ڤایرۆسی کۆرۆنا: ئەوەی هێشتا نایزانین لەسەر کۆڤید-١٩

هاوبەشی پێبکە

هەست ئەکەیت ماوەیەکی زۆر بێت، بەڵام لە کانوونی یەکەمی پێشوەوە جیهان ئاگاداری ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتەوە.

سەرەڕأی هەوڵە زۆرەکەی زانایان لە سەرانسەری جیهاندا، هێشتا زۆر شت هەن لێیان تێناگەین، و هەموومان بەشێکین لە تاقیکردنەوەی سەرانسەری زەوی بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکان.

ئەمانەش هەندێکن لە دیارترین پرسیارەکان.

١. چەند کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون

یەکێکە لە بنچینەییترین پرسیارەکان، بەڵام گرنگترینیشیان. سەدان هەزار کەیسی دووپاتکراوە هەیە لە جیهاندا، بەڵام ئەمە تەنیا بەشێکی کۆی گشتی تووشبووەکانە. و وێنەکان زیاتر شێواون بە ژمارە زۆرەکەی نەخۆشە بێ نیشانەکان – ئەوانەی ڤایرۆسەکەیان گرتووە بەڵام هەست بە نەخۆشی ناکەن.

پەرەدان بە پشکنینێک بۆ دۆزینەوەی دژەتەنی لەش دژی ڤایرۆسەکە یارمەتی توێژەرەوەکان ئەیات بزانن ئایا کەسێک ڤایرۆسەکە لە لەشیا هەبووە یان نا. تەنیا ئەوکاتە تێئەگەین ڤایرۆسی کۆرۆنا چەندێک دوور یان چەندێک بە ئاسانی بڵاو ئەبێتەوە.

 ٢. لە ڕاستیدا چەندێک کووشندەیە

هەتا ئەوکاتەی ئەزانین بەڕاستی چەند تووشبوو هەیە، مەحاڵە دڵنیابینەوە لە ڕێژەی مردن. لەم ساتەدا خەمڵێنراوە کە نزیکەی %١ی ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەکە ئەبن ئەمرن. بەڵام ئەگەر ژمارەیەکی زۆری نەخۆشی بێ نیشانە هەبێت، ئەکرێت ڕێژەی مردنەکە نزمتر بێت.

 ٣. مەودای تەواوەتی نیشانەکان

نیشانە سەرەکییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تا و کۆکەی وشکە – ئەمانە ئەو نیشانانەن کە پێویستە بۆیان بگەڕێیت.قوڕگ ئێشە، سەرئێشە و سکچوونیش لە هەندێک نەخۆشدا هەبووە و هەروەها گومانیش هەیە کە لەوانەیە لە هەندێکدا بووبێتە هۆی لەدەستدانی هەستی بۆنکردن.

بەڵام گرنگترین پرسیار ئەوەیە ئایا نیشانە سووکەکانی وەک هەڵامەت، ئاوکردنی لووت یان پژمین، لە هەندێک لە نەخۆشەکاندا هەیە.

توێژینەوەکان پێشنیاری ئەوە ئەکەن ئەمە ئەگەرێکە و لەوانەیە خەڵک توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیان هەبێت بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن کە ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندایە.