پێنج سوودی سەرسووڕهێنەری پیاسەکردن

هاوبەشی پێبکە

پێنج سوودی سەرسووڕهێنەری پیاسەکردن

پێنج سوودی سەرسووڕهێنەری پیاسەکردن

ئەگەر جاری داهاتوو چوویت بۆ لای دکتۆر، سەرت نەسووڕمێ ئەگەر پیاسەکردنی بۆ نووسیت. بەڵێ پیاسەکردن ئەو چالاکییە سادەیەیە کە لە دەوروبەری تەمەنی یەک ساڵیتەوە دەیکەیت و ئێستا بەپێی وتەکانی دکتۆر تۆماس فریدن کە بەڕێوبەری پێشووی سەنتەری ڕێگەگرتن و کۆنتۆڵکردنی نەخۆشییەکانە (CDC) لە ئەمریکا: “نزیکترین شتە لەو شتەی کە پێی دەڵێین دەرمانی سەرسووڕهێنەر.”

بەدڵنییاوە تۆ دەزانیت کە کردنی هەر چالاکییەکی جەستەیی، جا پیاسەکردن بێت یان هەر چالاکییەکی دیکە، بۆ تەندروستیت زۆر باشە، بەڵام ئەوە بزانە کە پیاسەکردن چەندین سوودی هەیە. لێرەدا باس لە پێنج سوودی سەرسووڕهێنەری پیاسەکردن دەکەین.

 

  1. لە دژی ئەو جینانە کار دەکات کە کار دەکەنە سەر زیادبوونی کێش: توێژەرانی زانکۆی هارڤارد، چاودێری ٣٢ جینیان کردووە کە بە هاندەری قەڵەوی دادەنرێن، تاوەکو ئەوە دەستنیشان بکەن کە بەڕاستی تا چ ڕاددەیەک ئەو جینانە پەیوەندییان بە قەڵەوییەوە هەیە؛ لەناو ئەو توێژینەوانەدا بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە بۆ ماوەی کاتژمێرێک کەمێک بەخێرایی پیاسە دەکەن، کاریگەری ئەو جینانەیان بە ڕێژەی 50% لەسەر کەم دەبێتەوە.
  2. ئالوودەبوون بە شیرینی کەم دەکاتەوە: دوو توێژینەوە لە زانکۆی ئێکزیتەر ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە پازدە خولەک پیاسەکردن، حەز بۆ خواردنی چکولێت کەم دەکاتەوە و وا دەکات بڕی خواردنی ئەو چوکلێتەش کەم بکەیتەوە کە لە کاتی پەستانی دەروونیدا دەیخۆیت. هەروەها تازەترین توێژینەوە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە پیاسەکردن وا دەکات زۆر حەز بە شیرینی و خواردنی سووکەژەمە شیرینەکان نەکەیت.
  3. ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەم دەکاتەوە: لای توێژەران ئەوە ڕوونە کە کردنی هەر چالاکییەک ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەم دەکاتەوە. لە توێژینەوەیەکی کۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمریکادا کە سەرنجێکی زۆری توێژینەوەکە لەسەر پیاسەکردن بوو؛ گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو خانمانەی هەفتانە زیاتر لە هەشت کاتژمێر پیاسە دەکەن، لەچاو ئەو کەسانەی کە هەفتەی سێ کاتژمێر پیاسە دەکەن، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک تێیاندا بە ڕێژەی 14% کەمترە؛ هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە پیاسەکردن هۆکارێکی پارێزەری زۆر باشە لە دژی ئەو شتانەی کە مەترسی دروستبوونی شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکەن، وەک قەڵەوبوون و پێویستی بە بەکارهێنانی هۆڕمۆنە تەواوکەرەکان.
  4. ئازاری جومگە کەم دەکاتەوە: چەندین توێژینەوە گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی پیاسەکردن ئەو ئازارە کەم دەکاتەوە کە هەوکردنی جومگەکان دروستی دەکەن، هەروەها پیاسەکردن و بڕینی ماوەی پێنج یان شەش میل (نزیکەی ٩ بۆ ١٠ کیلۆمەتر) لە هەفتەیەکدا، هەر لە بنەڕەتەوە ڕێگرە لە دروستبوونی هەوکردنی جومگە.
  5. بەرگریی لەش بەهێز دەکات: ڕۆشتن ڕێگرە لە دروستبوونی هەڵامەت و ئەنفلۆنزا لە وەرزە ساردەکاندا: لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر زیاتر لە ١٠٠٠ ژن و پیاو کراوە، گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو کەسانەی بەلایەنی کەمەوە هەفتانە پێنج ڕۆژ و هەر ڕۆژێک بۆ ماوەی بیست خولەک پیاسە دەکەن، ڕێژەی 43% ڕۆژی نەخۆشکەوتنیان لەو کەسانە کەمترە کە هەفتەی جارێک یان کەمتر پیاسە دەکەن؛ هەروەها ئەگەر ئەو کەسانە نەخۆشیش بکەون، ماوەی نەخۆشکەوتنەکەیان کەمترە و نیشانەکانیان کەمتر لەسەر دەردەکەوێت.