کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک

هاوبەشی پێبکە

کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک: گۆڕانکارییەکی بچووک کە یەکسانە بە کاریگەرییەکی گەورە و پاشەکەوتێکی باش

کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک: گۆڕانکارییەکی بچووک کە یەکسانە بە کاریگەرییەکی گەورە و پاشەکەوتێکی باش

ڕەنگە وەک ماڵی ئەمریکییەکان، بەفرگرەکەی ماڵی ئێوەش لەجیاتی سکی ئەندامانی خێزانەکەت، تەنەکەخۆڵەکە تێر بکات. چەند جار میوەی گەنیو و خۆراکی لەقتونراوی خراپبوو و کەڕوولێدراوت لە بەفرگرەکەدا دۆزیوەتەوە؟ ئەی ئەو هەموو نانە کۆن و میوە خراپبووەی کە لەسەر کەوانتەری چێشتخانەکە بینیوتە؟ ئەی ئەو هەموو عەلاگە مریشکەی کە بەهۆی داواکردنی خواردنی دەرەوە لەلایەن ئەندامانی خێزانەکەتەوە، بوون بە سەهۆڵ؟ بێگومان بەفیڕۆدانی خواردن تەنها فڕێدانی خواردنی ناو ئەو دەفرە نییە کە منداڵەکانت دەیبەن بۆ قوتابخانە.

زۆرێک لە دایک و باوکان کاتێک خۆراک بەفیڕۆ دەدرێت، هەست بە تاوان دەکەن، بەڵام نازانن ئەم دەردە پەیوەندی بە کێشەیەکی گەورەترەوە هەیە. لە کتێبێکی ئەم دواییانەی جۆناسان بلوومدا بە ناوی: ‘زەویی زبڵی ئەمریکییەکان: چۆن ئەمریکییەکان نیوەی خۆراکەکانیان فڕێ دەدەن، دەڵێت: “هەموو ڕۆژێک لە ئەمریکا هێندەی یاریگەی ڕۆز بۆوڵ خۆراک بەفیڕۆ دەدرێت.” سەرباری ئەوەش لە ساڵی ١٩٧٤ەوە، ڕێژەی فڕێدانی خۆراک بۆ هەر تاکێک بووە بە دووئەوەندە. لەڕاستیدا هەر لە کێڵگەکانەوە تا سفرەکان، لە هەموو پڕۆسەیەکدا خۆراک بەفیڕۆ دەدرێت، بەڵام بلووم باس لەوە دەکات کە ماڵەکان بەشێکی سەرەکین لەم بەفیڕۆدانە.

کاتی فارملاند کە دایکە و نووسەری کتێبێکی چێشتلێنانیشە دەڵێت: “دوو ساڵ لەمەوبەر، من و خێزانەکەم بۆ ساڵی نوێ بڕیاری ئەوەمان دا کە خواردنێکی کەمتر بەفیڕۆ بدەین، چونکە هەستمان بەوە کردبوو کە خواردن زۆر فڕێ دەدەین.” دواتر لەو وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی ئەوەندە خۆراک بەفیڕۆ دەدەین؟ دەڵێت: “خەڵکی بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەو خواردنەی دەیخۆن لەکوێوە دێت و وا دەزانن تەنها دووکانەکە دروستی کردووە. ئەوان ئاگایان لەوە نییە کە هێزی مرۆیی و کۆمەڵێک سەرچاوەی دیکە بۆ گەشەکردن و ئامادەکردنی ئەو خۆراکە وەبەرهێنراون”. هەروەها دەڵێت: “زۆرجار لە ئەمریکا، ئەوەندە خۆراکمان هەیە، بەجۆرێک ئەو شلکەی کە دەیکڕین، هێشتا نیوەیمان نەخواردووە، هەفتەی داهاتوو دەچین قاپێکی دیکەی تازە دەکڕین.”

جێنی لیۆن کە کەسایەتییەکی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانە لە فلۆریدا، ڕەخنە لەو شێوازە ژیانە ناڕێکوپێکە دەگرێت کە خێزانەکان هەیانە و دەڵێت: “کاتێک دەچیت بۆ بازاڕ و لە خۆت دەپرسیت، ‘نازانم، ئەو خواردنەمان ماوە یان نا؟ ئینجا بە گومانەوە دەیخەیتە ناو سەبەتەکەوە و دواتر دەزانیت کە لە ماڵەوە لێی بووە؛ ئەم ڕەفتارە زیادەڕەوییە لە کڕیندا و دەبێتە هۆی بەفیڕۆدان.”

هەواڵە زۆر خراپەکەش لەم باسەدا ئەوەیە کە بەفیڕۆدانی خۆراک کاریگەری زۆر خراپی لەسەر ژینگە هەیە. با یەک مریشکی بەستوو بە نمونە وەربگرین؛ ئەگەر مریشکەکە نەخورێت ئەوە تەنها مریشکەکە بەفیڕۆ نەچووە، بەڵکو ئالیکەکەی و ئاو و ئەو سووتەمەنییەش بەفیڕۆ چووە کە لەناو پڕۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەیدا بەکار هێنراوە، پاشان هەندێک وزەش لە فڕێدانیدا خەرج دەکەین، کاتێکیش فڕێی دەدەین و خراپ دەبێت، بڕێک لە گازە پیسکەرەکان دەخاتە ناو هەواوە. یان وەک ئەوەی بلووم دەیڵێت: “گۆڕانی کەشوهەوا لە چێشتخانەی ناو ماڵەکەتانەوە دەست پێ دەکات.”

