەندێک لە زەرووەکان لەوانەیە بچووک بن یان هەر نەشتان بێت. بەڵام، هیوادارم توانیبێتم یارمەتیتان بەم بەلایەنی کەمەوە یەکێک لەوانە دیاریبکەن کە کاریکردۆتە سەر دەرفەتەکانتان لە ژیاندا. کاتێک بیریان لێدەکەنەوە و زیاتر و زیاتر بەئاگا دەبن بۆ بوونیان لە قسەکانتاندا، هێزیان کەمدەبێتەوە. تەنیا، بەئاگابوون لێیان دەبێتە هۆی پووکانەوە و نەمانیان.