چەند ڕێگەیەکی ئاسان بۆ پاراستنی وزە لەناو ماڵدا

هاوبەشی پێبکە

چەند ڕێگەیەکی ئاسان بۆ پاراستنی وزە لەناو ماڵدا

چەند ڕێگەیەکی ئاسان بۆ پاراستنی وزە لەناو ماڵدا

ئەمانە کۆمەڵێک هەنگاوی بچوکن کە وا دەکەن کارەبا کەمتر بەکار بهێنیت و ئەوەندەت پارە بۆ نەیەتەوە

کاتێک دێنە سەر باسی ڕووبەڕووبوونەوەی پیسبوونی هەوا و گەرمبوونی زەوی، بەدڵنیاییەوە ئەو کارانەی لەسەر ئاستی شار و شارۆچکەکان دەیکەین، کاری گرنگن و گۆڕانکاری ڕاستەقینە دروست دەکەن، بەڵام ئەو هەنگاوە بچوکانەی کە تۆ وەک تاک دەینێیت، زۆر گرنگن. ئەمانەی خوارەوە کۆمەڵێک خووی ئاسان و چاکسازی بچوکی ناو ماڵ و هەندێک ڕێنمایی گرنگن بۆ کاتی کڕینی ئامێرەکان کە دەکرێت بە درێژایی کات وزەیەکی زۆر لە بەفیڕۆچوون بپارێزن. ئەگەر گومانیشت هەیە، لێگەڕی با پسووڵەی کارەباکە خۆی قسە بکات.

١- شتە زیادەکان بکوژێنەرەوە

ئەمە تەنها ئەوە ناگرێتەوە کە گڵۆپی ژوورەکان بکوژێنیتەوە کە بەدڵنیاییەوە ئەوە کارێکی گرنگە، بەڵکو دەبێت کۆمپیتەر و تەلەفیزۆن و یارییە ئەلکترۆنییەکان و هەموو ئەو شتانەی کە کارت پێیان نییە، بیانکوژێنەرەوە و لەپلاکەکەیان دەر بکەیت، چونکە ئەگەر بە کوژاوەیش پێوەی بمێنێتەوە، هەر بە جۆرێک وزە دەبات. بارگاویکەرەوەی مۆبایل و تابلێت و هەموو ئامێرە بێتەلەکانی دیکە، ئەو کاتەی کە ئامێرەکەشیان پێوە نییە، وزەیەکی کەم هەر بەکار دەهێنن. ئەو شتانەی کە بەردەوام بەکاریان دەهێنیت، هەموویان بکە بە یەک تەقسیمەوە، بۆئەوەی بتوانیت بەئاسانی هەموویان بە یەک جار بکوژێنیتەوە.

دەتوانیت کۆمپیتەرەکەت بخەیتە سەر باری sleep و hibernate و بەو شێوەیە وزەیەکی کەمتر بەکار دەهێنێت لەوەی کە بەردەوام چالاک بێت، بۆیە بەرنامەی کۆمپیتەرەکەت وا ڕێک بخە کە دوای دە دەقە بۆ چارەکێک، خۆی بچێتە سەر ئەو بارە. هەروەهاscreen saver چالاک مەکە؛ ئەوە لە کۆمپیتەرە تازەکاندا هیچ پێویست نییە و باشترە ئەو کاتەی شاشەکە بەکار ناهێنیت، خۆی بکوژێتەوە و ناچالاک ببێت.

٢- گڵۆپی زیرەک بکڕە

نرخی گڵۆپێکی لید بەنزیکەیی پێنج دۆلارە، بەڵام بەدرێژایی ماوەی بەکارهێنانی، نزیکەی ١٠٠ دۆلارت بۆ دەگەڕێنێتەوە. گڵۆپی لید لەچاو ئەو گڵۆپانەی هاوشێوەی کە هەمان ڕووناکییان هەیە، بەنزیکەیی ڕێژەی 85% وزە کەمتر بەکار دەهێنێت، هەروەها گڵۆپی لید دەستبەجێ تەواوی ڕووناکی خۆی دەدات و لەگەڵ ئەو سویچانەشا کار دەکات کە پلەیان هەیە. بزانە ئەو کۆمپانیا ناوچەییەی کە وزەت بۆ دابین دەکات، هیچ داشکاندنیکیان بۆ ئەو گڵۆپانە هەیە کە وزەیەکی کەمتریان پێویستە؛ تەنانەت ئەگەر نرخیشیان زۆر بێت، بەو جۆرە بە نرخێکی کەمتر دەستت دەکەوێت.

