خەمۆکی نەخۆشی شارستانییەتە: شێوازی ژیانی ڕاوکردن-کۆکردنەوە کلیلی چارەسەرە

هاوبەشی پێبکە

خەمۆکی نەخۆشییەکی بەربڵاوی جیهانییە. پاڵنەری سەرەکی پشتی خۆکوشتنە، کە ئێستا ساڵانە لە جیهاندا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس دەکاتە قوربانی. لە چوار ئەمریکی یەکێکیان خەمۆکی تێدا دەناسرێتەوە لە ژیانیدا، و ڕێژەکەش لەگەڵ هەر نەوەیەکدا لە زیادبووندایە.

بە قسەی ستیفین ئیلاردی نوسەری چارەسەری خەمۆکی، خەمۆکی کەسەکە بێبەش دەکات لە خەو، وزە، توانای تەرکیز، یادەوەری، ئارەزوی سێکسی و توانای بنچینەییان بۆ ئەزموونکردنی خۆشی لە ژیاندا. دەتوانێت خواستی کەسەکە لەناوبەرێت بۆ خۆشەویستی، ئیشکردن، یاری و تەنانەت ویستی ژیانیش. ئەگەر بێ چارەسەر بمێنێتەوە دەکرێت زیانی درێژخایەن بە مێشک بگەیەنێت.

خەمۆکی بەشێوەیەک سوڕی کارەبایی ئازاری ناو مێشک زیاد دەکات کە نەخۆشە دەروونییەکانی پێی دەڵێن ئەشکەنجەدان، ناڵاندن، و چەوساندنەوە. وەک لە سیمینارەکەیدا لە تێددا وتی، “زۆرێک وەک ڕێگایەکی دەربازبوون سەیری مردن دەکەن.”

بەڵام خەمۆکی نەخۆشییەکی سرووشتی نییە. بەشێکی مرۆڤ نییە ڕێگەی لێنەگیرێت. ئیلاردی لەو باوەڕەدایە وەک زۆر نەخۆشی تر، خەمۆکی نەخۆشی شارستانیەت بێت. نەخۆشییەک بەهۆی زۆری فشاری دەروونی شێوازی ژیانی نوێوە بێت کە لەگەڵ پەرەسەندنی بۆماوەییماندا نەگونجێت.

خەمۆکی دەرئەنجامی کاردانەوەیەکی درێژخایەنە بۆ سترێس. وەک ئیلاردی پێی دەڵێت وەڵامدانەوەی مێشک بۆ سترێس، هاوشێوەی وەڵامدانەوەی شەڕکردن یان فڕینی مەترسی جەستەیی، کە بەشێک بووە لە پەرەسندن و یارمەتی باوباپیرانمانی داوە کاتێک ڕووبەڕووی دڕندەیەک یان مەترسییەکی تری جەستەیی بوونەتەوە. کاردانەوەی مێشک بۆ سترێس پێویستی بە چالاکی جەستەیی قورس بووە بۆ چەند چرکەیەک – چەند خولەکێک، یان لە هەندێک حاڵەتی قورسدا چەند کاتژمێرێک.

وەک ئیلاردی دەڵێت، “کێشەکە ئەوەیە بۆ زۆر کەسی جیهانی خۆرئاوا، کاردانەوەی مێشک بۆ سترێس بۆ چەند هەفتەیەک، مانگێک و تەنانەت ساڵیش بەردەوام دەبێت، و کاتێک ئەوە دەکات زۆر ژەهراوی دەبێت بۆ مێشک و لەش.”

هەروەها دەڵێت، ژیان لەژێر بارودۆخێکی پڕ سترێسی بەردەوامدا وەک زۆرێک لە مرۆڤەکانی سەردەم تێکدەرە بۆ ماددە کیمیاییە دەمارییەکانی وەک دۆپامین و سیرۆتۆنین، کە دەبێتە هۆی تێکچوونی خەوتن زیان گەیاندن بە مێشک، تێکدانی کۆئەندامی بەرگری و هەوکردن.

