پاراستنی چاوەکانمان

هاوبەشی پێبکە

پاراستنی چاوەکانمان

پاراستنی چاوەکانمان

دەکرێت ئەو ڕووداوانەی کە بەسەرماندا دێت، مەترسی گەورەیان لەسەر چاومان هەبێت. لێرەدا چەند شتێکی زۆر ئاسان باس دەکەین کە دەکرێت ئەو مەترسییانە کەم بکەنەوە کە دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە چاومان.

کاتی کارکردن

بەپێی شوێن و جۆری کارەکەت، ئەو هەنگاوانە دەگۆڕێن کە دەبێت بۆ پاراستنی چاوەکانت و تەندروستییان بیکەیت.

کاری ناو ئۆفیس و بەکارهێنانی کۆمپیتەر

بەکارهێنانی کۆمپیتەر زیان بە چاوەکانت ناگەیەنێت. کۆمپیتەر نابێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە چاوتدا، یان وا ناکات دۆخی چاوەکانت خراپتر ببن و هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نییە کە ئەو ڕووناکییە شینەی لە شاشەکانەوە دەردەچێت، زیانبەخش بێت. هەرچەندە کۆمەڵێک شت هەیە کە دەکرێت وا بکات لە کاتی کارکردندا چاوەکانت ئاسوودەتر بن.

  • زووزوو چاوت لەسەر شاشەکە لاببە: ئەگەر چاوەکانت بۆ ماوەیەکی درێژ بەکار بهێنیت، هیلاک دەبن. وەرگرتنی پشووی بەردەوام و کورت، یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی چاوەکانت ماندوو نەبن و تووشی سەرئێشەش نەبیت. یاسای ٢٠*٢٠*٢٠، پێشنیازی ئەوە دەکات کە بەلایەنی کەمەوە بیست خولەک جارێک بۆ ماوەی بیست چرکە چاوت لەسەر شاشەکان لاببەیت و سەیری شتێک بکەیت کە بیست پێ دوور بێت واته‌ شه‌ش مه‌تر.
  • بەکارهێنانی شاشە مانای ئەوە نییە کە پێویستت بە چاویلکەیە: ئەگەر تۆ هەر خۆت چاویلکە بەکار دەهێنیت، ئەوە جیاوازە و بەکارهێنانی شاشە مانای ئەوە نییە کە دەبێت چاویلکەش لە چاو بکەیت، هەرچەندە ڕەنگە بگەیت بەوەی بۆ کەمکردنەوەی ماندووبوونی چاوەکانت، کەمێک زیاتر چاویلکە بەکار بهێنیت.
  • ڕووناکی گونجاو بۆ بینینت گرنگە: بەردەوام ئاگات لەوە بێت کە ڕووناکی ژوورەکەت لەگەڵ کارەکەتدا گونجاو بێت، بەڵام ئاگات لەوە بێت کە ڕووناکی دیکە لە شاشەکەتەوە وێنەدانەوە دروست نەکات، چونکە ئەوە ناڕەحەتت دەکات.
  • باش ئاگاداری ئەوە بە کە بەباشی هەڵسەنگاندنت بۆ بەرزی و جۆر و شوێنی شاشەکەت گونجاو بێت: لەکاتی دانانی شاشەکەدا حساب بۆ شوێنی پەنجەرەکان بکە، ئەمە وا دەکات وێنەدانەوە دروست نەبێت و شەوارەت تووش نەبێت.

ئەگەر پێویستت بە چاویلکەیە، لەکاتی بەکارهێنانی کۆمپیتەریشدا بەکاری بهێنە، هەروەها بەردەوام دەرەجەی چاویلکەکەت نوێ بکەرەوە. ڕەنگە هەندێک کەس چاویلکەی دوور و نزیکیان جیاواز بێت، بۆیە ئەگەر چاویلکەی خوێندنەوەکەت بۆ شاشە باش نییە، ڕاوێژ لەگەڵ دکتۆری چاوەکەت بکە.

ئەگەر سەرەڕای وەرگرتنی پشووش، لە کاتی بەکارهێنانی کۆمپیتەردا هەست بە سەرهێشە دەکەیت، ئەوە ڕەنگە پێویستت بەوە بێت چاوکەیەکی تایبەتت بە بەکارهێنانی کۆمپیتەر هەبێت و دکتۆرەکەت لەوەدا یارمەتیت بدات. وا باشە لەکاتی پشکنینی چاوتدا لەلای دکتۆر، وردەکارییش دەربارەی شوێنی کارەکەت و دووریت لە شاشەکانەوە بە دکتۆر بڵێت.

