پسپۆڕێک ڕوونیدەکاتەوە: بۆچی هەڵەیە باسی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکرێت
لەگەڵ شلکردنەوەی قەدەغەکردنی هاتووچۆ، زیادبوونێکی بەردەوام هەیە لە نیگەرانییەکان بۆ ئەگەری “شەپۆلی دووەم”ی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە
جێرێمی رۆسمان، پسپۆڕێکی ڤایرۆسناسی زانکۆی کێنت، ڕوونی ئەکاتەوە، جیاواز لە ئەنفلۆنزا، هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر کاریگەری وەرزیی کۆڤید-١٩
هێشتا لەنێوان شەپۆلەکاندا نین چونکە ڤایرۆسەکە هێشتا ئەگوازرێتەوە – بەڵام هەڵوێستەکانمان دەکرێت سنوورداری بکات
قەدەغەکردنی هاتووچۆ شلدەکرێتەوە. خەڵک دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و کۆگاکان دەرگاکانیان ئەکەنەوە. بەڵام پێکووتەمان نییە و دوورین لە گەشتن بە بەرگری کۆمەڵ – بۆیە ئەم ئازادییە تازە دۆزراوەیە تێکدراوە بە ترس: ترسی شەپۆلی دووەمی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە.
بێگومان، خەڵک باسی “شەپۆلی دووەم” ئەکەن ڕوبەڕوی چین و ئێران بوبێتەوە، بەڵام بیرۆکەی شەپۆلی دووەم پڕە لە هەڵە و هەڵەتێگەشتنی مەترسیدار درووست ئەکات لەسەر پەتا جیهانییەکە.
بیرۆکەی شەپۆلی دووەم بەهۆی بەراوردکردنە هەڵەکەیەتی لەگەڵ کاریگەری وەرزی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا.
لە سەرەتای پەتا جیهانییەکەدا، چەندەها پسپۆڕ باسیان لە خاڵە لێکچووەکانی نێوان (سارس-کۆڤ-٢) و ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا کرد. هەردووکیان ڤایرۆسن کە دەکرێت تووشی کۆئەندامی هەناسە ببن — زۆربەی بە شێوازێکی کەم. ئەنفلۆنزا هۆکاری زۆربەی پەتا جیهانییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی بووە. بەهۆی لێکچوونەکانیانەوە، فریودەر بوو وا لێکبدرێتەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هاوشێوەی پەتای ئەنفلۆنزا ئەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڤایرۆسانە زۆر جیاوازن لە یەکتری و هەڵسوکەوتیان زۆر جیاوازە.
ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕێژەی مردنی زۆر بەرزترە بەراورد بە ئەنفلۆنزا، ڕێژەی پێویستبوون بە نەخۆشخانە و گرتنی نەخۆشییەکە بە قورسی تیایدا زۆر زیاترە. هەروەها، ئەنفلۆنزا ڤایرۆسێکی وەرزییە. هەموو ساڵێک ئەبینین تووشبوون لە سەرەتاکانی پاییزدا دەستپێدەکات، بەدرێژایی زستان زیاد دەکات و لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هاوین کەم دەبێتەوە. ئەمە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر جۆرێکی نوێی ئەنفلۆنزا دەرکەوێت لەوانەیە یەکەم شەپۆلی تووشبوونمان لە وەرزەکانی زستان و بەهاردا هەبێت، ئینجا ڤایرۆسەکە لە پاییز و زستانی ساڵی دواتردا ئەگەڕێتەوە
قورسترین پەتای جیهانی کە تۆمارکرابێت پێی ئەوترێت (پەتای جیهانی ئەنفلۆنزای ئیسپانی). لەکاتی ئەم پەتا جیهانییەدا، ڤایرۆسەکە تووشی بەشی باکووری گۆی زەوی بوو لە بەهاری ١٩١٨دا، هەتا ڕادەیەک لە هاوینی ١٩١٨دا کەمبۆوە و ئینجا بە هێزێکی زۆرترەوە لە پایزی ١٩١٨دا گەڕایەوە. بۆیە فریودەر بوو وا بیربکرێتەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکاتی هاویندا کەم ئەبێتەوە یان نامێنێت، بۆ ئەوەی لە زستاندا لەگەڵ ساردبوونی پلەی گەرمادا دەرکەوێتەوە. بەڵام نازانین و دیار نییە ئەگەر کۆڤید-١٩ ڤایرۆسێکی وەرزی بێت.