شارستانیەت نەخۆشییە

زانایانی بڵاوبوونەوە و هۆکاری مەترسی نەخۆشی ژمارەیەکی زۆر نەخۆشییان دیاریکردووە کە بەهۆی سترێسەوەیە و پێی دەڵێن “نەخۆشییەکانی شارستانییەت” – وەک شەکرە، چەوریگرتنی خوێنبەرەکان، ڕەبووە، هەستیاری، قەڵەوی و شێرپەنجە. ئەم نەخۆشییانە زۆری پەرەسەندووە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، بەڵام هیچ بوونی نییە لە نێو خەڵکە ئەبۆریجنە سەردەمییەکانی ئوسترالیا.

لە توێژینەوەیەکدا لەسەر دوو هەزار ئەبۆریجنی کالولی پاپوا نیو گینی، تەنیا یەک کەس تەندروستی دەروونی کەمێک نزیک بۆتەوە لە خەمۆکی. بۆچی؟ چونکە شێوازی ژیانی کالولییەکان زۆر نزیکە لە شێوازی ژیانی باوباپیرە ڕاوچییە کۆکەرەوەکانیان، شێوازێکی ژیان کە دوو ملیۆن ساڵی خایاندوە پێش داهێنانی کشتوکاڵی.

وەک ئیلاردی دەڵێت، لەسەدا ٩٩.٩ی ئەزموونی مرۆڤایەتی لە چوارچێوەی ڕاوکردن و کۆکردنەوەدا بوو. “زۆربەی فشارەکانی کە جینەکانی ئێمەی درووستکردووە و شێوەی پێداون بۆ ئەو شێوازی ژیان و ژینگەیە گونجێندراوە.”

بەراورد بە سێ ملیۆن ساڵ لە بوونی مرۆڤ، لەو کاتەوەی مرۆڤی هۆمۆ هابیلیس بۆ یەکەمجار دەستیانکرد بە بەکارهێنانی ئامرازی بەردین، مرۆڤ بە گۆڕانکاری ژینگەیی خێرادا ڕۆشتووە لە داهێنانی کشتوکاڵییەوە لە ١٢,٠٠٠ ساڵ لەمەوبەرەوە. و لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا، لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازییەوە، مرۆڤی سەردەم ناچاربووە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو شتەی ئیلاردی پێی دەڵێت “گۆڕانکاری ژینگەیی ڕیشەیی.”

لەکاتێکدا ژینگەکەمان گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە، جینەکانی مرۆڤ هێشتا هەمان ئەو جینانەیە کە ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر مرۆڤ هەیبووە. وەک ئیلاردی دەڵێت. “ئەوە تەنیا هەشت نەوە مرۆڤ دەکات. کاتێکی پێویست نییە بۆ خۆگونجاندنێکی جینی پێویست.”

وەک دەڵێت، “نەگونجانێکی بەرچاو هەیە لەنێوان جینەکانی هەڵمانگرتووە، لەش و مێشکەکەی درووستی دەکەن، لەگەڵ جیهانەکەی چواردەورمان”. ” قەت لەشمان بۆ ئەوە دروستنەکراوە لە ژیانێکدا بین ڕاهاتوو بین لەسەر دانیشتن، لە ناوماڵدا بین، دابڕاو بین لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، لەسەر خواردنی خێرا ڕاهاتبێتین، و کەم بخەوین.”

چارەسەرەکەی

هەرچەندە بە تەواوەتی دژی دەرمان نییە، ئیلاردی دەڵێت دەتوانین هەرچی دەرمانی جیهان هەیە بیگرینە ئەو بەربڵاوییەی خەمۆکی، و هیچ لە بەربڵاوییەکەی کەم ناکاتەوە.

