ئەو کەسانەی شەوانە زیاتر لە حەوت کاتژمێر دەخەون، تەمەنیان درێژترە

هاوبەشی پێبکە

ئەو کەسانەی شەوانە زیاتر لە حەوت کاتژمێر دەخەون، تەمەنیان درێژترە

لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر خووەکانی خەوتن کراوە و زیاتر لە یەک ملیۆن بەشدارییان تێیدا کردووە و ماوەی شەش ساڵی خایاندووە، وا دەردەکەوێت کە ئەو بۆچوونە پووچەڵ دەربچێت کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد؛ بۆ تەندروستییەکی باش، شەوانە هەشت کاتژمێر خەو پێویستە. لەو توێژینەوەیەدا ئەو کەسانەی کە شەش یان حەوت کاتژمێر خەوتبوون، لەچاو ئەو کەسانەی کە بەردەوام هەشت کاتژمێر، یان کەمتر لە چوار کاتژمێر خەوتوون، کەمترین ڕێژەی مردنیان تێدا تۆمار کراوە.

توێژینەوەکە لەسەر کەسانی پێگەیشتووی ٣٠ بۆ ١٠٢ ساڵ کراوە و کۆمەڵێک توێژەری زانکۆی کالیفۆرنیا و کۆمەڵگەی شێرپەنجەی ئەمریکا و بەشی پزیشکی زانکۆی سان دیاگۆ کردوویانە. توێژینەوەکە لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٨ بەردەوام بووە، بەڵام ئەنجامی توێژینەوەکە تازە بڵاو کراوەتەوە، چونکە داخڵکردنی زانیاریی 1.1 ملیۆن کەس و شیکردنەوەی ئەو هەموو زانیارییە، کاتێکی زۆری پێویست بووە

(Archives of General Psychiatry 2002:59:134-6). بەڵام ئەم توێژینەوەیە ئەوە ڕوون ناکاتەوە کە بۆچی پەیوەندی لەنێوان خەوێکی زیاتر و ڕێژەی مردن هەیە.

سەرپەرشتیاری یەکەمی ئەم توێژینەوەیە کە دکتۆر دانیاڵ کریپکیی پڕۆفیسۆری دەروونپزیشکییە و پسپۆڕی توێژینەوەکانی بواری خەوە، دەڵێت: “ئێمە لەوە دڵنیا نین کە زۆرخەوتن دەبێتە هۆی مردن. ئێمە پێویستمان بە توێژینەوەی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بزانین کە زووتر هەستانت دەبێتە هۆی باشتربوونی تەندروستیت. بەڵام ئەو کەسانەی شەوانە شەش کاتژمێر و نیو دەخەون، دەتوانن دڵنیابن لەوەی ئەوە بڕێکی تەندروستە و لە ڕووانگەی تەندروستییەوە هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ ئەوەی زیاتر بخەوین.”

ئەم توێژیژینەوەیە لە کۆمەڵگەی شێرپەنجەی ئەمریکی، وەک کۆمەڵێک توێژینەوەی دووەمی بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە کراوە. ئەو بەشداربووانەی کە جاربەجارێک کەمخەویان هەبووە، ڕێژەی مردن تێیاندا بەرز نەبووە، بەڵام ئەو کەسانەی کە حەبی خەویان خواردووە، ئەگەری مردن تێیاندا بەرزتر بووە.

توێژەران دەڵێن: “زۆربەی ئەو نەخۆشانەی کە دێن و سکاڵا لە بێخەوییان دەکەن، خەویان لەو ڕیژەیەدایە کە کێشەی خەویان نییە.”

ئەم توێژینەوەیە یەکەم توێژینەوەی زۆر بەرفراوانە لەسەر خەو کە بەراوردی نێوان ئەو کەسانەی کردووە کە تەمەن و خۆراک و ڕاهێنان و کێشەی تەندروستی و کارە ناتەندروستەکانی وەک جگەرەکێشانیان، زۆر لەیەکتر نزیکە. دکتۆر کریپکی گوتی: توێژینەوەکانی پێشووتریش ئاماژەیان بەوە داوە کە زۆرخەوی و کەمخەوی ئەگەری مردن زیاد دەکەن، بەڵام هیچکام لە توێژینەوەکان ئەوەندە بەرفراوان نەبوون کە جوازی نێوان حەوت کاتژمێر خەوتن و هەشت کاتژمێر خەوتنیان تێدا دەر بکەوێت.

لەم توێژینەوەیەدا باشترین ڕێژەی مانەوە لەو کەسانەدا بووە کە حەوت کاتژمێر خەوتبوون. ئەو کەسانەی کە هەشت کاتژمێر دەخەوتن، لە ماوەی شەش ساڵی توێژینەوەکەدا، ڕێژەی مردن تێیاندا 12% زیاتر بوو لەو کەسانەی کە حەوت سەعات دەخەوتن، لەکاتێکدا فاکتەرەکانی دیکەیان وەک یەک بوو. تەنانەت ئەو کەسانەی ماوەی پێنج سەعات دەخەوتن، زۆرتر دەژیان لەو کەسانەی کە هەشت سەعات یان زیاتر دەخەوتن.

ناوەندە تەمەنی ئەو کەسانەی کە لەتوێژینەوەکەدا بەشدار بوون، ژنان 57 ساڵ و پیاوان 58 ساڵ بوون. لەماوەی شەش ساڵدا، 5.1% ی ژنان و 9.4% ی پیاوان مردن. هۆکارەکانی مردنیش وەک هۆکارەکانی مردن بوو لە کۆمەڵگەیەکی ئاساییدا.