خەمۆکی هۆکاری ژمارە ١ ی تەندروستی خراپ و پەککەوتنە لە جیهاندا
پێدەچێت جیهانەکەمان تا بێت ببێت بە شوێنێکی پڕ لە فشاری دەروونی – و دەرئەنجامی ئەوە کەسەکانی بەدەست کێشەی دەروندروستییەوە دەناڵێنن لە زۆربووندا بن. لەکاتێکدا دڵەڕاوکێی خوێندن کاریگەری خراپی لەسەر هەرزەکارەکان هەیە، فشارەکانی شوێنی کارکردنیش کاریکردووەتە سەر گەورەکان.
نەخۆشییە دەروونییەکان ساڵانە ١ ترلیۆن دۆلار دەکەوێت لەسەر ئابوری جیهانی، و خەمۆکیش هۆکاری سەرەکی خراپی تەندروستی و پەککەوتنە، بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.
زیاتر لە سێ سەد ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەست خەمۆکییەوە دەناڵێنن، زیادکردنێک بە ڕێژەی %١٨ لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٥ و ٢٠١٥. لەکاتێکدا، ٢٦٠ ملیۆن کەس بەدەست نەخۆشییەکانی دڵەڕاوکێوە دەناڵێنن. هەندێک هەن خەمۆکی و دڵەڕاوکێشیان هەیە.
ناسینەوەکانی خەمۆکی سەرەکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بە ڕێژەی %٣٣ زیادیکردووە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە، ئەویش بەپێی یەکێتی کۆمپانیاکانی دڵنیایی خاچی شین و قەڵغانی شینی ویلایەتە یەکگرتووەکان. و ئەمە تەنانەت خێراتریش لە زیادبوونایە لە نەوەی نەوەتەکان (بە ڕێژەی %٤٧) و هەرزەکارەکان (زیادکردنێک بە ڕێژەی %٤٧ بۆ کوڕان و %٦٥ بۆ کچان).
ڕێکخراوی خاچی شین و قەڵغانی شین دەڵێت کە خەمۆکی سەرەکی ڕێژەی دەستنیشانکردنەکەی %٤.٤ە، تووشی زیاتر لە ٩ ملیۆن ئەمریکی بووە لەوانەی کە دڵنیایی تەندروستییان هەیە. نەخۆشییەکە لە ژناندا دوو ئەوەندەی پیاوانە (%٦ بەراورد بە %٣).
ئەو خەڵکانەی خەمۆکی سەرەکییان هەیە زیاتر خزمەتگوزاری تەندروستی بەکاردەهێنن وەک لەوانەی تر کە دڵنیایی تەندروستییان هەیە. هەروەها تێچوونیشیان لەسەر دڵنیایی تەندروستیی دوو هێندەیە (١٠,٦٧٣$ بەراورد بە ٤,٢٨٣$).
بەشێکی زۆری خەتای خەمۆکی و خراپی دەروندروستی بەهۆی ئەزموونەکانی فەرمانبەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانە لە شوێنەکانی کارکردنیان، بەپێی توێژینەوەیەکی تەندروستی دەروونی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٧دا لەسەر ١٧,٠٠٠ فەرمانبەر لە ١٩ شوێنی کارکردندا. نەبوونی پشتیوانی خاوەنکارەکە، بەپێی تەندروستی دەروونی ئەمریکا، دەبێتە هۆی ئاستێکی بەرزتری فشاری دەروونی و دابڕانی شوێنی کارکردن. ئەم هۆکارانەش زۆر بە بەهێزی دەبەسترێنەوە بە ڕازی نەبوون لە کار: %٣٣یان باسی ئەوەیان کردووە کە ڕیژەی دواکەوتن و ئامادەنەبوونیان لە کار زۆرە.
لەکاتێکدا، %٨١یان باسی ئەوەی کردووە کە کارەکەیان کاریگەری خستووەتە سەر پەیوەندییە خێزانییەکانیان و %٦٣شیان کێشەی دەروندروستی و ڕەفتاریان زیادیکردووە.
سەرەڕای زیادبوونی ژمارەکان لەسەر ئاستی جیهان، هێشتا لەکەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە باسکردنی دەروندروستی لە شوێنی کارکردندا. لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، یاسای ١٩٩٠ی پەککەوتووەکان ڕێگری دەکات لە جیاکاری دژی کەسەکانی پەککەوتن و کێشەی دەروونییان هەیە لە هەموو کەرتەکانی ژیان، بە شوێنی کارکردن و خوێندنیشەوە. لە بەریتانیا، یاسای یەکسانی ٢٠١٠ هەمان کار دەکات، بەڵام کاریگەری یاساکان جێی گومانن.
بۆ نموونە، توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٧ دەریخستووە کە ٣٠٠,٠٠٠ بەریتانی ساڵانە کارەکەیان لەدەست ئەیەن بەهۆی نەخۆشی دەروونییەوە، لەکاتێکدا %١٥ی کارمەندەکان گرفتێکی دەروونییان هەیە. خەمڵێنراوە کە زیانگەیاندنی بە ئابوری ساڵانە لە نێوان ٧٤ ملیار پاوەند بۆ ٩٩ ملیار پاوەندە.
ڕاپۆرتەکەی لەلایەن سەرۆک وەزیران تێریزا مەیەوە دەرکراوە، پێشنیاری ئەوە ئەکات کۆمپانیاکان پلانێکی شوێنی کارکردن بۆ دەروندروستی بەرهەمبهێنن، و بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە کە هانی گفتوگۆی کراوە بدات دەربارەی تەوەرەکە و پشتیوانی دابین بکات کاتێک فەرمانبەرەکان دەناڵێنن.
لە هەوڵێکدا کە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ سەرژمێرییەکەی دەروندروستی ئەمریکا، ڕاپۆرتەکەی بەریتانیاش دەڵێت کە کۆمپانیاکان پێویستە هەلومەرجێکی کارکردنی باش، هێڵەکانی چارەسەرکردنی کاریگەر دابین بکەن و دڵنیابنەوە لەوەی ستافەکەیان هاوسەنگییان هەیە لە نێوان کار و ژیانی ڕۆژانەیاندا و دەرفەتیشیان هەیە بۆ بەرەوپێشچوون لە ژیاندا.