بەکارهێنانی دژە خەمۆکی بەڕێژەی لەسەدا ٣٠٠ زیادیکردووە لە ٢٠ ساڵی پێشوودا، بەڵام ڕێژەی خەمۆکی بەردەوام بووە لە زیادکردن. لە نۆ ئەمریکی یەکێکیان لە سەروو ١٢ ساڵەوە دەرمانی دژەخەمۆکی وەردەگرێت، و لە پێنجیان یەکێکیان لە خاڵێکی ژیانیدا بەکاریهێناوە.

وەک ئیلاردی دەڵێت وەڵامەکە گۆڕینی شێوازی ژیانە، و ئەنجامەکانی پرۆگرامە شەش هەنگاوییەکەی زۆر لەوە سەرکەوتووتر بووە کە خەونی پێوە بینیوە:

١. وەرزشکردن

٢. چەوری ئۆمیگا سێ

٣. تیشکی خۆر

٤. خەوتنی پێویست

٥.چارەسەری دژە زۆر بیرکردنەوە

٦. پەیوەندی کۆمەڵایەتی

لە سیمینارەکەیدا، تیشکی خستە سەر گرنگی وەرزش و پەیوەندی کۆمەڵایەتی، چونکە ئەو دووانە قورسترین بەشی پرۆگرامەکان بۆ ئەمریکییەکانی ئەم سەردەمە.

وەرزشکردن ‘سرووشتی نییە’

ئیلاردی دەڵێت ئەنجامەکانی وەرزش لەسەر خەمۆکی ئەوەندە بەهێزن ئەگەر بچووکی بکەیتەوە بۆ حەبێک، دەبێت بە گرانترین حەبی سەر زەوی. کێشەکە ئەوەیە لەسەدا ٦٠ی ئەمریکییە پێگەشتووەکان هیچ چالاکییەکی جەستەیی بەردەوامیان نییە. ئیلاردی دەڵێت هەڵەی خۆیان نییە. لەنێوان ماوەیەکی زۆر لە کارکردن و بەرپرسیارێتییەکانی ماڵ و خێزان، کێ کات یان وزەی پێویستی دەبێت بچێت بۆ هۆڵی وەرزشکردن؟

ئیلاردی دەڵێت نهێنییە پیسە بچووکەکە لەسەر وەرزشکردن ئەوەیە کە “سرووشتی نییە.”  لەشمان بۆ ئەوە درووستکراوە لەڕووی جەستەییەوە چالاک بین “لە خزمەتی ئامانجەکانی ژیان کە لەشمان گونجاوە بۆی،” نەک وەک مشکی تاقیگە لەسەر تایەیەک ڕابکەین.

ڕاوچییەکان و کۆکەرەوەکان ڕۆژانە چوار کاتژمێر یان زیاتر چالاکی جەستەییان دەبێت، بەڵام ئەگەر لێیان بپرسیت دەڵێن وەرزش ناکەین. ئیلاردی دەڵێت “ئەوان وەرزش ناکەن. وەرزشکردن کارێکی شێتانەیە بەلایانەوە. ئەوان دەژین.”

هەروەها دەشڵێت “کاتێک مشکێکی تاقیگە دەخەیتە سەر ئامێری ڕاکردن… لەسەر قاچەکانی دائەنیشێت، و ئامێری ڕاکردنەکە کە دەست پێدەکات تووکەکەی پشتی و قاچی لێدەکاتەوە”. “کاتێک سەیری ئامێرێکی وەرزشکردن دەکەیت، بەشێکی مێشک هاوارت بۆ دەکات ‘ئەوە مەکە! بە هیچ ناگەیت!'”

ئەگەر نەتوانی بچیت بۆ کۆکردنەوەی خواردن و میوەی خۆت یان ڕاوکردنی گۆشتی خۆت، ئیلاردی پێشنیاری پیاسەیەکی خێرا دەکات لەگەڵ هاوڕێیەکت. دەڵێت، پیاسەکردن بۆ سی خولەک، سێ جار لە هەفتەیەکدا، کاریگەری زیاتری هەیە لەسەر خەمۆکی وەک لە دەرمانی سێرترالین.