کاری کارگە و کیمیاگەری

ئەگەر تۆ لە کارگە و گەراج و تاقیگە، یان هەر شوێنێکی دیکەی پیشەسازی کار دەکەیت، ڕەنگە چاوت بەهۆی ئەو کارانەوە زیانی پێ بگات؛ ئەمە بۆ کارکردن لەسەر ئەو ئامێرانەش ڕاستە کە کاری پەستاوتن و هاڕین دەکەن، هەروەها بۆ ئەو شوێنانەش کە ماددەی کیمیایی بەکار دەهێنن، یان شوێنێک کە تەپوتۆز و وردەپارچەی زۆر بێت.

ڕەنگە ئەم خاڵانە لە چپاراستنی چاوەکانتدا یارمەتیت بدات:

  • چاویلکەیەکی تایبەت بە پاراستنی چاوت بەکار بهێنە: پێویستە خاوەنکارەکەت چاویلکەیەکی پارێزەری باشت بۆ دابین بکات کە تایبەت بێت بەو کارەی دەیکەیت.
  • دەبێت لەحیم تەنها بە ماسکی لەحیمکردنەوە بکرێت. دەکرێت ئەو تیشکەی کە لەحیمەوە دەردەچێت، ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە هاوێنە و تۆڕەی چاو.
  • دەبێت هەموو ماددە کیمیاییەکان بە ئاگاییەوە بەکار بهێنرێن و ڕێنمایی بەکارهێنان و شوێنی بەکارهێنانەکەی بەوردی ڕەچاو بکرێت.
  • ئەو کەسانەش کە چاودێری کاری کەسانی دیکەی ناو کارگەکان دەکەن، دەبێت چاویلکەی پارێزەر لەچاو بکەن.

کاتی پشوو

کاتێک لە پشوودایت و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەیت، ڕەنگە هەندێک چالاکی هەبن کە زیان بە چاوەکانت بگەیەنن. هەندێک شتیش هەن کە چاوەکانت دەپارێزن و نابنە ڕێگریش لەبەردەم خۆشییەکانت.

کاری ناوماڵ

زۆربەی خەڵک چێژ لەوە دەبینن کە خۆیان شتەکانی ناو ماڵ و باخچەکانیان چاک بکەن، بەڵام بەداخەوە زۆرجار ڕووداوی نەخوازراو ڕوو دەدات. دەتوانیت بۆ پاراستنی چاوەکانت لەو کارانەدا، زۆر شت بکەیت.

  • چاویلکەیەکی پارێزەری گونجاو لەچاو بکە: کاتێک خەریکی بڕین شکاندن، یان کونکردن و چەکوشکاری و هەر کارێکیت کە ڕەنگە پارچەی لێ بپەڕێت و تەپوتۆزی هەبێت، چاویلەکی تایبەت بەکار بهێنە. لەو کارانەدا زۆرجار ئەگەری ئەوە هەیە کە پارچە بپەڕێت و زیانی گەورە بە چاوەکانت بگەیەنێت. چاویلکەی پارێزەر لە زۆربەی ئەو دوکانانە هەیە کە ئامێرەکانی چاککردنەوە دەفرۆشن و ڕۆڵی گەورەیان لە پاراستنی چاوتدا هەیە.
  • ئامێرەکانت لە شوێنێکی باشدا هەڵبگرە و دڵنیابە لەوەی کە لەکاتی کارکردندا ئامێری تایبەت بەو کارە بەکار بهێنیت، چونکە بەکارهێنانی هەڕەمەکی، ڕووداوی ناخۆشی لێ دەکەوێتەوە. پاشان دڵنیابە لەوەی بەپێی پێویست ڕووناکی بۆ بینینی شتەکان هەبێت و چاویلکەیەکی ڕوونیشت لەچاودا بێت کە بەڕوونی شتەکان دیار بێت.
  • زۆر بەباشی ڕەچەتەی بەکارهێنانی ئەو شتە بخوێنەرەوە کە بەکاری دەهێنیت، بەتایبەت ماددە کیمیاییەکان، چونکە هەندێکیان دەبێت تەنها بە چاویلکەی تایبەتییەوە بەکار بهێنرێن، تاوەکو بەهۆی پریشک یان هەڵمەکەیانەوە زیان بە چاوت نەگات، چونکە هەندێکیان کاریگەری زۆر خراپیان لەسەر بینین هەیە.
  • لە کاتی بەکارهێنانی ئەو ماددانەدا کە هەڵمیان هەیە، زۆر گرنگە ئاگات لەوە بێت دەموچاوت لە ماددەکە دوور بخەیتەوە.
  • زۆر پەستان مەخەرە سەر خۆت. زۆربەی ڕووداوەکان لەو کاتانەدا ڕوو دەدەن کە کارێک دەکەین کە زیاترە لە هێزی خۆمان. بۆ نمونە دەبێت کەسی تایبەتمەند و شارەزا کار لەسەر غاز و کارەبا بکەن.