دەزانم ئێستا زۆر دڵپڕیت و دەڵێیت چۆن ئەم ڕووبەڕووی ئەم کێشانە ببینەوە؟ بەڵام دڵپڕ مەبە؛ چارەسەرکردنی کێشەی بەفیڕۆدانی خۆراک هەم کارێکی نەکردە نییە و هەم ڕێگەیەکی زۆر کاریگەریشە بۆ ئەوەی کەسێک لە گۆڕانکارییەکاندا بەشدار بێت. لیۆن دەڵێت: “ئەم کارە چەندین تەن پارەت بۆ دەگەرێنێتەوە.” دەبێت چەندێک بێت؟ لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییەی یەکەی پاراستنی سەرچاوە نەتەوەییەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە خێزانە ئەمریکییەکان بەتێکڕا ساڵانە 2,275 دۆلار لەو خواردنانەدا خەرج دەکەن کە نایخۆن!

دەتوانیت بەم جۆرە لە پاراستنی ژینگەدا بەشدار بیت:

بەئاگاییەوە شت بکڕە

  • تەماشای بەفرگرەکەی ماڵەوە بکە و بزانە چیتان هەیە و چیت پێویستە.
  • لەسەر دەرگای بەفرگرەکەت لیستێک بۆ ئەو شتانە دروست بکە کە تەواو بوون.
  • لیستێک بۆ پلانی خۆراکی هەفتانە و پێداویستییە لاوەکییەکانت دابنێ و بەپێی ئەو لیستە شتەکان بکڕە. بۆ نمونە ئەگەر بۆ ژەمێک یەک گێزەرت پێویستە، بیر لەوە بکەرەوە کە ئەوەی دیکە چۆن بەکار بهێنیت.

 

ڕێکخستنی ژەمەکان

  • بیخەرە فرێزەوە: لە سەرەتای هەفتەدا خواردن بەشی هەفتەکە لێبنێ و بیخەرە فرێزەرەوە، هەروەها ئەو خواردنە بخەرە فرێزەرەوە کە ماوەتەوە و نەخوراوە، ئەمە کاتیشت بۆ دەگەڕێنێتەوە و زووزوو خواردن ئامادە ناکەیت.
  • ئەو شتانەی ماوەتەوە بەزیرەکی بەکاریان بهێنە: بۆ نمونە ئەگەر کۆمەڵێک شیلکت هەبوو کە خەریکبوو خراپ ببێت، بیکە بەشەربەت، یان لە ئامادەکردنی خواردنێکی دیکەدا بەکاری بهێنە. یان ئەگەر سەوزە یان گێزەر و پەتاتەت زۆر بوو، بیانکە بە شۆربا.
  • تێگەیشتن لە بەسەرچوون: هەندێکجار بەرواری بەسەرچوونی شتەکان تەنها ڕێنمایین و مەرج نییە خواردنی باش و تەندروست ڕەنگی زۆر جوان و ئاڵ بێت. نانی کۆن (ئەگەر کەڕوو لێی نەدابێت) بۆ دروستکردنی نانی برژاو بۆ شۆربا و تۆست زۆر گونجاوە، ئەو مۆزانەش کە قاوەیی بوون، دەتوانیت نانی مۆزیان پێ دروست بکەیت، هەروەها دەتوانیت گەڵا قاوەییەکانی کاهوو و بەشە تەپیوەکانی سێو لێبکەیتەوە و ئەوی دیکەی بخۆیت.

پاشماوەکان بەکار بهێنە

  • کۆمپۆست دروست بکە: تێکەڵەیەک لە ماددە ئەندامییەکانی وەک: پاشماوەی چێشتخانە و گەڵاوگۆڵ و دروست بکە. فارماند دەڵێت کە پاشماوەی خۆراک بۆ دروستکردنی پەین بۆ گوڵ و سەوزەی ناو باخەکەی بەکار دەهێنێت. تۆش بۆ فێربوونی ئەمە پرس بە کەسێکی شارەزا بکە یان ئامێرێکی کۆمپۆستکردن بەکار بهێنە.

کاری هەرەوەرزی

تیمی ژینگەپارێزی ماڵەوە: دەکرێت هەموو ئەندامانی خێزانەکەت لە کارکردن  بۆ کەمکردنەوەی پاشماوەدا بەشداربن. لیۆن دەڵێت ئەو توانیویەتی بەهای ژینگەپارێزی لە کوڕە یازدە ساڵەکەیدا بچێنێت و دەڵێت: “ئەو هەرکاتێک خواردنێک بکات بە بەرماوە، دواتر هەڵیدەگرێت و وەک سووکەژەمێک دەیخوات.”