گواستنەوەی ئەنفلۆنزا لە هاویندا کەمترە بەهۆی هەبوونی شێی زیاتر، زیادبوونی شەپۆلی سەروو وەنەوشەیی و خەڵکیش ماوەیەکی کەمتر لەناو ماڵەکاندا بەسەر ئەبەن لەنزیک یەکترەوە. هەندێک لەم هۆکارانە لەوانەیە کار بکەنە سەر کۆڤید-١٩ش، بەڵام بەڕاستی نازانین هەتا چ ڕادەیەک.
تەنانەت ئەگەر هۆکارە وەرزییەکان کار بکەنە سەر گواستنەوەی کۆڤید-١٩ش، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی نوێ بەناو خەڵکێکدا کە هیچ بەرگری نییە بۆی هەموو کاریگەرییەکانی هۆکارە وەرزییەکان دائەپۆشێت. ئەنفلۆنزای بەرازی ٢٠٠٩ و ڤایرۆسی پەتای جیهانی ١٩١٨ ڤایرۆسی نوێ بوون کە خەڵک هیچ بەرگریان نەبوو بۆی. دەرئەنجامی ئەوە، ڤایرۆسەکە لە هاویندا مایەوە، هەرچەندە گواستنەوە هەتا ڕادەیەک کەمیکردەوە. بۆیە ناتوانین چاوەڕێی ئەوە بکەین کە کۆڤید-١٩ش بەهەمان شێوەی ڤایرۆسی وەرزی ڕەفتار بکات و لە هاویندا دیار نەمێنێت بۆ ئەوەی لە پایزدا بە شەپۆلی دووەمەوە بگەڕێتەوە.
شەپۆلی یەکەم کۆتایی نەهاتووە
جگە لە هۆکارە وەرزییەکان، هۆکارێکی تر هەیە کە بۆچی بیرۆکەی شەپۆلی دووەم فریودەرە. چەمکی شەپۆلی دووەم ئەوە ئەگەیەنێت کە شتێکە ڕێگەی لێناگیرێت، شتێکی ناوەکییە بۆ هەڵسوکەوتی ڤایرۆسەکە. کەمێک دیار نامێنێت، ئینجا بە تۆڵەسەندنەوەوە ئەگەڕێتەوە. بەڵام بیرۆکەکە شکست ئەهێنێت لە هەژمارکردنی گرنگی کارە خۆپارێزییە بەردەوامەکان و وەک بێدەسەڵاتێک نیشانمان ئەیات لەبەردەم بەزەیی ئەم ڤایرۆسەیا.
لەنێوان شەپۆلەکاندا نین. هەموو ڕۆژێک تووشبووی نوێمان هەیە لە بەریتانیا. لە ڕێڕەوی بەرزبوونەوە و دابەزینی گواستنەوەی کۆڤید-١٩داین کە بەردەوام لەژێر کاریگەری ڕێکارەکانی ڕێگەلێگرتندایە.
دەستبەرداربوونی ڕێکارەکانی خۆپارێزی دەبێتە هۆی زۆربوونی تووشبووان. ئەمە باری ئاسایی نوێیە و ئەو شتەیە پێویستە چاوەڕێی بکەین هەتا پێکووتەیەکی کاریگەرمان ئەبێت و خەڵکێکی زۆر وەریئەگرن. هەتا ئەوکاتە پێویستە پشت بە کارەکانی خۆمان ببەستین بۆ ئەوەی تووشبووەکان بە نزمی بهێڵینەوە — ئێستاش و لە پاییزیشدا.
بیرۆکەی شەپۆلی دووەمی پەتا جیهانییەکە وەک هێزێکی سرووشت نیشان دەدات کە لە سەروو کۆنترۆڵی ئێمەوە بێت. بەڵام بەڵگەی چەندین وڵاتمان هەیە کە سیستمێکی تەندروستی گشتی بەهێز (پێکهاتبێت لە پشکنینی فراوان، شوێنکەوتنی بەرکەوتووەکان، جیاکردنەوە و پشتیوانی تەندروستی) لەگەڵ بەشداربوونی هەمووان لە ڕێکاری خۆپارێزی (داپۆشینی ڕووخسار، هێشتنەوەی مەودای نێوان تاکەکان، دەست شتن) زۆر کاریگەرە لە کەمکردنەوەی گواستنەوەی کۆڤید-١٩دا.
ئێمە لەبەردەم بەزەیی ڤایرۆسەکەدا نین، نە ئێستا نە لە داهاتوودا. ئەمە هەواڵێکی هیوا بەخشە، بەڵام بارگرانی بەرپرسیارێتییەکە ئەخاتە سەر هەموومان. پێویستە بەردەوام بین لە شەڕکردن، بەڵام لەوەشدا نابێت بترسین لە هاتنی شەپۆلێکی دووەم کە ڕێگەی لێناگیرێت.
World Economic Forum :سەرچاوە
وەرگێڕ: د.ئەژین نجم الدین