پەیوەندی کۆمەڵایەتی

هۆکارێکی تری گەورەی خەمۆکی سەردەم نەبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتییە لەناو نەخشەی خێزانی ئەم سەردەمەماندا. وەک ئیلاردی دەڵێت، “پەیوەندی ڕووبەڕوو لەگەڵ خۆشەویستەکانماندا کەمێک لە فشاری دەروونیمان دەڕەوێنێتەوە.”

کێشە ئەوەیە پەیوەندی ڕووبەڕوومان کردووە بە پەیوەندی شاشەکان. “باوپایرانمان کە ڕاوچی و کۆکەرەوە بوون زۆربەی کاتەکانی ڕۆژەکەیان لەگەڵ خۆشەویستەکانیان بەسەر بردووە.”

بەداخەوە نەخۆشی، بە نەخۆشی دەروونیشەوە، وا لە خەڵک دەکات خۆیان جیا بکەنەوە، ئەوەش خەمۆکییەکە خراپتر دەکات.

ئیلاردی دەڵێت، “بەرگری بکە بۆ ویستی خۆدوورخستنەوەکە.” ” چونکە کاتێک نەخۆش دەبیت، لەشت پێت دەڵێت بکوژێیتەوە و دووورکەویتەوە. بۆ نەخۆشییەکی درم ئەوە خۆگونجاندنە. کاتێک خەمۆکیت دەبێت، ئەوە خراپترین شتە لە جیهاندا کە بیکەیت.”

گەڕانەوە بۆ سرووشت و ژیانی خێڵەکی

ئەوەی ئیلاردی لە سیمینارەکەی تێددا باسی نەکرد ئەوەیە کە چارەسەرەکەی بۆ خەمۆکی چەند قورسە بۆ مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە. بێگومان، هەموومان حەز بە هەوایەکی پاک، تیشکی خۆر، وەرشی پێویست، خواردنی باشتر، خەوی باشتر، ئیشی ئاسانتر، و کاتی زیاتر لەگەڵ خۆشەویستەکانمان دەکەین، بەڵام کێ کاتی هەیە بۆ هەموو ئەوە؟

من لێرەیا گیرم خواردووە بەدیار شاشەیەکەوە لەسەری دەنوسم لە هەوڵمدا بۆ ئەوەی بژێوی ژیانم دابین بکەم، و زۆرێک لە ئێوە کاتتان نییە بۆ خوێندنەوەی ئەم نوسراوە چونکە خۆتان هەفتانە ٥٠ کاتژمێر زیاتر کارتان هەیە. لەکاتێکدا، ئیشی ڕاوکردن و کۆکردنەوە هەفتەی بەتێکڕا ١٧ کاتژمێرە. لەم جیهانەدا، بەدڵنیاییەوە ناتوانین واز لە کارەکانمان بێنین بۆ ئەوەی سترێسمان کەمتر بێت، چونکە کێشەی دارایی سترێسی زیاترمان تووش دەکات.

بە بۆچوونی من، وەڵامەکە لە هەنگاوەکانی مناڵییەوەیە. هەنگاوەکانی مناڵی پشت نەبەستن بە شارستانییەت، و بەرەو سرووشت، و توانا سرووشتییەکان، و شێوازێکی ژیانی بەکۆمەڵی خۆڕاگرتوو وەڵامەکەیە. ئەمانە ئەو شتانەن بەنیازم زیاتر لەسەری فێربم لەکاتی بنیاتنانی ئەم ماڵپەڕە. بەپەرۆشم ئەوەتان لەگەڵ هاوبەش بکەم کە فێری دەبم، و هیوادارم ئێوەش هاوبەشم بکەن لە زانیارییەکانی خۆتان.