٣- زیاد لە پێویست وزە بەکار مەهێنە

ئەگەر غەسالەی جلشتنەکەت پڕ نەبووبوو، هەڵی مەکە و جلەکان مەشۆ، هەروەها بەپێی پێویست بڕی ئەو ئاوە دیاری بکە کە دەچێتە ناوییەوە، ئەگەر جلەکان زۆر پیس نەبوون، بە ئاوی سارد بیانشۆ. پلەی گەرمی بەفرگرەکەت لەسەر (-2بۆ6)ی سیلیزی دابنێ و پلەی فرێزەرەکەش لەنێوان -15) بۆ -17)ی سیلیزی دابنێ، هەروەها زۆر دڵنیابەرەوە لەوەی کە لاسیکەکەی تێک نەچووە؛ ئەگەر پارەیەکی کاغەز بەناو لاسیکەکەدا ڕۆشت، ئەوە دەبێت بیگۆڕیت.

زەیتیی جلوشککردنەوەش یەکێکە لەو ئامێرانەی کە زۆرترین وزە بەکار دەهێنێت و زۆرجار هێندەی بەفرگر و غەسالەی قاپشتن و جلشتن پێکەوە، کارەبای دەوێت. بۆیە ئەگەر بۆت گونجا هەر بە هەوا جلەکانت وشک بکەرەوە، یان ئەگەر ئەو ئامێرەشت بەکار هێنا، هەموو جارێک دوای بەکارهێنانی، فلتەرەکەی پاک بکەرەوە. هەروەها لەکاتی وشککردنەوەدا جلی تەڕ و ئەو جلانە تێکەڵاو مەکە کە کەمێک وشکترن.

٤- بەرنامەی تەلەفیزۆنەکەت ڕێک بخە

هەرچەندە تەلەفیزۆنە HDییەکانی ئێستە، لەسەدا شەستی ئەو وزەیەیان پێویستە کە تەلەفیزۆنە کۆنەکان پێویستیان بوو، بەڵام هەنێک لەو تەلەفیزۆنە نوێیانەی کە ئینتەرنێت وەردەگرن، بەهۆی بوونی تایبەتمەندی «خێرا هەڵبوونەوە»وە کە وا دەکات لە چەند چرکەیەکی کەمدا هەڵببنەوە، وزەیەکی زیاتر بەکار دەهێنن. دەتوانیت ئەو بژاردەیە لە ڕێکخستنی تەلەفیزۆنەکەتدا بکوژێنیتەوە، هەروەها ئەگەر خۆت کڕیت، تەماشای ئەوە بکە بزانە سیستەمی خۆکاری ڕێکخستی ڕووناکیی ABC sensorی هەیە کە ڕووناکیی تەلەفیزۆنەکە بەپێی ڕووناکیی ژوورەکە رێک دەخات، ئەمە وا دەکات وزەیەکی کەمتر بەکار بهێنیت، چونکە زۆرجار لە شەودا تەلەفیزۆن بەکار دەهێنرێت.

٥- ئامێری پێوانەکردنی خەرجکردنی کارەبا بەکار بهێنە

ئەگەر ویستت تەماشای یوتوب یان فیلم بکەیت، ئەوە تەلەفیزۆنێک بکڕە کە خۆی ئینتەرنێتی هەبێت، یان پاشکۆکانی وەک (Rokubox و Google Chromecast) بکڕە. ئەو ئامێرانە بەکار مەهێنە کە بۆ یاریکردن بەکار دەهێنرێن، وەک پلەیستەیشن و ئێکسبۆکس، چونکە سی ئەوەندە کارەبایان دەوێت، ئەگەر بەکاریشت هێنان، بیانخەرە سەر سیستەمی کوژانەوەی خۆکار.