باخەوانی

دەکرێت پێش کارکردنمان لە باخچەکاندا، ئاگاداری ئەم شتانە بین.

  • پێش بڕینی چیمەنەکەت، بەرد و پارچەداری لێ مەهێڵە، چونکە دەکرێت پارچەیان لێ بپەڕێت و زیان بە چاوت بگەیەنن.
  • لەکاتی هەڵپاچیندا ئاگات لە لقە نزمەکان بێت. لەو کارەدا چاویلکەی تایبەتی پارێزەر بەکار بهێنە، چونکە ئەگەری ڕوودانی مەترسی کەم دەکاتەوە.
  • هەر دارێک کە لە باخەکەتدا بۆ نەمامەکانت دەیچەقێنیت، دەبێت زۆر بەباشی ببینرێت و لوتکەکەی بە بۆیاخێکی درەوشاوە ڕەنگ بکرێت، تاوەکو لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو بەدوور بیت.
  • ئەگەر ماددەی کیمیایی لە باخچەکەتدا بەکار دەهێنیت، بەوردی ڕێنمایی بەکارهێنانەکەی بخوێنەرەوە. زۆربەی ماددە کیمیاییەکان نابێت بەر چاو بکەون و باشترە لە کاتی بەکارهێنانیاندا چاویلکەی پارێزەر لەچاو بکرێت، بەتایبەتی ئەگەر باخچەکە گەورە بێت.

وەرزش

دەکرێت لە کاتی وەرزشدا، ئەم بیرۆکانە یارمەتی پارستنی چاوت بدەن.

  • ئەگەر ئەو یارییانە دەکەیت کە وەک تێنس و سکواش ڕێکتەیان تێدا بەکار دەهێنرێت، دەبێت ئاگات لە خۆت بێت و باشترە چاویلکەیەکی پارێزەرت لە چاودا بێت؛ بەتایبەت ئەمە لە یاری سکواشدا زۆر پێویستە، چونکە قەبارەی تۆپەکە و ئەو خێراییەی کە لەکاتی یارییەکەدا هەیەتی، دەکرێت لە کاتی بەرکەوتنی بە چاوتدا زیانی گەورەت پێ بگەیەنێت. لە یاری سکواشی بەریتانیدا، دەستەی بەڕێوبەرانی ئەو وەرزشە، یاسا و ڕێنمایی خۆیان بۆ پاراستنی چاو لەو یارییەدا هەیە، هەروەها ستاندەرێکی بەریتانیش بۆ پاراستنی چاو لەو یارییەدا هەیە کە پێی دەڵێن ستاندەری (BS7930:1).
  • ئەو یارییانەی کە بەرکەوتنیان تێدایە، وەک ڕەگبی و هونەری جەنگی و بۆکسێن، دەکرێت تێیاندا زیان بە چاومان بگات، بۆیە ڕاهێنانی گونجاو و چاودێری دروست، دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ پاراستنی چاومان. ئەگەر پێشتر هەر کێشەیەکی چاوت هەبووە، بەتایبەت ئەگەر نەشتەرگەری چاوت کردووە، پرس بە پزیشکەکەت بکە کە ئایا دەتوانیت ئەو یارییانە بکەیت یان نا.
  • ئەگەر چاویلەکەی چاوکزیت هەیە، ئەوە لە کاتی یاریکردندا، هەم بۆ ئاستی یاریکردنی خۆت و هەم بۆ پاراستنی چاویشت، باشترە بەکاری بهێنیت. ئەگەر دەتەوێت لە کاتی یاریکردندا بە ڕێگەی دیکە توانای بینیت زیاد بکەیت، پرسیار لە پزیشکی چاو بکە، چونکە دەکرێت بۆ کاروباری ئاسایی چاویلکە بەکار بهێنیت، بەڵام بۆ یاریکردن ڕەنگە پێویستت بە هاوێنە (عەدەسە) بێت.

سەڕای ئەوەی زۆر گرنگە چاوەکانت بپارێزیت، پێویستە بەردەوام پشکنینیش بکەیت و لە کێشانی جگەرە دوور بکەویتەوە و خواردنی تەندروست بخۆیت، سەرباری ئەوانەش پاراستنی چاوت لە ڕووناکی بەهێزی خۆر، کاریگەری باشی لەسەر پاراستنی چاوەکانت دەبێت.

 

سەرچاوە;Eye safety I How to keep your eyes healthy | RNIB