دەتوانێت ئامێرێکی وەک (Kill A Watt Meter) بۆ پێوانەکردنی بەکارهێنانی کارەبا بکڕیت کە شاشەیەکی لەسەرە و بڕی کارەبای بەکارهێنراوی هەر ئامێرێک لەسەر شاشەیەک دەردەخات؛ ئەمە بەنزیکەیی ٣٠ دۆلاری تێدەچێت، بەڵام ئاگادارکەرەوەیەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی کە بەردەوام ئاگات لەوە بێت کارەبا زۆر سەرف نەکەیت؛ بۆ نمونە ڕەنگە جارێک تەماشا بکەیت و ببینیت یەکێک لە ئامێرە ڤیدیۆییەکانی ماڵەکەت کە کوژاندوتەتەوە و بە پلاکەکەوە ماوەتەوە، نزیکەی بیست وات کارەبا دەبات.

٦- پڕکردنەوەی درز و کەلەبەرەکان

ئەگەر هەموو درز و کەلەبەری دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵێکی ئەمریکا پێکەوە بپێویت، بەنزیکەیی هێندەی کونێک دەبێت کە یەک مەترە چوارگۆشە ڕووبەرەکەی بێت. دەتوانیت بۆ گرتنی کون و کەلەبەری ماڵەکەت سلیکۆن و لەزگە بەکار بهێنیت، هەروەها ئەو شوێنانەی پەنجەرەکان کە هێلمەکەی لێبووەتەوە، هێلمی نوێی لێبدەیت. بۆ ڕێگەگرتن لە دەرچوونی هەوای سارد و گەرمیش لەژێر دەرگاوە، دەتوانیت ئەو پارچە قوماش و تەختانە بەکار بهێنیت کە بۆ گرتنی ژێری دەرگا بەکار دەهێنرێن.

یەکێک لە کارە باشەکانی دیکە ئەوەیە هەورەبان و سەقف و دەوروبەری بۆرییەکان و ماڵەکەت، باش عەزل بکەیت. گۆڕینی پەنجەرە کۆنەکان و داپۆشینی زەوی ماڵەکەت بە فەرشێک، ڕەنگە کاریگەری زۆر باشی هەبێت. خاڵێکی دیکە ئەوەیە هەر کاتێک بەباشت زانی پەیوەندی بە یەکێک لەو کۆمپانیایانەوە بکە کە ئەندازیاری شارەزایان لە پاراستنی وزەی ناوماڵدا هەیە و دەتوانن کۆمەڵیک پێشنیاری باشت پێشکەش بکەن، یان دەتوانیت خۆت لەڕێگەی وێبسایتەکانی وەک (EnergyStar.gov) بەدوای چارەسەرەکاندا بگەڕێیت.

٧- بەئاگاییەوە شت بکڕە

زۆربەی ئامێرە نوێیەکان، نیوەی ئەو وزەیە بەکار دەهێنن کە ئامێرە کۆنەکان بەکاریان دەهێنا. ئەگەر چوویت ئامێرێک بکڕیت، بۆ ئەو ئامێرانە بگەڕێ کە ئەستێرەی وزەیان پێوەیە؛ ئەو ئامێرانە نزیکەی 10-40% کەمتر وزە بەکار دەهێنن و هەندێک لە حکومەت و کۆمپانیاکان، داشکاندن بۆ ئەو بەکارهێنەرانە دەکەن کە ئەو ئامێرانە بەکار دەهێنن.

کاتێک کۆمپیتەر دەکڕیت، ئەوەت لەیاد بێت کە لاپتۆپەکان وزەیەکی کەمتر لە دیسکتۆپەکان بەکار دەهێنن و ئەگەر پێوستت بە شاشەی گەورە بوو، دەتوانیت شاشەیەکی دەرەکی بەکار بهێنیت. یەکێکی لە رێگەکانی دیکە بۆ پاراستنی وزە ئەوەیە، دووشی حەمامەکەت نوێ بکەیتەوە و جۆرێک لە دووش بەکار بهێنیت کە ناهێڵێت ئاوە گەرمەکە زۆر سەرف ببێت و وزەیەکی زۆر بۆ گەرمکردنی ئاو بەکار بهێنرێت.

٨- وزەی خۆنوێبووە بەکار بهێنە

ئەگەر توانیت خۆت وزە بۆ ماڵەکەت دابین بکەیت، ئەوە خۆت سیستەمی وزەی خۆر بۆ ماڵەکەت دابنێ، یان پرسیار لە کۆمپانیاکە بکە کە کام بژاردەی وزەی خۆنوێبووەوە بەردەستە و وزە لەو  کۆمپانیایانە بکڕە کە سەرچاوەکەیان لە خۆر و با و ئاو و گەرمای زەویەوەیە؛ هەروەها دەتوانیت بڕێک پارەی زیاتریان وەک هاوکاری بدەیتێ.

٩- ئامێرە ئەلکترۆنییە کۆنەکان ڕیسایکڵ بکە

کاتێک ئامێری کارەبایی دەکڕیت، ئەو ئامێرە نوێیانە بکڕە کە وزەیان کەمتر دەوێت، پاشان کارێکی باش دەکەیت ئەگەر ئامێرە کۆنەکان بدەیت بەو کۆمپانیایانەی کە بەشێوەیەکی ژینگەدۆستانە بەکاریان دەهێننەوە و فڕێیان دەدەن. ئەو مۆبایل و لاپتۆپ و تابلێتانەی کە خۆت ناتەوێت، بیدە بە ئەندامانی دیکەی خێزانەکەت، یان لە ئینتەرنێتدا بۆ ئەو شوێنانە بگەڕێ کە خزمەتگوزاری شتێک بکڕە-شتێک بگێڕەوەیان هەیە. هەندێک لە وێبسایتەکانی وەک (BestBuy وStaples) بەرنامەی ڕیساکڵکردنەوەیان بۆ ئامێری کارا و لەکارکەتوو هەیە، ئەوان زۆربەی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی هەموو کۆمپانیاکان وەردەگرن و بەکاریان دەهێننەوە.

١٠- ڕێکخستنی پلەی گەرمی ماڵ

تەنانەت ئەگەر لە بازاڕ باشترین ئامێرەکانی ساردکردنەوە و گەرمکردنەوەی ئاو و هەوا بکڕیت، ئەوە پاراستنی وزە لەو ئامێرەدا دەکەوێتەوە سەر ئەوەی چۆن بەرنامەکەی ناوی ڕێک دەخەیت. ئایا دەتەوێت پلەی گەرمی ماڵەکەت لەو پلەیەدا بێت کە تەنها موجەسەمێک لەبەر بکەیت؟ گەر ماڵەکەت هی خۆتە، دەتوانیت سیستەمی ڕێکخستنی گەرمی لە ماڵەکەتدا بەکار بهێنیت؛ ئەم سیستەمە لە ئەمریکا نزیکەی 100 دۆلار یان کەمتری تێ دەچێت، بەڵام بڕی 20-30%ی بەکارهێنانی وزە کەم دەکاتەوە و بەمەش لەڕێگەی ڕێکخستنی پلەی گەرمییەوە، ساڵانە ١٨٠ دۆلارت بۆ دەگەڕێنێتەوە.

دەتوانیت تەماشای پلەی گەرمی بۆیلەری ئاوەکەتان بکەیت، ئەگەر لەوە بەرزتر بوو کە پێویستە، ئەوە زیاد لە پێویست کار دەکات و پارەیەکی زۆرتر خەرج دەکات و وزەیەکی زۆرتریش بەفیڕۆ دەدات. ئەگەر بۆیلەری ئاوی ماڵەکەت کردەوە و دەستی سووتاندی، ئەوە مانای ئەوەیە پلەکەی بەرزە و وزەیەکی زۆر بەفیڕۆ دەڕوات.